سێ شه‌مه‌ی ڕه‌ش
Wednesday, 02/06/2010, 12:00
له ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی ژماره 179 وه‌رگیراوه
له‌م هه‌فته‌ی دوایدا برایه‌کی سه‌رده‌شت له ڕاگه‌یاندنێکا نووسی :
(( له‌رێگای ئه‌م راگه‌یاندنه‌وه ئاگادارتان ده‌که‌م که من وه‌کو برای سه‌رده‌شت و وه‌کو که‌سێك که به‌شێکی ژیانی خۆمم بۆ به‌رگری له ئازادی سیاسی، ئازادی راده‌ربڕین و بیروڕا، دژی تیرۆر‌و سه‌رکوتی سیاسی ته‌رخانکردوه، وه له‌و سۆنگه‌یه‌وه که بڕوام وایه سه‌رده‌شت نارازی له نایه‌کسانی و قوربانیی ئازادی بوو، بزوتنه‌وه‌یه‌کیش که به‌دوای تیرۆره‌که‌یدا شاره‌کانی کوردستانی خرۆشاند و تا ده‌ره‌وه‌ی کوردستانیش کشا، بۆ به‌رگری له ئازادی و له‌پێناو ئازادیدابوو، دروستکردنی په‌یکه‌رێك بۆ سه‌رده‌شت به‌ناوی (په‌یکه‌ری ئازادی)یه‌وه له‌هه‌مان ئه‌و شوێنه‌دا که لێی رفێنرا، واته له‌به‌رده‌م کۆلیژه‌که‌یدا راده‌گه‌یه‌نم))
له درێژه‌ی ڕاگه‌یاندنه‌که ئه‌م برایه‌ی سه‌رده‌شت داوای هه‌موو جۆره کۆمه‌کێکی مادی و یاسایی ده‌کا بۆ عه‌مه‌لی کردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی ئه‌م په‌یکه‌ره. به‌ر له ڕاگه‌یاندنه‌که‌و دوایی ده‌رچونیشی خه‌ڵکی تریش به شێوه‌ی جۆراوجۆر هه‌مان فیکره‌ی له‌سایته‌کان باس کردبوو. بیرۆکه‌ی ئه‌م په‌یکه‌ره، له‌هه‌ر فۆرمێکدا خۆی نواندبێ ده‌رگایه‌کی بۆ تێگه‌یشتن له بارودۆخی فیکری و سایکۆلۆژی ئه‌مڕۆی به‌ره‌یه‌کی فراوان له خه‌ڵکی کوردستان کرۆته‌وه ،که کاره‌ساتی تیرۆری سه‌رده‌شت به دوای خۆیدا ڕایکێشا . ئه‌مه‌ش له کاتێکدایه ئه‌و ڕژێمه سیاسیه‌ی له ئه‌مڕۆی کوردستان حاکمه چه‌ند جارێک له زمانی سه‌رۆکه‌که‌ی ، له‌زمانی به‌یان نامه‌ی مه‌کته‌بی سیاسی حیزبی یه‌که‌می ده‌سه‌ڵاتدار ، له هه‌ڕه‌شه‌و چاوسورکردنه‌وه به‌رده‌وامن .
ڕژێمی سیاسی له ئه‌مڕۆی کوردستاندا خوێنده‌وه‌ی بۆ بارودۆخه‌که له چوارچێوه‌و درێژه‌پێدانی هه‌مان جیهان بینی به‌ر له کاره‌ساتی تیرۆری سه‌رده‌شت ده‌خولێته‌وه . پێک هاته‌ی ئه‌م جیهان بینیه وه‌ک هه‌ر ڕژێمێکی تری کلاسیک و تۆلیتاری سه‌ده‌ی ڕابردوو ، پشتی به‌ستووه به بوونی هێزو سوپایه‌کی چه‌کدار ، دام وده‌زگای جاسوسی ،ئه‌رته‌شێک له میدیای زه‌رد ،هێزی ئابووری . بێجگه له‌م پێکهاته‌نه‌ش ئه‌زموونی ڕابردووی ئه‌م رژێمه له مامه‌ڵه له گه‌ڵ کاره‌ساته‌کانی 19 ساڵی ڕابردوو وای ڕاهێنابوو که هه‌موو تووڕه‌بوونه جه‌ماوه‌ره‌یه‌کان خه‌سڵه‌تێکی کاتیان هه‌یه‌و دواتر خامۆش ده‌بن . ئه‌م ڕاهاتنه ، ئه‌م لۆژیکه له‌مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر به‌شێکه له دڵنه‌وایه زاتیه‌کانی ئه‌م جیهان بینیه که له دوای تیرۆری سه‌رده‌شت پێگه‌ی خۆی له‌ده‌ستدا . بۆیه له شوێنی دڵنه‌وایی زاتی وچاوه‌ڕێ کردنی بێ سه‌مه‌ری نیشتنه‌وه‌ی توڕه‌یی ، به‌یان نامه‌ی پڕ له‌هیستیریاو هه‌ڕه‌شه‌و بڕینه‌وه‌ی " ده‌ستی تێکده‌ر " ، له‌گه‌ڵ ناو و ناتۆره کردنی جه‌ماوه‌ر له‌لایه‌ن نووسه‌ره موخلیس و بێ باره‌کانی ئه‌م رژێمه ده‌ست پێ ده‌کات .
کاره‌ساتی تیرۆر کردنی سه‌رده‌شت کۆمه‌ڵێ هاوکێشه‌ی سیاسی و ئایدیۆلۆژی دروست کردووه ،که ئه‌گه‌ر ڕه‌گه مێژویه‌کانی کۆکه‌یته‌وه هێڵکاری و روخساری پڕۆژه‌یه‌ک دیاره . ئه‌م پڕۆژه‌یه له‌سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆدا له‌سه‌ره‌تایترین فۆرمی خۆی له‌دایک بوو . له‌وساوه وه‌کو پڕۆژه‌یه‌کی بێ سه‌روسیما له هه‌ناوی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه به دوای بوونێکی واقیعی خۆی بووه . بیرۆکه‌ی دروست کردنی په‌یکه‌رێک بۆ سه‌رده‌شت ، هه‌وڵه تازه‌کانی ئه‌م پڕۆژه‌یه ده‌رده‌خا که له مێژووی تازه‌ی کوردستان ، له سه‌ر هێڵی هاودڵی جه‌ماوه‌ردا ده‌یه‌وێ له ڕێگای بنیات نانی په‌یکه‌رێکدا، سه‌ره‌تایترین بوونی خۆی له‌و کۆمه‌ڵگه‌یه بسه‌پێنێ . گرنگ نیه تازه ده‌سه‌لات ڕێگا بدات یان نه‌دات په‌یکه‌ر بۆسه‌رده‌شت وسۆران دروست بکرێ ، تێکه‌ڵاو بوونی ڕوخساری ئه‌وان وه‌کو به‌هێزترین لۆگۆی به‌ره‌نگاری ، ئاوێته‌ی سایکۆلۆژیای جه‌ماوه‌ر بووه‌و ئه‌م دوو لۆگۆیه ڕه‌نگه زیاد بکاو قوربانیتر و لۆگۆیتری بێته سه‌ر .به‌ڵام، تازه قه‌ت ناسڕێنه‌وه .
له‌سه‌رده‌می شۆڕش له ئێران ، له ڕۆژێک که هه‌ینی بوو، به‌ر له ڕوخاندنی ڕژێم له گۆڕه‌پانی (حه‌وت تیر) له‌تاران دام و ده‌زگای سه‌رکوتگه‌رو جاسوسیه‌کانی ڕژێم قه‌سابخانه‌یه‌کی گه‌وره‌یان بۆ جه‌ماوه‌ری توڕه دروست کرد سه‌دان که‌س تیرۆرکران . ڕژێم ده‌وری گۆڕه‌پانه‌که‌ی گه‌مارۆ دابوو ،هاتوچۆی قه‌ده‌غه کرد‌و له ڕیگه‌ی ماشێنه‌کانی ئاگرکوژێنه‌وه خوێناوی کوژراوانی گۆڕه‌پانه‌که‌ی ڕاماڵی بۆ ئه‌وه‌ی ئاسه‌واری تاوانکاری نه‌مێنێ . شۆردنی گۆڕه‌پانه‌که تووره‌بونی خه‌فه نه‌کرد، به‌ڵکو زیادی کرد‌و له خه‌رمانی به‌رهه‌مهێنانی زمانی تایبه‌ت به شۆڕش ؛ زاراوه‌ی (هه‌ینی ڕه‌ش) په‌یدابوو، بوو به گڕپژێنی دروشمه‌کانی خواستی ڕووخاندنی ڕژێمی شا . ڕفاندنی سه‌رده‌شت له ڕۆژی سێ شه‌مه‌ی 4 ئایاری 2010 نه‌ک ته‌نیا ده‌بێته خاڵی به یه‌ک گه‌یشتنی مێژو و سیاسه‌ت له‌سه‌ر ته‌رمی به‌جێماوی گه‌نجێکی یاخی ، به‌ڵکو ده‌بێته ئه‌و ڕۆژمێره‌ی که زاراوه‌یه‌کی تازه ده‌خاته سه‌ر خه‌رمانی نموونه‌کانی یاخی بوون و (سێ شه‌مه‌ی ڕه‌ش) له نێو زمان وفه‌رهه‌نگی مێژووی تازه‌مان جێگیر ده‌کا . ئه‌م جێگیر کردنه ته‌نیا زمانه‌وانی نیه، کرداره‌و ده‌رگا له خستنه‌ڕوی ده‌یان داخوازی واڵا ده‌کات ، یه‌کێک له‌وانه داخوازی دروست کردنی په‌یکه‌ر بۆ سه‌رده‌شت له شوێنی ڕفاندنه‌که‌ی، که‌خواستێکی جه‌ماوه‌ریه چه‌نده گرێدراوه به پڕۆژه و ئۆمێده‌کانی بنیات نانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی شایسته به ئینسان له کوردستان ، ئه‌ونده‌ش هاوڕابوونێکی خۆبه‌خۆیی و سروشتیه، بۆ سه‌پاندنی ڕه‌مزێک بۆ پێچانه‌وه‌ی ده‌وره‌یه‌کی بیست ساڵی له بێ ده‌نگی وخۆخواردنه‌وه .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست