نەورۆز و ژیان لە دیدی کۆلکە سەلەفیان
Thursday, 22/03/2012, 12:00
(
کەسی دزێو چاوی بە جوانی هەڵنایێ، ودەبەنگیش زیرەکی بە دوژمنکاری بەسەر خۆی دەبینێت، ودۆڕاویش وادەزانێ سەرکەوتن گاڵتەکردنە بە ئەو) شێخ محەمەدی غەزالی
لە نێو جیهانی ئیسلامدا ولە ناو گۆڕەپانی ئەوانەی کاری دینداری ئیسلامی دەکەن دوو عەقڵیەتی سەرەکی بەدیدەکرێت، یەکێکیان میانڕەو وگونجاو لەگەڵ عەقڵ ومەنتقدا، دوەمیان: تونڕەو وشەڕانگێژ بەبەردەوامی دژی هەموو شتە ژیربێژیەکان بەناوی سەلەفیەت وگەڕانەوە بۆ سەردەمی زێڕینی سەلەفی صالح، من لەو وتارە دوەمیانم مەبەستە.
عەقڵیەتێکی توندڕەوانەی، چاویلکە ڕەش، دەق پەرستی وحەرفی، پێی وایە هەر کارێك پێغەمبەر و هاوەڵانی و شوێن کەوتەکانیان نەیان کردبێت، نابێت بکرێت، لە کاتێکدا ئەو کورت بینانە سەدان و هەزاران کار دەکەن ڕۆژانە بەبێ ئەوەی پێغەمبەر و هاوەڵانی و شوێن کەوتەکانیان کردبێتیان، ئەو عەقڵیەتە لە ناو نێوەندی سونە مەزهەبدا خاوەنی نەشازترین و بەرزترین و دزێوترین دەنگە، پێکەوەش لەگەڵ نیوەکەیتری عەقڵیەتی توندڕەوی شیعی خاوەنی گەورەترین کارەساتن کە بەڕێوەیە ولەو ڕۆژگارە سەرەتاکانی بەدیدەکەین لەو شەرە گەورە وبەرفراوانەی نێوان شیعە و سونەدا بە زمان وقەڵەم وتیڤی وکەناڵی ئاسمانی وئینتەرنێت وچەندین هۆی تر. مایەی گاڵتەجارییە کە ئەو دوو لایەنە شەڕانگێژە یەکێکیان نەورۆز تەحریم دەکات کە سەلەفیەکانن، کەچی شیعەکان رۆژەکە وا تەقدیس دەکەن لەڕادەبەدەر!
لە نێو نێوەندی سونیدا، ئەو برادەرانە کە ناو لە خۆیان دەنێن بە سەلەفی بە چاوی پڕ گومانەوە سەیر دەکەنە هەموو دەوروبەریان، وهەموو جولە وکردارێک پەیوەندیشی بە ئایین نەبێت دەیئاینێنن، وەک ئەو بابەتانە:
- دەستکردن بە سەلام لە نا موسڵمان حەرامە! ئەگەر لە ڕێگایەکدا دەڕۆیشتن ناچاری کە لە پەنا دیوارەکان بڕوات تۆ لە نێو سینگی ڕێگاکە بڕۆ!! بڕوانە ئەو دەروونە عەنتەرە بەناو دینەوە!
- حەڕامە پیرۆزبایی جەژنی سەری ساڵ لە مەسیحیەکان بکەیت!! بڕوانە ئەو دەروونە پڕ لە حقدە کە هیچ حیسابێك بۆ هاونیشتیمانی ناکات!
- مەولودکردن بۆ پێغەمبەر بیدعەیە! هینەکەیان گەیشتە پێغەمبەریش!
- ژن نابێت بە تەنها سەفەر بکات ئەگەر لەسەروی پەنجا ساڵیش بێت، دەبێت مەحرەمی لەگەڵدا بێت.! چونکە چەمکی سەفەر هەر بە پێودانگی کتێبە کۆنە فیقهیەکانە کە بە حوشتر ووڵاغ سەفەریان دەکرد. بڕوانە ئەو عەقڵە چەق بەستوە!
- ژن نابێت سەیارە لێخوڕێت حەرامە، بۆ؟ نەوەک لە بیابانێك سەیارەکە بوەستێت، وپیاو خراپێکی لێ پەیدا بێت!! بڕوانە ئەو دەروونە نەخۆشە!
- بیدعەچی [هەڵبەتە بە مەفهومی خۆیان] نابێت برادەراتی بکەیت، سەردانی بکەیت، سەلامی لێبکەیت وژن وژنخوازی لەگەڵدا بکەیت، ئەگەر مردیش نابێت بچیتە مەراسیمی ناشتنەکەی! بڕوانە ئەو دەروونە پڕ لە ڕق وکێمە لەسەر خودی موسڵمان، جا قوڕبەسەری ناموسڵمان!
ئەوە وگەلێك قسە وکاری منداڵکارانە کە هیچ سەنگی نییە لە واقیعدا.
بەو دوایە پاش ئەوەی ماندوو بوون لە قسەکردن لەسەر قسەکردن لەسەر سەری ساڵ وجەژنی خۆشەویستی و دایک ونیشتیمان ودرەخت وجەژنی لەدایک بوونی پێغەمبەر [ص] بایان دایەوە سەر نەورۆز، ئەو نەورۆزەی کە لەوەتی کورد هەیە ئاهەنگی تێدا دەگێڕێت، ئەو بێ ئیش وکەلـلە بۆشانە دەیانەوێت بە تازەکی لە خەڵکی کوردی حەرام بکەن ودەیانەوێت کوردیش ڕوانگە ڕەنگینەکەی وەک سروشتە ڕەنگینەکەی بگۆڕێتەوە بە ڕوانگە خێڵەکیەکەی سەلەفیەتی دەوارنشینی فیقهی بەدەویەت وهەمان ڕوانگە ڕەشەکەی ئەوان بکەتە تارمایی سەر چاوانی. قسەکانی مەلا سەمەد وئەوانی تر دەقاودەق لە سایتی سەلەفیەکانی خەلیج گواستراوەتەوە بۆ نمونە بڕوانە ئەو بابەتە : [حكم الاحتفال بعيد النيروز] لەو لینکە:
http://islamqa.info/ar/ref/101404 دەبینیت کە تەنها وەرگێڕدراوەتە سەر کوردی.
لە ڕووی مێژووییەوە قسەی زۆر جیاواز هەیە لەسەر ئەسڵی نەورۆز وهی کێیە وچۆن دروست بوە، زەحمەتە هیچ کامێکیان ساغ بێتەوە، بەڵام من کارم بە مێژوو نیە نەورۆز هی قیبتیەکانە یان هی دوژمنانی کوردە ئەوانەی ئیمپراتۆریەتی میدیایان ڕوخاند، یان کاوەی ئاسنگەر هەقیقی بوە یان ئەفسانە، یان زوحاك ئەسڵی هەیە یان ئەفسانەیەکی فیردەوسییە..هتد، بەڵام ئەوەی من دەیزانم ئەوەیە و بە پێی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەو بوارەدا کراون نەورۆز پێشینەیەکی دوورودرێژی هەیە و کۆنترین جەژنی مرۆڤە لە سەر زەوی. ، کۆنترین مرۆڤەکانی سەر گۆی زەوی کە لە ئەشکەوتەکاندا ژیاون، رۆژی یەکەمی بەهاریان کردووە بە جەژن. نەورۆز ئەوەندەی مێژوو ئاگادارە لەوەتی کورد و مرۆڤ هەیە ئاهەنگی بۆ دەگێڕدرێت. لە پاش هاتنی ئیسلامیشدا کورد ونەتەوە ئیسلامەکانی تر هەموو کاروبارێکی پێچەوانە بە ئایینی پیرۆزی ئیسلامیان خۆویستانە فەرامۆش کرد ئەگەر دژایەتی کردبێت لەگەڵ عەقیدەی ئیسلامی، بەڵام زانا وداناکانی ئیسلامی کورد، کە زۆر ژیرتر بوون لەو کۆلکە سەلەفیە شەڕانگێژانەی ئەو رۆژگارە پڕ لە بەدبەختیەی کورد، هەر زوو هەستیان بەو جیاوازیە کرد لە نێوان بۆنەی ئایینی وبۆنە وکایەی نیشتیمانی یان بۆنەی سروشتی وبەدرێژایی تەمەنی ئیسلامیش یادی ئەو بۆنەیە کراوەتەوە لە نێو کوردا ونەورۆزیش لە هەموو دەقە کۆنە کوردیەکان ئاماژەی پێکراوە، ولەلایەن سەدان شاعیری کوردی موسڵمانی پایە بەرزی وەک ئەحمەدی خانی وجزەیری ونالی وحاجی قادر ومەحوی ئاماژەی پڕ لە جوانی بە نەورۆز کراوە لە کاتێکدا پەنجەی هەریەک لەو شاعیرە موسڵمانانەی کورد هەزار کۆلکە سەلەفی وەک مەلا سەمەد ومەلا گەرمیانییە توندڕەوەکان دەهێنێت، کە دەیانەوێت یادەوەری کورد وێران کەن وکۆنەست وهەستی خۆشی مناڵی وگەنجی کورد بسڕنەوە.
مەلا سەمەد دەڵێت نەورۆز حەرامە چونکە پێغەمبەر وسەحابە نەیان کردیە، ئەخر پێغەمبەر وسەحابە کە عەرەب وقوڕەیشی بوون لە کوێ ئاگاداری نەورۆز بوون تا بیکەن یان نەیکەن.
نەکیرەیەکی بی مەعریفەی تر دەڵێت: " بەشداری كردن لە [نەورۆز] تیایدا لاسایی كردنەوەیەكی كوێرانەیە و هیچ بەڵگەیەكی لەسەر نی یە، پێغەمبەری خوایش صلی الله علیه وسلم ئاگاداری كردووینەتەوە لەوەی كوێرانە لاسای گاوڕ و خاچ پەرەستان و ئاگر پەرستان نەكەینەوە ...."
ئەو بیرکۆڵە دەڵێی باسی [ڤالنتاین] دەکات وکورد دوێنی فێری لاساییکردنەوەی نەورۆز بوە، نازانێت زۆربەی زۆری بەڵگەکان ئاماژە دەکەن بە کوردی بوونی نەورۆز لە بنەڕەتدا، ئینجا سەیر لەوەدایە تەنها دوازدە وڵاتی ئیسلامی بەڕەسمی ئاهەنگ دەگێڕن لە نەورۆزدا، خاچ پەرستی چی و ئاگرپەرستی چی، ئەو قسانە بکە نوشتەیەك وبیخە ناو ئاو وبیخۆرەوە بەڵکو مەنیقی خواروخێچتان کەمێك ڕاست دەبێتەوە.
دەقێك هەیە کە حەزرەتی عەلی کە ناسراوە بە حیکمەت پەسنی نەورۆزی کردوە، کەچی سەلەفیەکان ئەویش بەلێکدانەوەی سەقەت دەشێوێنن:
( أتی علی رضی الله عنه- بهدیە النیروز فقال ما هذه؟ قالوا یا أمیر المۆمنین هذا یوم النیروز قال فاصنعوا كل یوم فیروز)
واتە : ( دیاریەكیان هێنا بۆ ئیمامی عەلی (ڕەزای خوای لێبێت) بە بۆنەی نەورۆزەوە, ئیمامی عەلی فەرمووی ئەم دیاریە چیە؟ ووتیان میری ئیمانداران ئەوڕۆ ڕۆژی نەورۆزە، ئیمامیش فەرمووی هەموو ڕۆژێك بكەن بە [نەورۆز] فەیروز)
برادەرێکی سەلەفی کە تەرجەمەی ڕەشەبای سعودیە دەکات بە کوردی دەڵێت:
لە وەڵامی ئەم جۆرە كەسانەی کە دەڵێن حەزرەتی عەلی پەسنی نەورۆزی کردوە "(شێخ سەفەر ئەلحەوالی) دەفەرموێت : ( ئیمامی عەلی ڕازی نەبوو تەنها ئیقرار بە ناوەكەیشیان بكات چی جای ئەوەی یادی بكاتەوە و خواردنیان بخوات، ئیمامی عەلی هەر حەزی نەكرد بڵێت نەورۆز بەڵكو فەرمووی فەیروز،)"
ناڵێ عەرەب بە سروشت نازانن ناوی غەیرە عەرەبی وەك خۆی گۆ بکەن وبەڕای من کۆلەوارترین میللەتی دونیان لە بەدگۆکردنی ناوی میللەتانی تر، ئەو [نەورۆزە یان نورۆز] لە هەموو سەرچاوە ئیسلامیەکان پێی دەڵێن [النیروز]!!! یان هەر کاتی خۆی یەک کورد بە خزمەت پێغەمبەر گەیشتبوو ناوی [گاوان] بوە فەقیرە، کەچی هەموو سەرچاوەکان پێی دەڵێن [جابان]، هەرچەندە ئەو دەقە ئاشکرایە کە حەزرەتی عەلی هیچ ناڕەزایەکی دەرنەبڕیوە بەرامبەر نەورۆز وهیوادار بوە هەموو ڕۆژێك نەورۆز بێت بۆ ئەوەی خەڵک دڵخۆش بێت کەچی ئەو زانا سەلەفیە پێی وایە تەنانەت عەلی " حەزی نەكرد بڵێت نەورۆز بەڵكو فەرمووی فەیروز " ئەخر فەیروز مانای چییە؟ وچ ڕەبتێکی بە نەورۆزە، منیش دەڵێم کە کوردم وهەرچەندە سەلەفیەکانی کورد قسەی سعودیەکانیان لا گرنگترە: یان وەک گوتم حەزرەتی عەلی نەیزانیوە ناوەکە بە جوانی گۆ بکات، یانیش ئەوەی نوسیویەتیەوە هەلەی تێدا کردوە.
ئەو جۆرە قسە نەشازانە پەیوەندیان بە گشتی مەلا وزاناینی کورد نییە، بەڵکو تەنها گوزارش دەکات لە کەمینەیەکی سەلەفی پیشەیان هەر تێکدانە، بەڵام سەدان مەلا سەمەد ونازانم کێ گەرمیانی ناتوانن قەناعەت بەو خەڵکە بکەن بەپێی فیقهی بەدەویەتی بەناو سەلەفیەت بڕۆن بەڕێوە، کورد لە بنەڕەتدا حەزی بە توندڕەوی نییە، وپێویستی بە فەتوای سعودی نییە تا فێری دینداری بێت بۆیە چاکترە خۆیان لەو باسە هەستیارانە نەدەن چونکە هێندە ئێسکیان سوک نییە تا قورستری کەن.
نەورۆزی هەموو لایەک پیرۆز.
لەندەن
٢٢/٣/٢٠١٢
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست