دەبێت بە زووترین کات (ئیبراهیمی کاکە ئەحە) ئازاد بکرێت

Thursday, 13/10/2011, 12:00




)ئیبراهیم کاکە ئەحە(یەکێک لە هەڵسوڕاونی خۆپیشاندانەکانی دوای ١٧ شوبات لە هەڵەبجە، ١٠ ڕۆژ زیاترە لە پۆلیسی سلێمانی دەسگیرکراوە، ناوبراو یەکێکە لەو قوربانیانەی کە بەهۆی بەشداری کردنی لە خۆپیشاندانەکانی هەڵەبجەدا بریندار کراوەو بەشێوەیەکی زۆر توند و ترسناک ڕوبەڕوی لێدان بۆتەوە، بەجۆرێک کە لەلێواری مەرگ گەڕاوەتەوە، هێزە چەکدارەکانی دەسەڵات بەڕۆژی ڕوناک و بە بەرچاوی خەڵکەوە ئەم کارەیان ئەنجامداوە.
ئیستا لەبری ئەوەی کە ئەوانەی هاوڵاتیانیان کوشت، دەزگاکانی ڕاگەیاندن و بارەگای حیزبەکانیان سوتاند، نوسەر و ڕۆژنامەنوسانیان فەلاقە کرد، سەدان کەسیان بریندار کرد، دەسگیربکرێن و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، دەسەڵاتدارانی کوردستان پێچەوانەکەی ئەنجام دەدەن.
لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی حیزبەکانی دەسەڵاتەوە ڕۆژانە باسی چاکسازی و تەسلیم کردنی تاوانباران و بکوژان بە دادگا دەکەن، بەڵام دیارە لە ڕوانگەی (یەکێتی و پارتی)یەوە تاوانبار و بکوژەکان هاوڵاتی و خەڵکن هەر بۆیە (ئیبراهیمی کاکە ئەحە) یان زیندانی کردووە.
دەبێت سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی کوردستان ڕونکردنەوە بدەن، ئایا ئەوەی بریندار دەکرێت، ئیهانە و سوکایەتی پێ دەکرێت، تاوانبارە یان ئەوانەی ئەم ڕەفتارە دژی ئازادییانە ئەنجام دەدەن.
ئێمە بەتوندی دەسگیر کردنی (ئیبراهیمی کاکە ئەحە) ئیدانە دەکەین و داوا دەکەین بە زووترین کات ئازاد بکرێت و داوای لێبوردنی لێ بکرێت، هەمانکات دەبێت قەرەبوو بکرێتەوە لەلایەن ئەو دەزگایانەی دەسگیریان کردووە، بەهۆی ئەوەی لە زینداندا لەژێر گوشاری دەرونیدا بووە، کەمپینەکەمان پێداگری دەکاتەوە لەسەر دادگایی کردنی بکوژان و تاوانبارانی خۆپیشاندانەکانی ١٧ شوبات و ڕۆژانی دوایی، هەروەها هەوڵوکۆششەکانمان دەخەینە گەڕ بۆ کۆتایهێنان بەم پێشێلکاریانە و ئازاد کردنی (ئیبراهیم کاکە ئەحە)
کەمپینی بەرگری لەئازادی و خواستەکانی خەڵکی کوردستان_دانیمارک
[email protected]

 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە