بۆچی هەولێر خۆپیشاندان ناکات؟

Monday, 08/07/2013, 12:00







شاری هەولێر لە خەبات و تێکۆشان شانبەشانی شارەکانی تری کوردستان لە هیچ سات و کاتێکدا درێغی نەکردووەو شەهیدەکان و مێژووی ئەم شارە شایەدە ، ماوەیەکی زۆرە لە فێسبوک و پاڵتاک و دەزگای تر گوێبیستی باسکردنی خەلکی ئەم شارە دەبین کە بۆچی خۆپیشاندان ناکات یان رانا پەرێت ؟ هەندێک کەس بە هەر هۆکارێک بێت ، زۆر بەبێ ویژدانانە و بەبێ بیرکردنەوەیەکی لێکۆلینەوەیی پەلاماری خەلکی ئەم شارە دەدات و بێ ئاگایە لە بارو دۆخی ڕابردووی دەڤەرەکە ، بۆیە بەپێویستم زانی ووڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوەو بێمە ووڵام.
هەروەکو ئاشکرایە دەرئەنجامی شەڕی ناوخۆ کوردستانی دابەشکردە سەر دوو هەرێمی دژ بەیەک کە هەرێمی سەوزو زەردن ، شاری هەولێر لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ لە لایان بنەماڵەی بارزانی بەهۆی سوپای سەربازی عیراقی داگیرکرا ، لە پاشان یەکێتی بەشەرێکی خێرایی تاکو شاری کۆیە هات و ناوینا (گەردەلولی تۆڵە) ، خەلکی هەولێر جاوەڕی بوون کە هێزەکانی یەکێتی بگاتە هەولێر و رێکخستنەکانی یەکێتی جاوەڕێی تەوجیهات بوون ئەم شەوە پارتی بە خۆیان و خێزانەکانیان هەولێریان جێهێشت بوو، شار بەبێ حکومەت مابۆوە تەنها چەند هێزێکی کەم نە بێت لە کەسنەزان و شاوێس و پیرزین بوون بەڵام بۆ بەیانی بەهۆی جەختی دەرەکی بریاری رێککەوتن و ووتوێژ لە نێوان هەردوو حیزبی شەرکەر درا و پارتی گەڕایەوە هەولێر ، ئەمەش بووە هۆی دروست بوونی گۆڕانکاریەکی گەورە بەسەر شار و خەلکەکەی کە من دەمەوێت بۆ زیاتر تێگەیشتن بە چەند خالێک بخەمە روو:-
١-پارتی دەستی کرد بە دەرکردنی یەکێتیەکان بۆ هەرێمی سەوز و یەکێتیش بەهەمان شێوە پارتیەکانی دەرکرد بۆ هەرێمی زەرد کە شاری هەولێرە ، وە هەندێک کەسی تریش خۆیان جوون بە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتی یان ئابووری و ....هتد ، ئەوەندەی من ئاگادارم ئەوانەی لە سنوری سلێمانی و گەرمیان و هەورەمان هاتن زۆر بەیان تاکو ئێستاش لە هەولێرن و نێشتەجێ بوونە و لە دام دەزگاکانی پارتی کار دەکەن ، هەر لە کەسە دیارەکانیان دەتوانی بکەینە نمونە وەکو (ئەحمەد سالار و دلنیا قەرەداخی و ئەرسەلان دەروێش و عمر جاوشین و ئاڵاعمر و ئەندامانی پەرلەمان و هێزە سەربازیەکان و بەڕیوەبەرە گشتیەکان و وەزیرەکان و ......هتد) کە شاری هەولێر پڕکراوە لە خەلکی هەرێمی سەوز و چگە لە بادینی و بارزانی کە هەریەکەیان لەبەر کاری وەزیفی لەم شارە نیشتە جێبوونە.
٢-پارتی دەستی بە تۆقاندن و گرتن و زیندانی وکوشتن و ....هتد نەیارانی خۆی کرد نەک تەنها یەکێتیەکان بەلکو ئەم هەڵمەتە لایەنەکانی تریشی گرتبۆوە وەکو ئیسلامیەکان و پەکەکە بە نموونە لەم شارەدا ، ئەگەر زیندانەکان وچەکەکانی پارتی و قەلەمی بەرپرسەکانی پارتی زمانیان هەبووایە شایەدیان بۆ ئەم راستیە دەدا کە بەرامبەر بە هەولێرییەکان زیاتر کراوە لە جاو شارەکانی تر.
٣-پارتی سیاسەتێکی سەیری لەبەرامبەرکەسە ناودارەکانی خەلکی ئەم شارە بۆ بەحیزبی کردنیان بەکار هێنا کە سیاسەتی شەق و پارەیە ، یەک یەک بە کەسایەتیەکانی دەوت شەقتان دەوێ یان پلەوپایە ، ئەگەر ئەوکەسە بەس شەقی بویستایە یان ووڵامی نەدابایەوە دەبوایە دووا بریاری ئەگەر لە زیندانیش بوایە هەر بە بریاری حیزبی بوون و پارە و پلەی بدابایە بۆ ڕزگار بوونی لە دەستیان .
ئەم هۆکارانە وای کرد کە زۆر لە خەلکی ئەم شارە بچێتە هەرێمی سەوز یان دەرەوەی ووڵات و خنکاندنی دەنگی ئازاد و نەبوونی فرەحیزبایەتی و سیاسەتی تاکرەوانەی پارتی و سەپاندنی یاسای بنەماڵەیی لەسەریان و (سیاسەتی نە کافربەونە ئیسلام بەس دەبی پارتی بیت) ببوە هۆی ترس و دڵە راوکێ لەناو خەلک لەگەڵ ئەمەشدا دەنگی نارەزایی هەر لە پێش دروست بوونی بزوتنەوەی گۆران و پێش روخانی بەعس هەر هەبوو ، کە هەموو ئاودەستی مزگەوتەکان و دیواری گەرەکەکان دروشم و ووتە لە دژی پارتی دەنوسرا و شایەد حاڵن ، بەم جۆرە پارتی دەسەڵاتی خۆی بەسەر خەلکدا سەپاند.
٤-لە شاری سلێمانی و هەرێمی سەوز دەسەڵات کراوەتر بوو ، سانسۆر لەسەر خەلک کەم تر بوو ئەوەتە من لە سالی ٢٠٠٥ نەمتوانی کتێبەکەم لە هەولێر چاپ بکەم بەڵام زۆر بەئاسانی توانیم لە سلێمانی چاپ بکەم ، لە شاری سلێمانی درەنگتر سیاسەتی بنەماڵەیی دەستی پێکرد و لە دوای جیا بوونەوەی چەند کەسایەتیەک و دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانیش یەکێتی لە ڕوی جەماوەریەوە لاوازیەکی تەواوی بەخۆیەوە بینی بەلام هەولێر هەر لە سالی ١٩٩٦وە سیاسەتی بنەماڵەیی تیادا بوو وە هیچ هێزێکیش لێی جیا نەبۆوە تاکو پارتی پێ لاواز بکات.
٥-هیچ خۆپیشاندانێک بەبێ رێکخستن وپلان و بەرنامە داڕێژ ناجێت بەڕێوە ، ئەوەی لە سلێمانی روویدا کە بەرد باران کردنی بارەگای لقی پارتی بوو ، ووڵامدانەوەیەکی گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ بوو بۆ پارتی کە تۆ ئەگەر لە هەولێر و بادینان بارەگاکانمان دەسوتێنی ئەوا ئێمەش لە سلێمانی دەیسوتێنین و خەلک لە دژت هان دەدەین بەڵام نەشیان دەزانی کە خۆپیشاندانەکە لەلایان خەلکی ئازادیخواز چەند رۆژێکی زۆر دەخایەنێت، ئەگەر وانیە ئەی بۆچی ئەم ساڵ و ساڵی پار نەکرا کە هەر سێ حیزب لەگەڵ کردنی نەبوون و خەلکی ئازادیخوازیش ئامادە بوون بەڵام کەس نەبوو بیانجولێنێت و سەرپەرشتیان بکات، لەلایەکی ترهەر لەگەڵ یەکەم بەرد هاوێشتن دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئامادە ببوون بەڵام لە هەولێر کە دکتۆر پشتیوان عبدالله و هاوڕێکانی کردیان یەک دەزگای ڕاگەیاندن لەوێ نەبوو کەتاکو بە مۆباییلیش وێنە بگرێت.
٦-سلێمانی تەنها یەک بارەگای پارتی لێ بوو کە چەند کەسی شەهید و بریندار کرد و دەسەڵاتی یەکێتیش لاواز ، بەڵام هەولێر کە پارتی ١٧ساڵە حوکمرانی دەکات و زۆر لە کەسانی ئازادیخوازی شار دەمێکە هەولێریان جێهێشتووە کە زۆربەیان لە دەرەوەی ووڵاتن لە چێگای ئەوان پارتیەکانی سلێمانی و گەرمیان و هەورەمان و بادینان و بارزان نیشتەجێ بوون و
لەهەر چوار گەرەکی شار پێنج بارەگای هەیە چگە لە پۆلیس و ئاسایش و پاراستن و هێزی سەربازی ئەوکاتە دەبێت چ بقەومێت؟


٧-ئەگەر هەولێر خۆپیشاندان بکات دەبێت بەرنامەو پلانیان بۆ دانبرێت و رێکبخرێن و سەرپەرشتیاریان هەبێت هەروەکولە سلێمانی کرا ، بەرپرسانی هەرسێ حیزب و ئەندامانی پەرلەمانیان لە ریزی پێشەوە بن و دەزگاکانی ڕاگەیاندنیش ئامادەببن و تەنانەت کونسولخانەکانیش ئاگادار بکرێنەوە تاکو دەسەڵات نەتوانێت هیچ بکات ، نەکو هیچ کەسێک یان گروپێک ناتوانێت سەربەخۆ بچێتە سەرشەقام کە ئەگەر جولێنەری نەبێت ، بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقی زیاتر لە ٥٠٠٠٠ دەنگی هینا ئەگەر هیچ نەبێت بەلایەنی کەم ١٠٠٠کەس کۆدەبێتەوە بۆ خۆپیشاندان چگە لە ئەندامانی ئیسلامیەکان .
دەربارەی ئەم روونکردنەوەیە وەکو شارەزایەکی خۆم بوو لە بارودۆخی ئەم شارە و جیاوازی نابینم لە نێوان کەسانی ئازادیخوازی نەتەوەکەم لە هەر شوێنێکی دونیا بن ، مەبەستم شارچیەتی نیە و نەبووە و بەلکو بگرە شاری سلێمانی بە شاری ئەمکدار وەسف دەکەم کە زەمانێک بەهۆی بارودۆخی سیاسیم تیایدا ژیاوم بەڵام من ویستم ووڵامێکم هەبێت بۆ ئەم پرسیارە کە لە لای هەولێریەکانیش کەلەکە ببوو.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە