تۆ بۆچی حیزبیت؟

Monday, 21/11/2011, 12:00




حیزب پێکهێنەری کۆمەڵە کەسانێکە لە چوارچێوەی یەک ڕێکخراو بە بیروئایدیۆلۆجیایەک رێکخراون ، وە کۆمەڵە کەسێک لە دەوری کۆدەبێتەوە کە خۆی دەگرێت لە چەندین چین و توێژی جیاواز و رەنگاوڕەنگ کە بیروئایدلۆجیەکەیان پێ قبولە و هەموویان لە پێناوی سەرکەوتنی کاردەکەن و تێدەکۆشن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان ، لە ژێر ناوی جیا جیا کە هەندێکیان لە جیاتی ووشەی حیزب ، ووشەکانی کۆمەڵە و یەکێتی و یەکگرتوو و بزوتنەوەو .....هتدیان بەکارهێناوە ، بەڵام هەمووی ئەم پێناسەیەی سەرەوە دەگرێتەوە.
ئەوەی لە نوسینەکەم مەبەستمە حیزبیەکانی کۆمەڵگای میللەتەکەمانە کە کار دەکەن لە ناو حیزب بەبێ تێگەیشتن لە بەرنامە و پەیڕەو و پرۆگرامی حیزبەکەیان و ئایدیایەکەیان چگە لە زانینی توانایی و زیرەکی و پاکی و دلسۆزی و...هتد و تێروانینێکی ووردبینانەی سەرکردایەتی حیزبەکەیان لە کارکردن لەم بیروئایدیایەی کە بڵاویان کردۆتەوە بۆ خزمەتکردنی خاک و نەتەوەو ووڵات و بەرژەوەندی گشتی خەڵک وبەکارهێنانی ،ئەوەی چیگای داخە حیزبیەکانی ئێمە بۆ خاتری تاکەکەس یان پاشماوەی بنەماڵەیی دەبنە حیزبی بێ ئەوەی هیچ شتێک دەربارەی حیزبەکەیان بزانن ، لێرانەدا دەمەوێ لە حیزبیەکان بپرسم:-
١-تاچەند تێگەیشتیت لە بیروئایدیای حیزبەکەت؟
٢-چەند جار بەرنامە و پەیرەوی ناوخۆی حیزبەکەت بەدەست گەیشتووەو خوێندۆتەوەو لێی تێگەیشتوویت؟
٣-بیروئایدیا و بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەکەت چگە لە دروشم و ئامانجەکانی کۆکە لەگەڵ هەڵسوکەوتی رۆژانەی سەرکردایەتی و بەرپرسەکانت و خۆیان بەکردەوە باوەڕیان پێیانە؟
٤-بۆ جارێکیش یەک نانی لەگەڵ تۆی حیزبی کەرت کردووە کە رزگارت بکات لە برسیەتی و نەبوونی؟
٥- بەر پرسەکەت لە کام بۆنە و پرسە و خۆشی و ناخۆشی تۆ بەشداری کردووە؟
٦-بەرپرسەکەت گوێرایەڵی رەخنەکانت و قبولکردنی بووە؟
٧-بەرپرسەکەت رێگری لێ نەکردوویت لە بینینی؟
٨-هیچ جیاوازیەک دەبینیت لە نێوان خۆت و منداڵان و کەس و کاری بەرپرسەکەت؟
٩-چ کردەوە و ووتە و سیفاتێکی باش لە ناو حیزبەکەت فێربوویت؟
١٠-هیچ دەربارەی ڕابردووی سەرکردە و بەرپرسەکەت دەزانیت؟
١١-سەرکردە و بەرپرسەکەت تا چەند باوەڕی بە ئازادی ڕەوای خەڵک هەیە؟
١٢-لە خۆت ناپرسیت ئەم ماڵ و سامانەی سەرکردە و بەرپرسەکانت پەیدایان کردووە؟
١٣-سەرکردە و بەرپرسەکەت تا چەند پارێزەری بەرژەوەندی خەلکن؟
١٤-خەڵک لە ژێر سایەی سەرکردە و بەرپرسەکەت خۆشگوزەران و ئاسودەن؟
١٥-حیزبەکەت تا چەند کاردەکات بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی لە دژی دوژمنانی میللەتەکەت؟
١٦-حیزبەکەت تا چەند ڕێزی لە جوانی و بەهای مرۆڤایەتی گرتووە؟
١٧-حیزبەکەت تا چەند پابەندی یاسای دەوڵەت و دابونەریتە کۆمەڵایەتیەکانە؟
١٨-حیزبەکەت تا چەند پارێزەری یەکێتی و برایەتی و تەبایی رێزەکانی گەلە؟
١٩-سەرکردە و بەرپرسەکانت هەلنەساون بە قورغ کردنی هەموو سەروەت و داهاتی گشتی خەڵک؟
٢٠-سەرکردە و بەرپرسەکەت تاچەند ڕاسگۆن لەگەڵ تۆی حیزبی و خەلکی نەتەوەکەت؟
لە ژێر ڕۆشنایی ئەم پرسیارانە و چەندین پرسیاریتریش لە خۆت بکە و بیری لێ بکەرەوە کە تۆی حیزبی ئەگەر بۆ بەرژەوەندی گشتی و تایبەتی خۆت کارناکەیت ، تۆ بۆچی حیزبیت؟ بۆ چی لەناو ئەم حیزبە خۆت ماندو دەکەیت و رەنجت بەخەسار دەدەیت؟


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە