کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کەمخۆراکی و سترێس هۆکارن بۆ لەدایک بوونی زۆرینەی ڕەگەزی نێر

Sunday, 19/02/2012, 12:00



 
وەڵامێک بۆ بابەتە هەواڵی گه‌رمیان، ره‌گه‌زى مێینه‌که‌متر له‌دایک ده‌بن ‌و زۆرتریش ده‌مرن

هەموو زیندەوەرێک لە سەرزەوی خۆی لەگەڵ سروشتدا گونجاندووە و هەستی دەروونی(instinct) لەگیانەوەر بۆ گیانەوەر دەگۆڕێت و بەلای زۆرینەیان هەستە دەروونیەکانیان هەریەکە و بەجۆری خۆی زۆر بەهێزن. مرۆڤیش لەم هەستە دەروونیانە بێبەش نین و لەگەڵ ڕۆژانەیان دان، بەڵام هەستیان پێناکەن لەبەر ئەوەی ئاستی بەرزی هۆشی مرۆڤ جیگایێکی زۆری ئەم هەستە دەروونیانەی گرتۆتەوە. بۆ نموونە ئافرەت کاتژمێرێکی بایەلۆژییان هەیە، مانگانە ئەو هێلکانەی کە کاتیان بەسەردەچن لە لەش فڕێدەدرێنە دەرەوە. ئەگەر تەنیا یەک ئافرەت لەماڵێکدا هەبێت، ئەوە ئەم ئافرەتە کاتژمێرەبایەلۆژییەکەی خۆی لەگەڵ سەری مانگ یان نزیکی دەگونجێنێت بەبێ ئەوەی خۆی بیزانێت،{ ئەمە لە ژێرهۆشەوە (subconscious)ڕوودەدات}، ئەگەر دوو ئافرەت بن و دانویان بەیەکەوە نەکوڵێت ئەوا هەریەکەو بەجیا کاتی خۆیان دیاری دەکەن بەبێ ئەوەی کە هەستی پێ بکەن. ئەگەر دوو ئافرەت یان زیاتر لەیەک ماڵدا بژین و نێوانیان خۆش بێت و سۆزیان بۆ یەکتر هەبێت، ئەوا هەموویان بەیەکەوە زەنگی کاتژمێرەبایەلۆژییەکانیان لێدەدەن و زۆربەی کاتەکانیش نزیکی سەری مانگ دەبێت.

ئەم نموونەیەم لەسەر ئافرەت هێنایەوە لەبەر ئەوە بابەتەکە لەسەر ئافرەت و منداڵ بوونە. لە هەواڵێکی ڕاپۆرتیی چەتر نیوز دا کە لەبارەی منداڵ بوون بڵاو کراوەتەوە و ڕاپۆرتەکە کە پشتی بەستووە بە ستاتستیکی سەردانی نەخۆش بۆ نەخۆشخانەکانی گەرمیان. لەئەنجامی ستاتستیکەکەدا وا دەردەکەوێت کە لەم ناوچەیەدا زۆرینەی منداڵ کە لەدایک دەبن کوڕن و ئەگەر لە ڕەگەزی مێینەش لەدایک بن ئەوا زیاتر لە ڕەگەزی نێرینە توشی مردن دەبن یەک لەهۆیەکان سوتانە.
لەڕاپۆرتەکەدا وادەردەکەوێت کە ڕەگەزی مێینە نەخوازراون، ئەویش دەتواندرێت بخرێتە خانەی ئاستی تێگەیشتنی ئەم خەڵکانەوە. هۆی مانەوەی تێگەیشتنی ئەم مرۆڤانە لەم ناوچەیەدا دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ئاستێکی باشی هۆشیارکردنەوە. ئاستی هەشیارکردنەوە بەوشێوەیەی کە ئەم مرۆڤانە تێبگەیەنرێن کە کۆمەڵگەیەکی سەرکەوتوو هۆیەکەی بوونی هەردوو ڕەگەزی نێرو و مێیە لە یەک ئاستدا و واتێنەگەن کە ئابروویان لە کۆشی ئەفرەتەکانیانە.

هۆکارە سروشتی و دەروونیەکەی: لەدایک بوونی زۆرینەی ڕەگەزی نێر دەگەڕێتەوە بۆ کەمخۆراکی، ئەمیش نیشانەکەی هەژاری و سترێسە.
هۆکارەکەی سترێسە، لەبەر ئەوەی پیاو دەبێت بەیانییان زوو لەخەو ‌هەڵسێت و بۆ کار بچێت، هەندێک کاریان نییە دەچن بۆ گۆڕەپانی کرێکاران بەو هیوایەی کارێکیان دەست کەوێت بۆ بژێوی ژیانی ڕۆژانەیان. هەندێکیشیان دێنە سەرئەم باوەڕە کە ئەگەر بشگەڕێن کاریان دەستناکەوێت، جا هەر لەماڵەوەبن باشترە. بێ کاری، یان کارێکی کە پارەی کەمی تێدابێت وە یان کارێک کە یەکێک هەی بێت و حەزی لێی نەبێت و لەناچاری بیکات، دەبنە هۆی بیرکردنەوەیەکی زۆری نێگاتیڤیانە لەلایەن ئەم کەسانەوە کە ئەنجامەکەی ماندووبوونی دەروونییە، سترێسە. لەلێکۆڵینەوەی ئەم ساڵانەی دوواییدا دەرکەوتووە کە لەسەدا ٩٥ ی نەخۆشیە دەروونیەکان و شێرپەنجە و تا و کۆکە و هەڵامەت و ئێلەرگی و کێشەی خێزانی و هی تریش دەگەڕێنەوە بۆ هەبوونی سترێس، وە ئەو نەخۆشیانەی کە زگماک لە دایکیان یان باوکیان بۆیان ماوەتەوە لە سەدا (٥) ەکەی تەواو دەکەن، کە ئەوانیش ئەم نەخۆشیانەیان بەهۆی سترێسەوە وەرگرتووە.
نەبوونی خۆراکێکی باش کە مرۆڤ بتوانێت ڕۆژانە بیخوات دەبێتە هۆی سستی لەشی ئەم مرۆڤە، کە لە داهاتوودا دەبێتە نەخۆشی.
ئەم مرۆڤانەی کە ژیانیان خۆشە و دەرامەتی ئەوەیان هەیە کە ڕۆژانە گۆشت بخۆن بەتایبەتی گۆشتی سوور، زۆربەی جار منداڵی کچیان دەبێت. ئەوانەش کە ژیانیان باشە و توانای کڕینی هەموو جۆرێکی خۆراکیان هەبێت و دایەتێکی بەسوود و ڕاستەقینە بۆ خۆیان دابنێن، گۆشت ناوە ناوە بخۆن بەڵام سەوزە و میوەی بەسوود زیاتر بخۆن، ئەوا نیوەی منداڵەکانیان کوڕ و نیوەکەی تریشیان کچ دەبن.

هۆکارە سروشتی و بایەلۆژییەکەی: کە ئافرەت کەم بخوات منداڵەکەی کوڕ دەبێت، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو میکانیزمەی کە پێی دەڵێن هەستی دەروونی. ئافرەت کە تازە زگی دەبێت و تاماوەی نزیکەی ٧ تا ٨ هەفتە خۆراکی کەم بێت جا لەبەر نەبوونی بێت یان هەر ئەم ئافرەتە خۆی وابێت و خۆراک کەم بخوات، میکانیزمی هەستی دەروونی سیگناڵ بۆ کۆرپەکە دەنێرێت تا پرۆسەی گەشەکردنەکە بۆ لای ڕەگەزی نێر بروات، چونکە ڕەگەزی نێرینە باشتر خواردن لەناو زگی دایک ڕادەکێشێت.
لەبەرچی هەستی دەروونی ئەم کارە دەکات؟ لەبەر ئەوەی ئەم میکانیزمە بەم جۆرە پڕۆگرام کراوە کە ئەگەر گوزەران خۆش و لەبار نەبوو، دەبێت ڕەگەزەکە نێر بێت بۆ ئەوەی کە لەدایک بوو بگەڕێت و خۆراک پەیدا بکات بۆ دابینکردنی ژیانێکی خۆش بۆ دووا ڕۆژ. هەروەها لەبەر ئەوەی کە ڕەگەزی نێر بەهێزترە و بەرگەی برسێتی و نەهامەتی دەگرێت. ئەمە نەک هەر تەنها لەمرۆڤداهەیە بەڵکوو لەزۆربەی گیانلەبەرانیتریش داهەن.

دەتواندرێت هۆکاری لەدایک بوونی ڕەگەزی نێرینە بۆ خراپی کوالیتی سپێرمی باوکیش بەگەڕێندرێتەوە، ئەویش هۆی سەرەکی ئەم خراپی کوالیتییە دەگەڕیتەوە بۆ سترێس، کە ماندوو بوون بەهۆی کاری زۆر و بیرکردنەوەی نێگاتیڤی دەروونییە.
هەروەها یەک لەو نەخۆشیانەی کە لە ڕاپۆرتەکە باسی دەکات نەخۆشی بڕبڕەی پشتە، ئەمیش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خراپی و کەم ڤیتامینی خۆراک لەلایەن ئەو ئافرەتەی کە کۆرپەکەی لە زگی دایە و پاشانیش کە منداڵەکە لەدایک دەبێت دەبێت ڤیتامین D پێ بدرێت، کە نەک هەر لەم ناوچەیەدا بەڵکو لەهیچ شوێنێکی کوردستان نەم بیستووە ڤیتامین D بە نمداڵی بچووک بدرێت.

من ناڵیم تەنها ناوچەی گەرمیان لە ژێربارێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری خراپدا دەژین، بەڵام ئەگەر سەرژمێریێک بۆ ئەم بابەتە بکرێت، ئەوا ناوچەی گەرمیان لەم بارەیەوە پێشەنگ دەبێت.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە