کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گەندەڵیەكى زۆر زەقــــى هاتوچۆى سلێمانى بە بەڵگەوە

Tuesday, 26/10/2010, 12:00




چەند رۆژێك لەمەوبەر بابەتێكم لە كوردستانپۆستدا خۆێندەوە لەسەر گەندەڵیەكانى ئاسایشى سلێمانى كە زۆر سەرنجراكێش بوو بۆ هەمووان ، دیارە زۆر پێویستە خوێنەرى بەرێز زۆر باش بزانێت لە سلێمانیدا زۆربەرى فەرمانگە حكومیەكان غەرقى گەندەڵین و بەرتیلخواردن و كاركردن بەمەحسوبیەت لەم فەرمانگە خزمەتگوزاریانەدا لە لووتكەدایە و تاكو ئیستاش هیچ ئیرادەیەكى راستەقینە نەبووە بۆ بنبڕكردنى ئەم جۆرە گەندەڵیانە كە هاوڵاتیانانى بێزاركردووە .

بەرێوبەرایەتى هاتوچۆى سلێمانى یەكێكە لەم فەرمانگە حكومیانەى كەبەدەست گەندەڵى و تەكەتولبازییەوە زۆر دەمێكە ئەناڵێنێ ، لێرەدا بە بەڵگەى حاشاهەڵنەگرەوە هەوڵدەدەم گەندەڵیەكى زۆر زەقى ئەم فەرمانگەیە بخەمە روو بۆ خوێنەرانى بەرێز .

وەك هەموو ئەفسەرە بەرێزەكانى هاتوچۆى سلێمانى ئاگادارن لەنزیكەوە كە ئەم هاوینە چەند ئەفسەرێك بە بەرتیلەوە گیران و راپێچى زیندانكران ، لەرۆژنامەكانى وەك ئاوێنە و هاوڵاتیشدا ئەم هەواڵە بڵاوكرایەوە ، سەرجەمى بەرتیلخواردنەكەش پەیوەندى بەبەشى مۆڵەتەوە هەبوو كە ویسترابوو بەپارە چەند كەسێك لەتاقیكردنەوەكانى تیۆرى و پراكتیكیدا دەربچێنن ، پاش دەستبەكاربوونى بەرێوبەرى نوێ هەندێ كەس ساویكانە پێیان وابوو ئیتر ئەمجۆرە كارە ناشرینانە لەگۆڕنراوە بەڵام هەرزوو دەرچوو كە وانیە ، چونكە چەند رۆژێك لەمەوبەر ئەفسەرێكى بەشى مۆڵەت كە بەرپرسى تاقیكردنەوە تیۆریەكانیش بووە ئافرەتێكى گومانلێكراوى لەسەر تەكلیفى كەسێكى زیاتر گومانلێكراو كە هەر كارمەندى هاتوچۆیە لەبەشى راگەیاندن لەتاقیكردنەوەى تیۆریدا دەرچاندبوو پاش ئەوەى بەحەقى خۆى دەرنەچبوو ، پاشتر كارەكە لاى بەرێوبەرى هاتوچۆ بەبەڵگەوە ئاشكرابوو كەئەو ئەفسەرە ساختەى كردووە لە فۆرمى تاقیكردنەوەكەدا و فۆرمەكەى گۆڕیوە و بەخەتى خۆى فۆرمێكى ترى خستۆتە شوێنى و دەریچاندووە ، كە ئەمەش لەیاسادا تەزویرێكى زۆر سەریح و ئاشكرایە و هیچ جۆرە پاساوێك نیە بۆ چاوپۆشیكردن لێى ، دیارە پاش ئەوەى ئەو ئەفسەرە واستەى بەچەند كەسێك كرد لاى بەرێوبەرى هاتوچۆ لەوانە بە بەرپرسى بەشى یاساى وەزارەت كە هات بۆ بەرێوبەرایەتى هاتوچۆ و ناسراویشە بەوەى پەیوەندە زۆر بەهێزى لەگەڵ ئەو ئەفسەرە و مەرجەعى ئەو ئەفسەرە هەیە كە بەرێوبەرى ئیدارەى هاتوچۆیە توانیان قەناعەت بە بەرێوبەربكەن كە چاوپۆشى لەم تەزویر و كارە مەزنە ساختەكاریە بكات ، دیارە خودى بەرێوبەرى مۆڵەت كەسێكى زۆر لاوازە و هەموان ئەزانن وەك دیكۆر لەو شوێنە بەواستە دانراوە .. ئیستاش بەشاهیدى هەموو هاتوچۆ ئەو ئەفسەر لەبەشى مۆڵەت دەوامى ئاسایى خۆى دەكات و ئەڵێى نەباى دیوە و نەبۆران ، بەڵام ئەگەر ئەم كارە لەهەر ئەفسەرێكى ترى داماوى بێ واستە روویبدایە فەورى مەجلسى تەحقیقى لەسەر پێكئەهێنراو قوڕى خەست بۆ بابیشى ئەگیرایەوە ، بۆیە با بەرێوبەرى هاتوچۆ ناحەقى هیچ ئەفسەرێكى هاتوچۆ لەداهاتودا نەگرێت ئەگەر هاتو كارێكى هەڵەى كرد و ویسترا لێپرسینەوەى لەتەك بكرێت و ئەم ئەفسەرە وتى ئەى جەنابى بەرێوبەرى بۆچى لەتەك ئەفسەرە تەزویرچیەكەى مۆڵەتدا ئیجرائاتت نەكرد و لەتەك من ئەیكەى؟؟!! ، ئەوە گەندەڵیەكانى بەشەكانى ترى هاتوچۆ حیكایەتى مێشە و بەچەند زنجیرەیەك تەواو نابێ گە باسى لێوەبكرێ بۆیە جـــارێ هەر لێى گەڕێین باشە ...
 



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە