گەشت و گوزارى سلێمانى
Thursday, 05/07/2012, 12:00
ئەم فەرمانگەیە خوا هەڵ ناگرێ خزمەتێكى زۆرى بەم شارە كردوە ..خەڵكى ئەم شارە هەرگیز لە چاكەى ئەم دائرەیە دەر ناچن ..ئەوەتا سەرچنارێكى پیس و پۆخڵ و وێران , ساڵانى پێشو كەس نەى ئەتوانى ساتێك تیا دابنیشێ .شوێنێكى وشك و بێ ئاو , سارای ساباق ,لە چۆڵى قوڵفە ئەچو ..دائرەى گەشت و گوزار بە هیممەتى كومپانیایەكى لبنان ى (خوا هەڵناگرێ لبنان ى نەبون ,عارەبى عیراقی بون لە لبنان دائەنیشتن) سەرچنارى كردە بەهەشت , سەیرانگاى وا لە دنیادا نیە ..چوار دەورى شورایەكى بەرز كراوە, دەرگاى ئاسنى گەورە , تەلى دڕكاوى (ئەڵَی ی سجنى باستیلە چ قورەتە چۆلەكەش بتوانێ داخڵ بێت تا سەر نەقەبڵێنێ )..ئێستا هەواكەى هێندە بە نرخە كەس ناتوانێت بە بەلاش هەڵی بمژێت ..(ئاى نالى لە كوێیت چامەیەكى تر بۆ سالم بنێرى هەواڵی سەرچنارى لێ پرسیت) ..ئەو كومپانیا بە ناو لبنانی یە تەنیا ئەو چیمەن و حەسارەى بۆ كرد و گۆڕى گوم كرد ..ئێستا وارداتەكەى ئەچێتە گیرفانى خاوەنە حەقیقیەكەیەوە , كە ماڵی مامە و سەركردەكانى یەكێتین .....
گەشت و گوزار .. گەلێ خزمەتى ترى بەم شارە كردوە ..ئەوەتا لە ئەحمەد ئاوا لە شوێنێكى وشك و بێ ئاوا ..شانزە كابینەى دروست كردوە زیاتر لە دو ملیۆن دۆلارى ئەمریكایی تیا خەرج كردوە , ئەوە چەند ساڵە تەواو بوە تا ئێستا جگە لە پاسەوانەكەى (ئەگەر پاسەوانى هەبێت) یەك نەفەرى تیا نەنوستوە ..كابینەكان هێندە جوانن كێ دڵی دێ تیا بنوێ ....دڵیان نەهات لە شوێنێكى سەوز و ئاودار دا دروستى بكەن , لەبەر ئەوەى شوێنەسەوزەكان لەكیس نەچن و شوێنە وشكەكان ئاوەدان بنەوە ..ئەوەش ئازایەتى یەكیك بو وەك شێر هاتە ناوەوەو نەى هێشت لە شوێنێكى سەوز و ئاوداردا بكرێت , ئەترسا ئەو شوێنە سەوزە موڵكى خۆى بێت , ناهەقی نیە هێندەى زەوى ى لە هەورامان هەیە بەردێك هەڵدەى ئەكەوێتە موڵكێكى ئەوەوە , ئیتر شوینە سەوزەكانى حەرام كرد پڕۆژەى تیا بكرێت ..
گەشت و گوزار خزمەتێكى ترى بە ناوچەى پێنجوین كرد ئوتێلێكى گەشتیارى لە سەیرانگاى بلكیان هەیە .. هات نۆژەنى كردەوە ..بڕوابكەن (70) دەفتەر دۆلارى ئەمریكی تیا خەرج كرد .جارێكى تریش نۆژەنى كردەوە بڕێكى تر دۆلارى تیا خەرج كرد ..ئاخر ئێوە نازانن , ئەو ئوتێلە زۆر بە نرخە ئێستا بیفرۆَشە یەك دەفتەر دۆلار زیاتر ئەكات ..ئوتێلێكى وا لە لە چیاكانى پینجوین دا دروست بكە لە هەر كوێیەك ..دە دەفتەر دۆلار زیاترى تێ ناچێت ئیتر نازانم ئەو (70) دەفتەر دۆلارە جارى یەكەم و بڕێك دۆلارى تر جارى دوەم درا بە چى ؟!....ئەو ئوتێلە تا ئێستا یەك نەفەرى تیا نەنوستوە....ئێستاش ئەو ئوتێلە خزمەتێكى زۆر ئەكات , هەمو سەگى بێ ساحێب ی ئەو ناوچەیە شەو تیا ستار ئەكەن ..
گەشت و گوزار دڵی زۆر فراوانە پارە خەرج ئەكات و مێشێك میوانى نیە سودى هەبێ یا نە ..
لە سەر دەمى مهاباد ى شێخ لەتیف دا گرنگیەكى زۆر درا بە بەردە قارەمان و جێ نەزرگەكانى باپیرى , لەو كاتەوە تا ئێٍستا پڕۆژەكانى بەردە قارەمان و دارى كەلی پارەى تیا خەرج ئەكرێت ,تەواو نابن ..بۆ ئەوەى یادى ئەو شێخ مەحمودە لە بیر نەچێتەوە كە لە ساڵانى بیستەكانى سەدەى ڕابردودا (ئەو كاتەى كە دەوڵەتەكانى عێراق و سوریا و ئەردەن و ..لەم ناوچەدا دروست بون , شێخ یش بە زیرەكى و سیاسەت مەدارى خۆی دەوڵەتێكى بۆ كورد دروست كرد ..ئەو كاتە شێخ ئەم فرسەتەى لە كیس بدایە , هەرگیز كورد فرسەتی وای بۆ ڕینەئەكەوتەوە دەوڵەت دروست بكات ,,ئەوەبو شێخ زۆربەى دێكانى ناوچەى سلێمانى كرد بە موڵكى خۆی بۆ ئەوەى عارەبە پێ پەتیەكان داگیرى نەكەن ..لە كوردستانى ئێرانیش لە ناوچەى مەریوان بە قودرەتى قادر هە َ ندی دێ َ بونە موڵكى ئەو زاتە ..
هەر وەك ئێٍستا هەمو موڵكى كوردستان بوتە موڵكىسەركردە سیاسیەكان ....
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست