پێشمەرگە یانی ئەدیداس .. ئەدیداس یانی پێشمەرگە..!!
Saturday, 05/11/2011, 12:00
سەرەتا ئەمەوێت بڵێم هیچ کات نەمویستوە بێ رێزی بە شکۆمەندی نەتەوەکەم بکەم تەنها ساتێکیش رێ بە خۆم نادەم کارێک لەو چەشنە بکەم بەڵام هەمیشە پێم خۆش بوە یانی لە راستیدا بە ئەرکم زانیوە لە هەر کوچەیەکی تاریکی ئەم ژیانە دا منداڵێکی رەش و روت و برسی و بێ جلم بینی سەروچاوی بە خوێن سورکرابو و وە شار بەدەر کرابو ئەو منداڵە ناوی حەقیقەت بو هەر چەند زەمەن زەمەنی لامەعقولیش بێت قسەی باق و بریق و ماساتاو سارد کەرەوە سەروی دیوەخانیان گرتبو مەعقولەکانیش لە دیوەخان(چا) یان شەربەتیان دەگێرا دەستی ئەو مندالە بێ نازە بگرم و دەیبەم بۆ مالە بچکۆلەکەی ویژدانم
چون دڵنیام رۆژێک ئەو راستیانەی لە ئێستادا وتنیان سوکایەتیە بە سەرۆک و جێگرە رێگرەکەی دەبێتە مۆم و بۆ بەرچاو رونی نەوەکانی ئایندە.
ووشەی پێشمەرگە لای هەر تاکێکی کورد بە پیرۆز دەبینرێت چون هەر خانەوادەیەکی کورد گەر کورێکیان پێشمەرگە نەبوبێت ئەوا بە دڵنیایەوە کەسانێکی نزیکیان یان هیچ نەبێت لە دڵەوە پێشمەرگە بون
بەڵام نابێت لەو راستیەش خۆمان لادەین کە پێشمەرگە زەمەنێک ئەو کائینە پیرۆزە بو کەوا داکۆکی لە بەهاکانی ئازادی و کەرامەتی کورد دەکرد کە بەچەکێکی سادەو کەمێک نانە رەقەوە روبەروی دڕەندەترین لەشکری بەعس دەبویەوە. هیچ وەخت ئەو چەکدارە نە دەبو بەهەڵگری پێش ناوی پێشمەرگە کە کۆڵوانەی سوریان لە پشت دەکردو وەک تانجی پێش سوپای عێراق دەکەوتن بۆ راوکردنی پێشمەرگە لە سالەکانی ١٩٦٦ی سەدەی رابوردو
ئایا دەکرێت بەو چەکدارانە بڵێن پێشمەرگە کە چەندین کەسایەتی تێکۆشەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیان گرت و تەسلیمی سوپای ئێرانیان کردن ئەوانیش بە دوای سەیارەدا رایان کێشان تەنها بۆ ئەوەی خاوەنەکانیان لە کەرەج خێمەکانیان بۆ بکەن با خانو ؟؟یان دەکرێت بە چەکدارە جیهادیەکانی بزوتنەوەی ئیسلامی بڵین پێشمەرگە کە چەندین پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتیان تەحویلی ئێرانیا ئاغایان دایەوە کۆماری سێدارەش هەمویانی لە سێدارە دا
دەپرسم دەبێت بەو هێزە میلیشیایە کە بەفەرمانی پیاوەعەسکەریەکانی حیزب پێش سوپای پاسداران دەکەوتن بۆ قوڵای باشوربۆ لێدانی بنکەکانی کۆمەڵەو دیموکرات یان وە پێش سوپای جەلادی بەعس بۆ سەر پەرلەمانی کوردستان یان دەبونە دەلیلی سوپای تورک بۆ سەر پێگەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان
من وادەزانم هیچ مرۆڤێکی خاوەن ویژدان ئامادە نیە ناوی پیرۆزی پێشمەرگە ببرێت بەسەر ئەم گروپە مافیایاندا من دڵنیام ئەوانەی لە رابوردودا پێشمەرگە بون ئێستا نەفرەت لەو رابوردوەی خۆیان دەکەن کە ئەمرۆژەی بەرهەم هێناوە شەهیدەکان گەر بیان توانیایە بگەرێنەوە ئێستا زیندو دەبونەوە جارێکی تر خۆیان دەدا بە شەهید کردن دژی ئەم ناعەدالەتیەی کە بە پیرۆزی پێشمەرگەی دەکەن
دیسان دەپرسم لە کام فەرهەنگی ووشەدا جێی دەبێتەوە بەو هێزانەی رۆژهەلاتی کوردستان بوترێت پێشمەرگە کە بەخۆیان بزانن یان نا بون بە بار بە سەر خەڵکی ناوچەکەوە دوژمنە ئەسلیەکەیان قاچی ناوەتە سەر قاچ قەزوان ئەتروکێنێ راستی منیش هێز گەلێکی وەها نەیارم بێت بە بیجامەوە دەخەوم .
ئەوە بە کورتی بیر هێنانەوەیەک بو. یانی مشتێک لە بو لە خەرواری ناشیرینیەکانی سەرانی کورد بەسەر پێشمەرگەدا هێناویانە
گەلۆ پرسیار ئەوەیە ئەم هێزە میلیشیایە کە چەندین ناوی بۆ داتاشراوە (زێرەڤانی .تایبەت .کوبرا .کۆماندۆ)بۆ پاراستنی کیانی نەتەوەی کوردە یان پاراستنی هەیبەتی بنەمالە ؟ گەر وەلامی یەکەم بێت دیسان پرسیارێکی دیکە روبەرویان دەبێتەوە ئایا رۆژانە سەروەری خاکی هەریم بن پێ دەنرێت بۆ ئەم هێزە مێشێک میوانیان نیە ؟
کەواتە دەگەینە ئەو راستیەی ئەرکی سەرشانی ئەم هێزانە پاراستنی کورسی چەند کەسانێکن کە بەپەنجەی دەست هەژمار دەکرین نەک پاراستنی ئاسایشی نەتەوەی کوردستان بۆ پاڵشتی ئەم بۆچونەشمان چەند نمونەیەک وەک بەڵگە باس دەکەین لە سەرو بەندی جموجۆلەکانی بەهاری عەرەبیدا باشوری کوردستان وەک هەمو گەلانی ناوچەکە کێرڤی نارەزایەتیەکانی بەرز بویەوە لیرەو لەوی خۆپیشاندان ئەنجام درا تا سەرئەنجام کارەساتی ١٧شوبات روی دا جەند کەس بونە قوربانی بە دەستی هێزەکانی بارزانی سەرەرای قورسی روداوەکە کەچی فەرمانی جوڵاندنی هێزی ئامادەکراویان دا بۆ سلێمانی کەسێک زانیاری تەواوی لە سەر جوغرافیای ناوچەکە نەبێت وا دەزانێ سلێمانی سنوری تورکیاو ئێرانە بەلام هەرکەس ئەو راستیەی لا رونە ئەوان هیچ باکیان بە سنور نیە هێندەی خەمی کورسیەکەی ژێر خۆیانیانی هەیە لە ناوخۆ لێ سەرهەڵدانی خەڵکی خۆراگری سڵیمانی بە جۆرێک کەمەرشکێن بو بە پەرۆیەکی زەرد کلکیان گرتن و فڕێیان دانە ئەو جێگەی تێیدا مۆڵ درابون .
هەر سەبارەت بەم هیزە لە سەرەتای هێرشەکانی ئێران بۆ سەر گەریلاکانی پەژاک دیسان هێز وە جوڵە خرایەوە بۆ نزیک لەو ناوچانەی پەژاکی لێیە بەپێی بڵاو بونەوەی هەوال گوایە لە خەیاڵدانی خۆیاندا وایان بریار لێ داوە هەر جێگایەک پاسدار گرتی رادەستی ئەم هێزەی بکات کە ناویان لێ ناوە پێشمەرگە
کرۆکی نوکتەکە لێرەدایە ئەم هێزەی ناوی پێشمەرگەیە بە کاربهێنرێت بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە کۆمەڵایەتیەکان لە چەند رۆژی رابوردودا بینیمان ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکیەتی ناسراو بە جەنەراڵی بێ ئەستێرە محمود سەنگاوی چۆن بۆ شکاندنی رکابەرە عەشایەرەکەی هێز رەوانەی ناو شار دەکات پاساوبەوە دەهێنێتەوە کە بۆ چەسپاندنی یاسا هێزی پێشمەرگەی کوردستان مستەکۆلەیەکی بەهێزە بۆ لە یاسا دەرچوان ڵی خەڵکی کوردستان دەپڕسێت لە کاکی بۆدی کامیل بۆیاخ گەر یاسا یاسای دارستان نەبێت خۆت یەکەم داواکراوی بەردەم یاسا یت عالی جەناب
دەرئەنجام دەگەینە ئەو راستیەی هەمو جوڵانەوەیەک شۆرش نیە و هەمو چەکدارێکیش پێشمەرگە نیە
تێبینی ناونیشانی بابەتە کە وتەی قیادیەکی پارتی لە ناوچەی هەڵەبجە وەک پێشنیار بۆ نێچیرڤان بارزانی کە پێلاو بۆ چەکدارەکانی بکرێت لە جەولەی یەکەمی شەری ناوخۆدا
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست