نامەیەک بۆ روحە پاکەکەی دایکم

Thursday, 31/10/2013, 12:00









دایە گیان ، بە بیرتە کە منت لە باوەشی میهرەبانی خۆت دەنواند و واتدەزانی من هەر منداڵەکەی دوێنێی ڕواندز و گەڕەکی خانەقای هەولێرم؟ بە منت دەووت چالاکۆکە ، نەنێ گەورە تۆی بەناوی مەلاعومەری باوکم کردۆتەوەو باوکیشم بەناوی مەلا عومەرەفەندی خەیلانی کراوەتەوە ، من کە دوواهەمین منداڵت بووم و بە بۆن و بەرامی تۆی ئازیز و میهرەبان گەورە بووم.........

قەرزدارم و قەرزدارین تۆین دایەکیان ، بە موچەیەکی خانەنشینی مانگانەی باوکی رەحمەتیم ، من و خوشک و براکانمت پەروەدە کرد و بەبێ کرێکاری و کاری سەرشەقام و شاگردی خەلک ، خوێندنت پێ تەواو کردین ،رۆژێک فێرت نەکردین کە جاشایەتی و نۆکەرایەتی بیگانە بکەین ، رۆژێک پێت نەووتین برۆن پارەو داهات پەیدابکەن ، هەمیشە دەتووت (لەسەر دگورد دانیشم پارە بەخۆی دێتە خوارێ) ئێستا دەزانم کە تۆی دەست رەنگین و ژن ئابوری زان ، وای کردبوو کە موچە خانەنشینەکەی باوکی رەحمەتیم بەشی هەموو پێداویستیەکانی ژیانمان بکات ، من نازانم لەم تەنیاییەی ئاوارەییم ، جۆن بە فرمێسکی گریانەوە باسی یادگاری و سیفاتی تۆی گەورە و میهرەبان و زەحمەتکێش لە پێناوی گەورەبوونی من و براو خوشکەکانم بکەم؟.............

دایەکیان ئەی سەرپەرشتیکارەکەی نوسینی کتێبەکەم ، بە بیرتە کە چەند بەجوانی و روونی و راستگۆیی باسی خەبات و تێکۆشانی باوکم و مامەکانت و خزمانی دەڤەری ڕواندزت بۆ دەکردم؟ تاکو بەدوواداجونی بۆ بکەم و زانیاریەکان لە کتێبێک بۆ نەوەی ئێستاو دووارۆژی میللەت و شارەکەمان بنوسمەوە؟

دایەگیان بەبیرتە کە پشتم دەشێلای و پەنجەکانتم ڕادەکێشا تۆش باسی نەهامەتی و تاڵی و دەربەدەری خۆت و باوکم لە شارەکانی ڕواندز و کۆیە و مەخمور و چوارتاو...........هتدو زیندانی کردنەکانی باوکمت بۆ دەکردم؟کە لە پێناوی ئازادی و سەرکەوتنی شۆڕش و پارتی توشتان ببوو؟ نەشتزانی کە کوڕی بجوکت لەسەر نوسینی راستیەکانی مێژووی شارەکەمان ، بە پیلانی هاوخەباتانی باوکم ، دەرمانخوارد دەکرێت وپلانی لەناوجوونی بۆ دادەرێژرێت و دەربەدەر و ئاوارەی ووڵاتانی دونیا دەبێت و تۆی ئازیزی خۆی بە نەخۆشی لەسەر جێگا بەجێ دەهێلێت! دایەکیان تۆهاندەری نوسینەکانم بووی ئێستا ئیلهامی نوسینیشم لە کارکەوتووە



دایەکیان ئەی ژنەسەر بڵندەکەی خەیلانیەکانی ڕواندز و بوکەکەی میرانی سۆران ، قسە خۆشەکەی دیوەخان و خزم و دراوسێکان ، دڵنیام بە کۆچی تۆ هەموویان مات و دڵتەنگن ، بە قوربانی قسەخۆش و پێکەنین و تورەیی و جوینەکان و نسحەتەکانت بم ئێستاش لە بنی گوێم وەکو ئاوازێکی مۆسیقایی بێ ریتم دەزرینگێننەوە ، هەر شتێکم بە گوێی تۆ نەکردبێت زەرەر و پەشیمان بوومە ، ئای چەند ژنێکی پڕ سۆز و میهرەبان بووی! .......

لە شەوی ٢٤ی ئۆکتۆبەر کاتێک دڵە گەورەکەت لە لێدان کەوت بوو هاتیە خەونم بە پێکەنینەوە پێت ووتم (چالاک هەستە من هاتووم) بەڵام منی بێئاگا لە گیان لە دەستدانی تۆی ئازیزی ئاوێنەی ژیانم ئەم خەونەم وەکو خەوێکی ئاسایی وەرگرت تاکو رۆژی هەینی شەو پێیان ووتم ،......کەتۆی گەورە ، میهرەبان ، شاخ ، جیا ، روبار، کانیاوێک فرمێسکی پێڕشتم.

دایەگیان ئەی جوانیەکەی دونیا و هاوتاکەی مانگ و ئەستێرە و رۆژ و مانگ ، گۆڕەکەت روناک و پڕ نور بێت ، گوڵ و سڵاوی تەنیایی و پەنابەریت پێشکەش دەکەم ، ئاسودەبە من ئێستاش هەر ئەو چالاکەی تۆم ، جاوەڕێبە تا دەگەمە لای تۆی ئازیزم.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە