هێزى دژەتیرۆر كێیە؟
Sunday, 23/05/2010, 12:00
هەمیشە لەو جیگانەى تیرۆر هەیە هێزێكى بەرگر و دژەتیرۆر هەیە .. هێزێك هەیە دەیەوێت ئازادیەكان لە قەیران نەجاتبدات .. تیرۆر و ترس و تۆقاندن لە كۆمەڵگا دوربخاتەوە و بوار بۆ هەناسە ئازادەكان برەخسێنێت ئەڵبەت لە هەموو وڵاتێكدا ئەم هیزانە بونیان هەیە و شیوەى جیاوازیشیان هەیە بەڵام دەبێت لە كوردستاندا ئەم هێزە كێ بێت!؟
......
ئەڵبەت یەكەمین جار نیە لە كوردستاندا مرۆڤ تیرۆر دەكرێت، پرسیار تیرۆر دەكرێت، ژینگە تیرۆر دەكرێت، مرۆڤ لەسەر ئەوەى قسە دەكات .. بیردەكاتەوە .. خەونى هەیە ...جوێنى پێدەدرێت، سوكایەتى پێدەكرێت، هەرەشەى لێدەكرێت و پەلكێشى دادگاو دەزگا ناشەرعیەكان دەكرێت و ئازار دەدرێت ...بەڵكو تیرۆریش دەكرێت ، بەڵام ئەوەى واى كردووە كوردستان وەك مەیدانێكى مەترسیدار دەرنەكەوێت لە راستیدا پەیوەندى بەوە نیە كە تیرۆر و تۆقاندنى تێدانیە ، بەڵكو لە رابردویەكى دورەوە كوردستان كەنارێكى ئارامى تیرۆر كردنە ، بە بێئەوەى هەڵایەكى نابێتەوە رۆژانە تیرۆر لە كوردستاندا جۆراو جۆر و بە ئامانجى جیاواز خۆى پیشاندەدات ، بە ناوى ئاین و ئابروو مەترسى لەسەر ئاسایش و ئەزمونەكەمان و چەندین ناوىترەوە ئاین و ئابرو و ئاسایش و ئەزمونەكەمانى ئەوەندەى تر خستۆتە بەر پرسیار و تێرامان !... بە هەر مانایەك تیرۆر بناسین .. بە مانا فیزیكىیەكەى یان مانا مەعنەویەكەى ، ئەوا لەم جوگرافیایەدا دەتوانین رەقەمێكى گەورەى تیرۆر بدۆزینەوە ،لە تیرۆرى ژینگەوە تا تیرۆرى ژن ، لە تیرۆرى پرسیارى مندڵێكى قوتابخانەوە تا تیرۆرى خولیاى لاوەكان ،لەتیرۆرى نوزەى ئازادیەوە تا تیرۆرى نوسەرەكان، لە تیرۆرى فكر و بیركردنەوەوە تا تیرۆرى جەستەو ... تاد
بەڵكو ئەوەى هۆكارى گەورەى بە ئارام پیشاندانى ئەم ناوچە نائارامەیە ئەوەیە كە نەك قسەكردن و هاو خەمى جەماوەرى لەسەر ئازادى لاى خەڵك بارى كردووە بەڵكو تیرۆر و تۆقاندن لە كۆمەڵگاى ئێمەدا وەك شتێكى ئاسایى و پێویست تەماشاكراوەو ناسازگار نەبووە لە تەك ئەو عەقڵە پاسڤ و باوەى كە دەماخى خەڵكێكى زۆرى كوردستان هەڵگرێتى ،بەدەر لە عەقلی نوخبە زۆر مەلا و مامۆستا و باوك و بەرپرس و بازرگان ... دنەدەر و هۆكارى كاریگەر و ستایشكەرى تیرۆرە لە كوردستاندا ، یان پەردەپۆشى دەكات وە یاخود لە باشترین حاڵەتیدا بێدەنگ و خوێنسارد دەمێنێتەوە ،ئەمەش هەم بووە بەهۆى ئەوەى تیرۆر لە كوردستاندا نەبێتە جیگەى سەرنج وسەرسامى و بە هێمنى و دور لە دەنگەدەنگ و بیستنى دنیا و خودى كوردستان خۆیشى بێت و كارى خۆى بكات و تێپەڕێ ، هەمیش بە شێوەى راستەوخۆ و نا راستەوخۆ خۆێنى زیاترى كردووەتەوە بە بەر تیرۆردا و پێبزانرابێت یان نا خزمەتى بە تیرۆر كردووە لە كوردستاندا ،
لە كوردستانیشدا دەیان دەزگاى جۆراو جۆر بۆ بەرگرتن لەتیرۆر هەیە كە بریتین لە كۆمەڵێك موچە خۆر لە بەرگى ئاسایش و دژەتیرۆر و زانیارى و پاراستندا كە حكومەت و حیزب تەوزیفى كردوون و ئەم ئەركەی پێسپاردون، لە ناو ئەم دەزگایانەشدا بەش و ئەركى جۆراوجۆرى رێگرى لە تیرۆر هەیە لە توندو تیژى دژى منداڵ و ژنەوە بگرە تا تیمى پوچەلأكردنەوەى تێنتى و تەقینەوە و شەڕى باندەكان !...هەر وەك ئەو دەزگایانەى لە زۆریك لە وڵاتە نادیموكراتیەكانیشدا هەن.
لەكاتێكدا ئەم دەزگایانە نەك نەیانتوانیوە ببن بەهۆى رێگرتن لە تیرۆر بەڵكو زۆربەى جار دواى هەر روداوێكى تیرۆرستى و پێش هەر كەس نیشانەى برسیار لەسەر خۆیان دادەنرێت! لە راستیدا بەشێك لەم موچەخۆرانە ئەگەر خەتەریش نەبن لەسەر ئازادیەكانى خەڵكى ئەوا پارێزەریشى نابن... ئەڵبەت مەبەستم هەر هێز و چەكبەدەستێكى نا شەرعى و نایاساییە كە بە فەرمانى حیزب و سەركردەو بنەماڵەكان بتوانێ خوێنبڕێژێت ، كە باوەریشم وایە بەشى هەرە زۆر و كاریگەریشیان لەم جۆرە مەترسیدارەن !
كێشەى گەورە ئەوەیە بەم دەزگایانە نەك هەر كۆمەڵگا توشى دڵە راوكێ دەبێت بەڵكو درۆیەكى گەورەشى لەگەلأ دەكرێت و فریو دەدرێ .. بەوەى بە خەڵكى دەڵێن خەمى ئازادیتان نەبێت و وازى لێبێنن بۆ ئێمە ، ئێوە بۆ خۆتان بخەون ئێمە كەرامەت و ماڵى ئێوە دەپارێزین !بۆ ئەوەى مەراقى ئازادیخوازى لە دڵى خەڵك دەربهێنرێت و لە بەین ببرێت و بەنج بكرێت ،حیزب هەموو خەمى ئازادى لە مەخزەنى چەكەكانیدا هەڵدەگرێت.. بۆ ئەوەى سەنگەرى دیفاعكردن لە ئازادى لە خەڵك بسەنێتەوە حیزب خۆى هەزاران پۆلیس بۆ ئازادى تەعیندەكات ، بۆ ئەوەى رێكخراوى دیموكراتی بە دەس خەڵكەوە نەبێت حیزب خۆى رێكخراوە دیموكراتیەكان دروستدەكات... بۆ ئەوەى كۆمەڵگا بیر لە چاودێرى كردنى ئابوورى وڵات نەكاتەوە حیزب خۆى دەزگاى چاودێرى دارایى دروستدەكات بەسەر خۆیەوە .... حیزب لۆمەى خۆى دەكات ، قسە لەسەر گەندەڵى خۆى دەكات، بەخۆى پێدەكەنێت ...... ئەمە نەك لەبەر ئەوەى لە جەوهەردا باوەرى بەتێزى خۆ سەرزەنشتكردن هەیە بەڵكو لەبەر ئەوەى ئەو رۆڵە لە خەڵك زەوتبكات و یەكەم قسەكەرى ناو خەڵك لەسەر خۆى، بكوژێت.. ئەم حاڵەتە لە هەركوێیەكى دنیادا هەبێت نا تەندروستە ، چونكە بەشى هەرەگرنگى پاراستنى ئازادى لاى خەڵك خۆیەتى . . لاى گروپ و رێكخراو راگەیاندنە بێلایەنەكانە .
بێمانایەكى گەورەییە كۆمەڵگا ئیرادەى ئازادى تەسلیم بەم دەزگایانە بكات ، تەنانەت لە دیموكراتى ترین جێگەى دنیادا كۆمەڵگا ئەم ئیرادەیە نادۆڕێنێت و بۆ مخابەرات و پۆلیسى جێناهێڵێت ،بەڵكو ئەوە كۆمەڵگایە خودى ئەم دەزگایانە ملكەچ بە ئازادى دەكات و بەرپرسیشى دەكات لە پاراستنى ئەو ئازادیە .جەغد دەكەمەوە لەسەر ئەوەى دەبێت كۆمەڵگا بە چەندین قۆناغ پێش پێش دەزگا رەسمى و نا رەسمیەكانى حكومەت و حیزب بكەوێت دژى تیرۆر و زەوتكردنى ئازادى
راستە بۆ ئەوەى ئازادى هەبێت دەبێت یاسا هەبێت (جۆن لۆك) بەڵام مەرج نیە لە هەرشوێنێك یاسا هەبوو ئازادى هەبێت .. ئەوە دادگاكان و پۆلیسەكان نین خەونى ئازادى دەهێننە سەر سفرەى كۆمەڵگا ، بەڵكو ئەوە كۆمەڵگایە نیازى خراپ و لێڵى پۆلیسەكان پوچ دەكاتەوە و بە ناچارى پێیان دەگۆڕێت بە نیازێكى رۆشن و مرۆڤدۆستانە . خەڵك دەبێت خۆى داهێنەر و پۆلیس و پارێزەرى ئازادیەكانى خۆى و پۆلیسەكانیشى بێت و داكۆكى لە چەسپاندنیشى بكات ، خەڵكى كوردستاندەبێت بۆ دەسپێكردنى ژیانى دیموكراتى و پاراستنى ئازادى بەر لە هەرشتێك شەرەفى ئازادى خوازى وەك شتێكى زەوتكراو بۆ خۆى بگەڕینێتەوە و دەزگاكانى داكۆكىكردن لە ئازادى بهێنێتەوە ناو هەناوى كۆمەڵگا ، دەبێت كۆمەڵگا چاودێرى حیزب بكات و دادگایى بكات لە جێگاى خۆیدا رایبگرێت و پێیبڵێت بۆستە سنورت بەزاند !...دەبێت تاقەتى رژانە سەرجادەى هەبێت .. ئیرادەى مانگرتن و پشتكردنە بەرتیل و روكردنە خەون و ژیانى خەڵكى هەبێت ...غیرەتى نوسین و دەنگ هەڵبڕینى هەبێت. ئازادى ئەگەر بەم جۆرە بەدەست نەهێنرێت ئازادیەكى مزەوەرو قەرزكراو دەبێت و جگە لە سواڵكەرەكانى ئازادى مرۆڤى ژیر ناچێتە ژێر بارى ئەم منەتەوە ، بۆیە مرۆڤى ژیر چاوەروانى ئەوە ناكات ئیرادەى خۆى بۆ بپێچن لە نانێكى گەرمەوە و بە منەت بیخەنە سەر سفرەكەى ...
ئەگەرچى لە ماوەى دواى راپەریندا و لە بەرئەنجامى ئەو درۆیەى كە میلیتارەكان خەڵكیان پێفریووداوە، ئەو هەوڵ و رۆحیەتەى لە كۆمەڵگاى كوردیدا سڕ و پاسیڤ كردووە .كۆمەڵگاى كوردى لە باشور ،بەر لە راپەرین ئەم رۆحیەتەى لە بەرزترین كێرڤیدایە كەچى دواى راپەرین تەسلیم بە حیزب و میلیشیاكان و حكومەتى دەكات و بۆ خۆى پاڵى لێدەداتەوە ...بەڵام دواى ئەو بە دەنگەوەهاتنە لە سەر تیرۆر كردنى(سەردەشت) دەكرێ بڵێین خەریكە هەناسەى خۆى دەداتەوە .بە دڵنیاییەوە بەردەوامبونى ئەم هەڵوێستەش لە ئەنجامدا ملكەچ كردنى دەسەڵات دەبێت بۆ ئەوەى ببێتە مۆزەفى خواستەكانى ئازادى، بەردەوامبوون بەو مانایەى هەموو هەفتەكانمان بكەینە هەفتەى بێدەنگنەبوون ... بۆ هەمیشە دەنگى ئازادیخوازانەمان دلێر بێت ،كە هیوامان وایە ئەوە ببێتە هاوخەباتیەك بۆ ئازادى و بە كۆمەڵگاییكردنى خەمى ئازادى و هێزى دژە تیرۆر و پاراستنى ئازادى بكاتە هێزێكى كۆمەڵگایى.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست