لەوە دەچێت مەسعودو جەلال بە دەردى عوسمانى كورى عەفان بچن
Wednesday, 19/01/2011, 12:00
ئەم شتانەى لێرە دەینوسم هەمووى لە سەرچاوەى نووسەرانى موسوڵماناندا هاتوون چى شیعە چى سونە، بۆیە دەكرێت وەك دەرس وەربگیرێت بۆ كۆمەڵگاو سەركردە سیاسیەكانیش، پاش كوشتنى عومەر لە لایەن پیرۆز مەجوسییەوە كە بە عەرەبى پێى دەڵێن(فیروز ــ ابو لوئلوئە)، كە ئەم پیرۆزە خەڵكى نەهاوند بووە و پاش گرتنى وڵاتى فارس و كوردستان لە لایەن عومەرەوە لە كوفەو مەدینەو ئەو ناوچانە ژیاوەو لاى (موغیرەى بن شوعبە) كۆیلە بووە، كەسێكى دەست ڕەنگین بووە، هەرچى كارو كاسبى كردووە و ڕەنجى داوە(موغیرە) لێى وەرگرتووە بۆ خۆى، ئەویش شكاتى لاى عومەر كردووە، عومەر گویێ لێنەگردووەو لە جێگایەكیشدا پێ ڕابوواردووە، جگە لەوەى خزم و كەس و كارى لە ژن و لە پێاو لە گرتنى وڵاتەكەیدا زیانى زۆریان بەركەوتووە، بۆیە ئەویش عومەرو یەزدە كەسى دیكە لە كاتى نوێژدا دەداتە بەر خەنجەرو عومەرو حەوتی دیكەیان دەمرن، هەر لەوێدا خۆیشى خۆى دەكوژێت، عەبدوڵاى كوڕى عومەر لە تۆڵەى باوكیدا (لوئلوئەى) كچى پیرۆز دەكوژێت لە گەڵ چەند هاوڕێیەكى پیرۆز كە ئەمانە پیوەندیان بە كوشتنەكەوە نەبوو، كەسیش دەستى بۆ (موغیرە) نەبرد لەبەر ئەوەى لە (عەلى كوڕى ابو تالیبەوە) نزیك بوو. هەرچەندە پیرۆز بە تزكییەى ئەوەوە هاتبووە شارى مەدینە، لەبەر ئەوەى عومەر حەزى لە فارس و كورد نەبوو نەدەبوو بێ تەزكیە بێنە ناو مەدینەوە. هەندێك دەڵێن كوشتنى عومەر پەیوەندى هەبووە بە ملاملانێ ى خۆى و عەل كوڕى ابو تالیبەوە ، چونكە كاتێك (ابو بكر) جێگاى (محمد) دەگرێتەوە عومەر پشتگیرى دەكات و عەلى موعارز دەبێت، ئەوەش وا دەكات عومەر بچێتە بەردەم ماڵى عەلى و شمشێر لە یەكتر هەڵبكێشن و پەراسویەكى (فاتیمەى كچى محمد) لە ناوبژیوانیدا دەشكێت، كاتێكیش فاتیمە دەمرێت بە دزیوە لە گۆڕى دەنەن.
بە هەر حاڵ عومەر پێش مردنى وەسێت دەكات بۆ شەش كەس كە پاش ئەو (خەلیفە) هەڵبژێرن، لەبەر ئەوەى (قریش) حەزى لە عەلى نابێت و ناسراو بوو بە زمان بڕو گوێچك بڕ و توندو تیژ، هەروەها موسوڵمانان زۆر ماندوو بوون لە شدەت و توندو تیژى عومەر (عوسمانى كوڕى عەفان) هەڵبژێردرا لە بەر ئەوەى كەسێكى نەرم و بە حەیاو سەخى و كراوە بووە، پێش ئیسلام بوونى وپاش ئەوەش دەوڵەمەند بووە بەڵام لە (خوتابەدا) كەم توانا بووە، بەڵام كێشەى عوسمان لەودا بووە زۆربەى پلەو پایەكانى لە دەوڵەتدا داوەتە خزمەكانى خۆى و بە هەوەسى خۆى لە پارەى موسوڵمانان تەخشان و پەخشانى دەكرد بۆ خزم و كەسەكانى و (موهاجرینەكان) ى پشت گوێ خست، هەروەها دەستێك لە پلاندا بوو دژى تا كار گەیشتە ئەوەى بۆ زیاتر لە(20) ڕۆژ گەمارۆى ماڵەكەى بدرێت و پاشان خنكاندیان و بە خەنجەریش كوشتیان كە ئەو كاتە تەمەنى(82) ساڵ دەبوو، بكوژەكانیشى زۆربەیان پاشان لە لەشكرەكانى عەلیدا جێگایان بوەوەو (قێاێ) بەرانبەریان نەكرا. جا ناعەدالەتى ئاوا دەكات زیاتر لە(20) رۆژ خەلیفەى ئیسلام گەمارۆ بدرێت كەس بە هانایەوە نەیەت. ئەمە دەرسێكە هەقە هەموو دەسەڵاتدارێك باش بیخوێنێتەوە. پاش كوشتنى عوسمان ململانێ لە سەر دەسەڵات لە نێوان عائشەى ژنى محمد و عەلى دەست پێدەكات و لە شەڕى نێوانیاندا (13000) كەس دەكوژرێت كە لە نێوانیاندا دووانیان سەركردەى موسوڵمانى دیارى بوون ئەوانەش(زوبیرو تەڵحەن)، ئەو جەنگە لە قازانجى عەلى كۆتایى دێت و پاش شكەستى عائیشە لە جەنگدا سوكایەتى زۆرى پێ دەكرێت ، هەروەها یەكێك لە ئەسحابەكان بە ئەمرى عائیشە ڕسوا دەكرێت، هەموو تووكى سەرى و برۆو ڕیشى دەسكەنە دەكرێت كە ئەو ئەسحابەیە كەسێكى نزیك بووە لە (محمد) ەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست