دادگایی کردنی ئیبراهیمی کاکە حەحە، دادگایی کردنی داخوازییەکانی خەڵکی کوردستانە

Friday, 27/01/2012, 12:00






بەپێی هەواڵەکان وا بڕیارە ڕۆژی (١/٢/٢٠١٢) یەکەم دادگایی ئیبراهیمی کاکە ئەحە بەڕێوە بچێت، ئیبراهیمی کاکە ئەحە لە خۆپیشاندانی (٢٢/٣/٢٠١١) لە هەڵەبجە بە سەختی بریندار دەکرێت و لە ڕۆژی (٢٧/٩/٢٠١١) لە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە دەسگیر دەکرێت.
ئەگەر دەسگیرکردنی ئیبراهیمی کاکە ئەحە و دادگایی کردنی چەندین هەڵسوڕاوی خۆپیشاندانەکانی (١٧ شوباتی ٢٠١١) و ڕۆژانی دوایی، بۆ چاوترسێنی و سەرکوت کردنی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستان بوبێت، ئەوا پیلان و سیناریۆکانی دەسەڵاتدارانی کوردستان بۆ دادگایی کردنی ئیبراهیمی کاکە ئەحە مەعناو مەغزایەکی گەورەتر دەدات بە دەستەوە.
دەسەڵاتداران دەیانەوێت لە ڕێگای دادگاوە، لەژێر ناوی یاساوە، لەشانۆگەری دادگایی کردنی ئیبراهیمی کاکە ئەحەوە، پەیامێکی ترسناک ئاڕاستەی خەڵکی کوردستان بکەن، دەسەڵاتداران دەیانەوێت بە دادگایی کردنی ئیبراهیمی کاکە ئەحە ناڕەزایەتی و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان دادگایی بکات، دەسەڵاتداران دەیانەوێت لە ڕێگای داتاشینی تاوان و تۆمەتی ناواقیعیەوە، بەخەڵکی کوردستان بڵێت کە دادگاکانمان وەک هێزە چەکدارەکانمان لەسەنگەردان بەرانبەرتان، زیندانەکانمان دەرگاکانی کراوەیە بۆ هەڵسوڕاو ئینسانە چالاکەکانتان.
ئەگەر خەڵکی کوردستان بتوانن دادگایی کردنی ئیبراهیمی کاکە ئەحە، بکەنە دەروازەیەک بۆ دادگایی کردنێکی جەماوەری پیلانەکانی دەسەڵات، لە دژی ئازادیخوازان و هەڵسوڕاوانی ناڕەزایەتیەکان، ئەوکاتە خەڵکی کوردستان دەتوانن هەنگاوێک لە ئیرادەنواندن و نیشاندانی هێزی جەماوەری خۆی نزیکتر بێتەوە.
ئێمە بەناوی کەمپینی ئازادکردنی ئیبراهیمی کاکە ئەحەوە، بانگەوازی سەجەم نوسەران، ڕۆشنبیران، دەزگاکانی ڕاگەیاندن، خێزان و کەسوکاری قوربانیەکان، پارێزەران، کۆمیتەو کەمپینەکانی بەرگری لە ئازادی، ڕێکخراوە جەماوەریەکان، ئازادیخوازان، هێز و لایەنە پێشکەوتوخوازەکان دەکەین کە بەهەر شێوازێک بۆیان گونجاوە، گوشار لەسەر دەسەڵاتدارانی کوردستان بەگشتی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە تایبەتی دروست بکەن بۆ ئازادکردنی ئیبراهیمی کاکە ئەحە و کۆتایی هێنان بەم گەمە شەرمهێنەر و سەرکوتگەرانەیە.
داوا لە ڕۆژنامەنوسان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان دەکەین ڕۆژی دادگایی کردنەکە بەگەرمی و بەرپرسیاریەتیەوە ئامادەبن و بەدواچوون بۆ دادگایی کردنەکە بکەن، ئێمە لە دەرەوە بە وریاییەوە چاودێری دادگایی کردنەکەو حوکمی دادوەر دەکەین، لەکاتی هەر پێشێلکارییەک بەرانبەر مافەکانی ئیبراهیم کاکە ئەحە وەک هاوڵاتیەک سەرجەم دەزگا و ڕێکخراوەکان ئاگادار دەکەین.
تێبینی/ شوێنی دادگایی کردن: دادگای سلێمانی، دادگای جینایەت، هۆڵی ژمارە ١
کەمپینی ئازادکردنی ئیبراهیمی کاکە ئەحە
٢٥/١/٢٠١٢

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە