کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بوەستن ئێوە لە حزوری پەشێودان

Sunday, 20/05/2012, 12:00


بەڕاستی ئەو میللەتە کێشەیەکی مۆڕاڵی قوڵی هەیە کاتێك کەس لە سەرکردە وسیاسی وشاعیر وهونەرمەند ونوسەر ڕزگاری نابێت لە دەست سوکایەتی وڕەخنە مومارەسەکردن بە شێوازی چەقۆ وەشێنی.
ئەوە چ عەقڵیەتێکی بۆگەن وبێ لۆژیکە بە باڵایەکی بەرزی شیعر وئەدەبی وەك پەشێو دەڵێت لە کۆڕەکەی هەولێر "پەشێو دڵی بنەماڵەی مەلا مستەفای لە خۆی نەرەنجان، وەک پارتییەکیش دەیشیران". شیڕاندن قابیلی ئەو کۆلکە نوسەرە نەناسەیە کە هەر ڕۆژەی لەترسی سەلامەتی خۆیەوە بە ناوێك دەنوسێت زاتی ئەوە ناکات هەتا خۆی بەخەڵک بناسێنێ، ئەگەر ئەو ترسنۆک وبێ مستەوایە بچێتە هەولێر گومانم نییە یان هەروەک چۆن نەناسە قروقەپی لێدەکات یانیش دەبێتە باش کاتبی دەسەڵات ولەوێوەش هەرکاری جوێن بەخشینەوە دەبێت بە ئاڕاستەکەی تردا.
یان ڕەخنەکەی ئەوەیە پەشێو لە تەک وێنەی مەلا مستەفای بارزانی شیعرەکانی خوێندەوە، وەک بڵێی لە تەک وێنەی ئەتاتورک وسەدام شیعری خوێندبێتەوە! نازانم ئەوە چ نەنگیەکە، ئەگەر ئەمڕۆ کەسانێک بە ناوی بارزانی خوالێخۆش بوو گەندەڵی وکاری خراپ نەکەن، کێ زاتی ئەوەی هەبوو لەناو خەڵک بە خراپ باسی بارزانی بکات، سەرکردەیەک لەناو جوگرافیایەکی وا تەژی لە دوژمن وموخابەرات وپلانگێڕی بتوانێت ئەوەندە بکات کە کردی بۆ دەبێت نەنگی بێت کە ببێتە جێگای ڕیز وخۆشەویستی میللەتەکەی، لەبیرمە لە ماڵەکان وێنەکەی بارزانیان بە شاردراوەیی هەڵدەگرت وەک شتێکی بەنرخ وبەها، هەرچەندە لە ماڵێک بدۆزرایەوە لەوانەیە توشی گەورەترین سزا وئازار دەبوون، ئەوە بیروڕای خەڵک بوو، دەکرێت هەڵە وغەڵەتیشی هەر بوبێت خۆ پێغەمبەر نەبوو.
ئەگەر بە پێوەری مەعسومیەتی پێغەمبەرایەتی مامەڵە لەگەڵ سەرکردەکانمان وشاعیرانمان وسیاسیەکانمان ونوسەرانمان وهونەرمەندانمان بکەین، بڕواتان هەبێت نەك مەلا مستەفای بارزان بەڵکو هیچ سەرکردەیەکی تری وەک شێخ سەعید وسەید تەها وعبید الله ی نەهری وقازی مەحەمەد وشێخ مەحمودیش لەدەست ئەو عەقڵیەتە شەڕانگێژ ونا واقیعیە ڕزگاری نابێت... جاری تریش باسم کردوە کە بە بەردەم ساختومانی وێستمینستەری بارەگای پەرلەمانی بەریتانی تێدەپەڕم بە سەرسوڕمانەوە تەماشای پەیکەرێکی قەبەی گەورەی [ریتچارد لاینهارت] دەکەم کە چەند بە شانازیەوە لەوێ قوتیان کردۆتەوە، کەچی هەڵسەنگاندنی ئەو سەرکردەیە بدەیتە دەست ڕەخنەگرێکی واقیعی کوردیش نەک کوردێکی نەزانی بە شێوازی شەرە چەقۆ، لەوانەیە بڵێ ئەو سەرکردەیە هیچ چاکە وخێرێکی بۆ بەریتانیا نەبوە، پاشایەک لە بنەڕەتدا لە ڕەچەلەکی نورماندیەکان بوو کە فەرەنسی بوون، لە ساڵی ١١٨٩ کە کرا بە مەلیك، گەورەترین قەسابخانە لە دژی جولەکەکانی مەملەکەتە کراوە، دوایی پاشایەکی وا موتەعەسیب ودەمارگرژی خوێن ڕێژی وادڕندە کە وەک سەرکردەی سێیەم هەڵمەتی خاچ پەرستی لەیەک ڕوداودا لە شاری عەکا ٣ هەزار دیلی موسڵمانی کوشت وجگە لە چەندین بەدکاری تردا کە لێرەدا باس ناکرێت، دەبێت چ هێمایەک بێت بۆ پەرلەمانی مەزنترین دیموکراتیەتی جیهان؟!!! سەرکردەیەک هەردەم شانازی بە فەرەنسیەتی خۆی دەکرد دەڵێن زمانی ئینگلیزیشی باش وپاراو نەبوو تەنها لە یادەوەری گەلێری بەریتانیەکان کراوەتە سوارچاك، کە یەك سیفاتی سوارچاکیشی نەبوو، ویەکپارچەی درندایەتی بوو کەچی لەڕیزی گەلانی بەریتانیا بەو شێوەیە ڕیزی لێدەگیرێت، ئێمەش بۆتە عەیب ونەنگی لە تەك وێنەی سەرکردەیەك شیعر بخوێنیتەوە، هەرچەندە من تا سەر ئێسقانیش دژی دیاردەی وێنە هەڵواسین وگەورەکردنی سەرۆکەکانم وکە تەنها دیاردەیەکی سیاسی دواکەوتوویی رۆژهەڵاتییە وئەنجامەکانیشی هەردەم عەکسییە وخۆشەویستی خاوەن وێنەکە زیاد ناکات وبگرە کەمیش دەکات ئەگەر حزب شوێنگرەوان وبنەمالەی خاوەن وێنەکە بە قەد ئەو یان زیاتر پاك وباش نەبن! گومانیشم نییە کە بارزانی ڕەحمەتی دەیان جار چاکتر بوو بۆ کورد لە ریچارد شێردڵ بۆ ئینگلیز، ئەوەش ڕیزی ئینگلیزە بۆ ئەو وئەوەش ڕیزی کوردە بۆ ئەم.
دەبا بنەماڵەی شێخ مەحمود یان قازی محەمەد لەسەر دەسەڵات بان وگەندەڵ وستەمکاریش بان، دەماندیت چۆن هەزار ویەک عەیب وجوینیان پێدەدرا بەبێ ئەوەی هیچ جیاوازیەک بکرێت لە نێوان شێخی نەمر وپێشەوا قازی محەمەد وکەس وکارەکانیان!

سەیر لەوەدایە ئەو کەسە لەو ئاستە نزمەوەدا بە کەیفی خۆی لێکدانەوە بۆ شیعرەکانی پەشێوی باڵا دەکات بێ ئەوەی هەتا هەقی [المعنی في بطن او قلب الشاعر] [واتە مانا لەناو دڵ ودەروونی شاعیردایە] یش بۆ خودی شاعیر ناهێڵێتەوە ، دەڵی شیعرەکە مەبەستی لە کۆسرەتە وتۆمەتباری دەکات بە کوشتنی شەهید سەردەشت، نازانم خوا لە کوێ ئەو ئیلهامە عەبقەریەی پێ بەخشی تا بگاتە ئەو دەرەنجامە، لەوەش سەیرتر ڕێگا بە خۆی دەدات بڵێ شیعرەکەی لاوازە کە بۆ سەردەشتی گوتوە عەرەب دەڵێ چاوی ناڕەزا کوێرە لە ئاست بینینی جوانیەکان، هەڵسەنگاندنی شیعری پەشێو بە هەموو داماوێک ناکرێت ڕەخنەگرێکی بابەتخواز ودەروون پاکی دەوێت نەك سوکە نوسەرێکی پشت کۆمپیوتەرێکی شڕ کە جوێن بۆ عەرز وئاسما دەبەخشێتەوە وشاش بە سەپان نازانێت!!
شیعرە ڕەخنەئامێزەکانی پەشێو کەسی نەبواردەوە لە کوردستان بە تایبەتی دوو زلحزبەکە وهەموو دونیاش ئەوە دەزانێت، ئەگەر شیعری تەزبیحیشی بۆ کەسێکی دیاریکراو گوتبیت، ئەوە مانای ئەوە نییە پێوەرە دواکەوتوەکەی کوردستانی لەسەر جێبەجێ بکرێت: [ئەگەر قسە بە یەکێتی بڵێیت کەواتە پارتی وبە پێچەوانەشەوە، یان کراست زەرد بوو کەوابوو پارتی وبۆینباغت سەوز بوو کەوابوو یەکێتی]!!! پەشێو نە قەرزاری کەسە ونە لەکەس دەترسێت ئەگەر ئینتیمای سیاسی بۆ پارتی یان هەر حزبێک ئاشکرا بکات، ئەگەریش ئەوەی دەکرد ئێستا وەک شاعیرەکانی تری دەسەڵات ملیاردێر دەبوو وا هەژاری مادە و دەوڵەمەندی جەماوەر نەدەبوو لە کوردستان. بەڕاستی عەیبیشە باسی هەولێریەتی شاعیرێکی وا نەتەوەیی گەورە بکرێت کە من گومانم نییە فەرق لە نێوان هەولێر وئامەد وقامشلی وبۆکان ناکات چ جای فەرق بکات لە نێوان هەولیر وسلێمانی. سوکایەتی کردن بە شاعیرێکی وەك پەشێو هەموو کوردێکی دەست ودامێن ودەروون پاك ئازار دەدات نەک برادەرە هەولێرییە دڵ ناسکەکان، هەرچەندە پەشێو قەڵای دووەمە بۆ هەولێر، لە هەمان کاتیشدا نەنگیە بۆ هەر سەکۆیەك کە ئەو هەوڵە نەزۆکانە بڵاودەکاتەوە. پەشێو کە قسە دەکات دەبێتە مێژوو، کەس مافی ئەوەی نییە بۆی دیاری کات کەی شیعر بڵێ وبۆ کێی بڵێ، ئەوە قسە وکاردانەوەی پیرەژنێک نییە یەکسەربە لەکاردانەوەی هەر ڕوداوێکدا سنگی بکوتێ و بڵێت: چاوی دایکت کوێر بێت!!! منیش ئەگەر تاکە گلەییەکم لە پەشێو هەبێت ئەوەیە دەبێت هەموو ڕۆژ قسە وهەڵوێستی خۆی هەبێت لەسەر ڕوداوەکان و دەوری سەرەکی هەبێت لە تەشکیل کردنی ڕای گشتی کوردی وڕۆحی نەتەوە بنیات بنێت وڕزگاری کات لە دەست ناوچەگەرێتی وشارچێەتی وعەشیرەتخوازی وبنەمالەیی.
لەندەن
٢٠/٥/٢٠١٢

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە