دەوری ڕواندزیەکان لە دەوڵەمەند کردنی پەندی پێشینانی کوردیدا
Thursday, 28/07/2011, 12:00
پەندی پێشینان لقێکە لە زمان و ئەدەب و کەلتوری گەلان و هەڵقولاوی ناخ و دەروونی باوک و باپیرانە ، کەسێک بە دەربڕینی ڕستەیەک یان دوو ڕستە بەئاراستەکردنی پەلار(تعلیق) یان ئامۆژگاری بۆ بەرامبەرەکەی لە کاتی گفتوگۆدا بەکاری دەهێنێت ، ووشەکانی تامی ئاو و هەوای ناوچەکەی لێدێت و هەردەڤەرێک بە لەهجە و شێوە زمانی خۆی دەری دەبڕێت بۆیە چێژێکی تایبەت بە خوێنەر یان بیستراو دەبەخشێت.
ڕواندزیش وەکو یەکێک لە دەڤەر و ناوچە کوردیەکان خاوەنی داب و نەریت و کەلتورێکی جیان و بەشێك لەم کەلتورە دەربڕینی چەندین پەندی پێشینانە کە تێکەڵاوی گفتوگۆیەکانیان دەکەن ، ئەم پەندانە زۆر جار هەبووە لە (گوڵە خانی) دایکمەوە گوێم لێ بووە ، بەڵام با ئەم ڕاستیەش لە بیر نەکەین کە هونەرمەندی کۆمیدی کاک (ئیبراهیم حەکیم) بە ڕێگای کارە هونەریەکانی دەوری دیاری هەبووە لە پاراستن و زیندووکردنەوەی ئەم سامانە نەتەوایەتیە ،خۆزگە کەسێک یان دەستەیەک لە ڕوشبیرانی ئەم دەڤەرە هەڵسابان بە کۆکردنەوەی ئەم پەندانە بە ڵێکۆڵینەوەیەکی زانستی لە فەوتاندن و لە ناوجوون ڕزگاریان بکردبایە و ئەرکی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانیشە کە پشتگیری لایەنی ماددی و مەعنەوی ئەم پرۆژە گرنگەیە بکەن .
جا لێرانەدا بە پێویستی دەزانم هەندێک لە پەندەکان هەر بە شێوە زمانی ڕواندزیانی بۆ خوێنەران بڵاوبکەمەوە کە هەندێکیان هەر لە سنوری ئەم دەڤەرە ماون و تێنە پەڕیون و هەندێکی تریان گواستراونەتەوە بۆ دەڤەرەکانی تر و بوونەتە سامانی گەل .
١-ئەرێی بەڕووی لە دەوی تەقینە ، واتا (هەر دەڵێی بەڕوو لە دەمی تەقیوە). ئەوکەسەی کە دەری دەبڕی مەبەستی پەلار دانە لەوکەسەی کە هیچ قسەیەک ناکات و بێ دەنگە.
٢-ما ئەمن سەرم لەبەر هەتاوێ سپی کردینە...... یان دەڵێ خۆ ئەمن سەرم لەبەر هەتاوێ سپی نەکردیە ، واتا (من لە ژێر تیشکی خۆر قژم سپی نەکردووە) مەبەستی دەربرینی لەوە دێت کە کەسێکی گێل و گەوچ نیە تاکو خەڵک فێڵی لێ بکات.
٣-تەیرەک ئەگەڕێ قوف و قوف ، تەیرمانای باڵندەیە کە لە ئاسمان دەنگی دێت و بە ئاشکرا قیقە قیقی دەکات ، مەبەستی زانینی نهێنی کەسێکە کە هەموو خەڵک دەزانێت و نهێنیەکەی ئاشکرایە.
٤-کەس ناچیتە قەبرێ کەس ، ئەمە واتاکەی دیارە مەبەستی گوناح و تاوانی هیچ کەسێک بۆ هیچ کەسێکی تر ناچێت و هەریەکە زەرەر و قازانج و باش و خراپ بۆ خۆیەتی.
٥-ددانەکی بە هەزار ساری هاتیە واتا(یەک ددانی بە هەزار ساڵ هاتووە) مەبەستی کەسانی قرچۆک و رەزیلە.
٦-گوی ناکە هەتا برسی نەبی ، ئەویشیان مەبەستی هەر کەسانی رەزیل و قرچۆکە.
٧-هەربا مووەک لە بەرازی ببیتەوە ، واتا (یەک موو لە بەراز ببیتەوە) دوو مەبەست دەردەبڕێت یەکێکیان زۆری ئیش و کارە هەندێکی تەواو بکەی باشترە ، ئەوی تریان مەبەستی لە کەسێکە کە قەرزدار بێت و قەرزەکەش نەداتەوە یان رەزیل و قرچۆک بێت شتێکی لێ بسێنیتەوە جا یان پارە بێت یاخود کەل و پەلێک شتێک بێت.
٨-هەتا گوندۆرن گوندۆر بوون ، خزمیشن گەرەک زۆر بوون
کە گوندۆر جوونە قڕانێ ، خزمیشن جوونە بڕانێ
ئەمەیان بە شێوەیەکی تریش وتراوە ، گوندۆر مەبەستی گوندۆرەیە (کاڵەک) مەبەستی لە دەوڵەمەندی و دەست رۆیشتی و دەسەڵات دێت کە لەو کاتەدا خزم و کەس زۆرن ئەوەی خزمیش نەبێت خۆی دەکاتە خزم بەڵام کە ئەم دەڵەمەندی و دەست رۆیشتی و دەسەڵاتە نەمان خزمیش نامێنێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست