تایبەتمەندى سەعدى پیرە یان سلێمانى؟ سلێمانى بەدمەستە یان سەعدى پیرە ؟

Saturday, 20/02/2010, 12:00


ئەم ئێوارەیە 21/2/2010 لە دەوروبورى كاتژمێر 10دا لە رادیۆى نەوا بەرنامەیەك بۆ مەم بورهان قانع و سەعدى ئەحمەد پیرە سازدرا و تیایدا باس لە بارودۆخى ململانێكانى نێوان لیستەكان كراو تیایدا پرسیاریان لەبارەى ئەو بارودۆخەى ئێستاى شارى سلێمانیەوە روبەروكرایەوە كە لە ماوەى بانگەشەكردندا بووتە گۆرەپانێكى گەورەى كەرنەڤالأ بۆ لیستى گۆڕان ، ئەڵبەت سەعدى ئەحمەد پیرە و هاوڕێكانى چاویان بە قەبارە و كاریگەرى و مەغزاى ئەو كەرنەڤاڵە هەڵنایەت و هەر چى پێیان بكرێت بۆ تەعنكردن و سوككردن و كپكردنەوەى ئەو خرۆشانە جەماوەریەى لەم شارەدا بەدیدەكرێت دەیكەن ، هەر لە نانبڕین و هەرەشە و جوێن و تا دەگاتە كوشتنى خەڵك درێخیان نەكردووە ، سەعدى ئەحمەد پیرە لە وەڵامى پرسیارێكدا لەمبارەیەوە وتى (خەڵكى شارى سلێمانى تایبەتمەندى خۆیان هەیە رەنكە هەر كەس تۆزێ زیاتر بخواتەوە ببێتە هۆى كێشەو پشێوى) بە ئاشكرا لەم قسەیەدا ئەوە دیارە كە دەیەوێت چەند شتێك بڵێت:
1- تایبەتمەندى خەڵكى شارى سلێمانى ئەوەیە كە مەشروبخۆر و مودمینن
2- ئەو كەرنەڤاڵەى كە لە سلێمانیدا هەیە پەیوەندى بە سەرخۆشى خەڵكەكەیەوە هەیە
ئەڵبەت پیرە یەكەمجارى نیە كە تەعنى خەڵكى شارى سلێمانى دەكات ، بەڵام پێم سەیر بوو كە نە لە لایەن مەم كە كەسێكى وشیارو كاندیدى لیستى گۆرانە و نە لە لایەن ئەوانەى پەیوەندیانكرد وەڵامێكى پێویست نەدرایەوە ، بۆ یە من بە پێویستى دەزانم وەك كوردێكى ئەو شارە وەڵامێكى بدەمەوە .
لە ئاستى یەكەمدا ئاشكرایە پیرە دەیەوێت ئەمجارە زۆر بێبایەخانەتر تایبەتمەندى خەڵكى ئەم شارە كورتبكاتەوە بۆ ئیدمان و مەشروبخواردنەوە ، نەك بۆ ئەوەى سلێمانى پایتەختى رۆشنبیرى هەرێمە و خسوسیاتەكەى لەوەدایە هەمیشە بە ماوەیەك بەر لە شارەكانى دیكە دەكەوێت لە شۆرش و روبەروبونەوەى زوڵم و خواستى گۆڕاندا ، سلێمانى تایبەتمەندە بە یاسا پارێزى ، بە رێزگرتن لە ئاوارەكانى وەك سەعدى ئەحمەد پیرە و كەسوكارەكەى ، بە رۆحیەتى ئازاد، بە نوسەر و رۆشنبیر و هونەرمەندى مەزن، بە نیشتمانپەروەرى و كوردایەتى ، زۆر شتى جوان هەیە لە تایبەتمەندیەكانی ئەم شارە دا كە پەیوەندى بە سروشتى خەڵكەكەیەوە هەیە ، خۆ ئەگەر تایبەتمەندى خراپى هەبێت ئەوا بەدڵنیاییەوە زۆربەى هەرە زۆرى پەیوەندى بە پیرەو پواوەكانى دەوروبەریەوە هەیە ، راستە سلێمانى لە سایەى پیرە و پواوەكاندا تایبەتمەندى ترى لێپەیدا بوو وەك: بێ ئاوى ، بێكارەبایى ، رێگاوبانى خراپ ، راوو روتى كۆمپانیاكان ، فەسادى ئیدارى ، تەنانەت ئەگەر نارێكیەك لە خرۆشانەكەشیاندا هەبێت دیسان پەیوەندى بە خراپى ئەداى دەسەڵاتەكەى پیرەو هاوەڵەكانیەوە هەیە، چەندین خاڵى تر كە خاڵى رەشن بە ناوچاوى پیرە و دەسەڵاتدارەكانى وەك پیرە ، دەنا هەمیشە ئەم شارە لە رێى بابانیەكان و شێخ مەحمود و قارەمانەكانى ناو زیندان و شۆرشەوە لە رێى نوسەرو هۆنەرەكانى وەك نالى و سالم كوردى و حاجى تۆفیقى پیرەمێرد و لە رێى رێزو پێكەوە ژیان و چەندین شتى جوانەوە تایبەتمەندى خۆى دیارى كردووە نەك بەو شێوەیەى پیرە بۆى چووە ، پیرە پێویستە باسى تایبەتمەندى ئەمشارە نەكات بۆ ئەوەى باسى تایبەتمەندیەكانى خۆى نەكرێت ، هەر وەك خەڵكى سلێمانى دەلێَن ئەگەر ماڵت لە شوشە بوو بەردەفڕكێ مەكە ،ئەڵبەت من وەك كوردێكى شارى سلێمانى خۆم لەو ئاستەدا نابینمەوە و بگرە شەرم لەوە دەكەم فەزاحەت و تایبەتمەندیەكانى پیرە بژمێم ... لە كاتێكدا هەموومان زاناین بە تایبەتمەندىیەكانى ئەو .... من باوەرم وایە بە هۆى ئەوەى سەنگ و نفوسى خۆیان لە سلێمانیدا لە دەست داوە ئیدى تا هەڵكشێت زمانیان خراپتر بەرامبەر ئەم شارە هەڵدەسورێنن ، زیاتر جوێنى پێدەدەن و زیاتریش خوێنی تیادا دەرێژن .. ئەوە دەلالەت لەوە دەكات ئومێدێكیان بەم شارە نەماوە و چیدى ئەم شارە بەدەستناهێننەوە بۆیە هەموو بوغزو قینى خۆیان لەمشارەدا خاڵى دەكەنەوە ، ئەوە نیشانەكانى دۆڕانى ئەوان و گۆڕانى شارى سلێمانیە
لە مەوداى دووهەمى شەكرشكاندنەكەیدا ئەگەر لاى وابێت ئەو جۆش و خرۆشە پەیوەندى بە سەرخۆشى خەڵكى ئەمشارەوە هەیە ، ئەوە لە هەڵدێرێكى بەرزترەوە ساتمەى بردووە .. كێ هەیە ئەوەندەى پیرە گەمژە بێت نەزانێت ئەوشارە بۆ خرۆشاوە و نەبینێت كە لە مەغزاو ناوەرۆكى ئەو خرۆشانەدا چى هەیە ، ئەو هەموو پەراوێزخستنە، ئەو هەموو نانبڕاوە ، ئەو هەموو ئیهانەكردن و خوێنڕشتنە ، ئەو هەموو دزى و دەخالەتە، ئەو هەموو زوڵم و ناعەدالەتیە ، ئەو بیخزمەتیەى كە لەلایەن حكومەتەكەى پیرەوە بەرامبەر بەم شارەكراوە بایى ئەوەیە ڕاپەڕن نەك تەنها بخرۆشێن ، ئێمە دەپرسین ئەرێ بەڕاست ئەو بەد مەستە كە ئەم هەموو هۆكارە عەقڵانى و زانستیە نابینیت كە لە پشتى ئەو خرۆشانەوە هەیە یان خەڵكى سلێمانى كە ئیدراكیان لە هەموو كاتیك زیاتر چالاكترەو كەندەمووى گەندەڵیش دەبینن و قنج و دروست لەسەر راستەرێى گۆڕان بەرەو پێشەوە دەڕۆن؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە