کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەیاننامەى (1) ى سەنتەرى گەشەپێدانى چالاكیى لاوان

Thursday, 21/04/2011, 12:00




بەبۆنەى پێشێلكارییەكانى مافى مرۆڤى رۆژانى 19 و20 /4/2011 ى شارى سلێمانى و دەورو بەرى

بۆ سەرجەم رێكخراوەكانى كۆمەڵگاى مەدەنى ناوخۆیى و نێودەوڵەتى

پاش شەست ڕۆژ لە خۆپیشاندانى بەردەوام لەشارى سلێمانى ودەوروبەرى بەبڕیارێكى نامەدەنى و عەسكەرتاریانە شارى سلێمانى لە ئێوارەى 18/ 4 / 2011 كرایە سەربازگەیەكى گەورەى هێزە چەكدارەكانى سەر بەحیزبە دەسەڵاتدارەكانى كوردستان و لە بەرەبەیانى 19/4/2011 دا كەوتنە گیانى هاوڵاتیانى سیڤیلى شارى سلێمانى و هەر كەسێكیان بەردەست كەوتبێت ئازاریانداوەو ئیهانەیان كردووە .لە لایەكى ترەوە لەهەمان ڕۆژ لەلایەن هێزێكى سەربازى نەناسراوەوە دەستگیرا بەسەر 25 پاس لە خوێندكارانى زانكۆى سلێمانى كە بەنیازبوون بۆ خۆپێشاندانى هێمنانە ڕوو لە دادگاى سلێمانى بكەن بۆیە بۆ شوێنێكى نادیار ڕاپێچكران و بۆماوەى هەشت كاتژمێر لە دەشتێكى دەرەوە شارى سلێمانى دەستبەسەر كران و بەتوندترین شێوە ئیهانەكراون و ئازارى دەرونى دراون و هەندێكیشیان كە گومانى ئەوەیان لێدەكرا لایەنگرى ئۆپۆزسیۆن بن ئازاردراون و ئیهانە بە بیروبۆچون و ئایدیایان كراوە. هەروەها هەمان هێز بە شەق بەر بونەتە مامۆستایانى زانكۆو بێڕێزییان بەرامبەر نواندون ، پاشان بەزەبرى هێزو بێ هیچ پاساوێكى فەرمى ویاسایى بەربونەتە گیانى قوتابیانى بەشە ناوخۆییەكانى شارى سلێمانى و پاش جوێنپێدان و ئازاردان بەشەناوخۆییەكانییان پێچۆڵكردون و ناردونیانەتەوەماڵەوە.

لەلایەكى ترەوە بێ گوێدانە بەڵگەنامە نێودەوڵەتیەكانى مافى مرۆڤ و بەڵگەنامەكانى تایبەت بەپاراستنى گیانى رۆژنامەنوسان ، كەوتونەتە رەشبگیرى هاوڵاتیان و رۆژنامەنوسان و رۆشنبیرانى شارى سلێمانى و دەوروبەرى كە دیارترینیان نوسەرو روناكبیرى شارى سلێمانى (رێبین هەردى) بوو كە بەدڕندانەترین شێوە ئەشكەنجە دراوەو داوایان لێكردووە كە دەست لە خۆپیشاندان هەڵبگرێت. هەروەها بەئاشكراو بەبەرچاوى قوتابیان و كامێراكانەوە حەرەمى زانكۆى سلێمانى لە لایەن هێزەچەكدارەكانەوە شكێنراو گازى فرمێسك ڕێژیان بەرامبەر بەكارهێنان.

ئێمە لە كاتێكدا هێنانى ئەو هێزە زۆرە نابەرانبەرەى حیزبەكانى دەسەڵات بۆ ناو شارەكان و رێگرتن لە كارو كاسپى خەڵكى بە پێشێلكردنى مافەكانى مرۆڤ دەزانین وپێمانوایە ئەو مامەڵە نابەرپرسیارانەى دەسەڵات بەرامبەر هاونیشتمانیان شەرعیەتى دەسەڵات و سستمى سیاسى لە كورستان بەتەواوى دەخاتە ژێر پرسیارى بە حیزبى بونەوەو ئەزمونى حكومەتى هەرێم لەكەدار دەكات و داوا لە لایەنە بەرپرسەكان لە هەرێمى كوردستان دەكەین كە هەرچى زوترە پاشەكشە بەو هێزە نەناسراوەبكەن تا توندوتیژى زیاترى لێنەكەوێتەوە. بەهەمان شێوەش داوا لە هاوڵاتیان و خۆپیشاندەرى شارى سلێمانى و دەوروبەرى دەكەین كە دوور بكەونەوە لە نواندنى هەرجۆرە توندوتیژیەك تا بوارنەدەنە هێزە چەكدارەكان بۆ تەقەكردن و ئازاردانى خۆپیشاندەران .



سەنتەرى گەشەپێدانی چالاكیى لاوان

سلیمانى 20/4/2011
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە