سیناریۆكەی پارتی فەشەڵی هێنا سەردەشت تیرۆرست نەبوو
Monday, 20/09/2010, 12:00
خۆشیەكە لەوەیە كەس باوەر ناكات بە تۆمەتباركردنی شەهیدی قەلەم سەردەشت عوسمان بە كاری تیرۆرستی و بوونی پەیوەندی لەگەڵ گروپی ئەنساروولئیسلام و داواكردنی پەیوەندی ئەم گرووپە لەگەڵ زەردەشت بەڵام پارتی لە دوای كوشتنی زەردەشت بە دوای سیناریۆیەك دەگەڕێت بۆ ئەوەی خۆی لە كوشتنی زەردەشت بباتە دەرەوەو خەڵك وا بزانێت پارتی بێتاوانە لەم مەسەلەیەوە، ئەگەر پارتی بێتاوانیش بێت لەم كوشتنە ناتوانێت بڵێ بێتاوانم من بە كوشتنیەوە ئاگادارنیم چونكە سنوری پارێزگای هەولێر بە دەست پارتیەوەیەو سەرجەم ئەو هێزە ئەمنیانەی لەم پارێزگایەشن پارتین.
ئەم سیناریۆیەی پارتی وەك سیناریۆی كوشتنەكەی شەهیدی قەلەم سەردەشت عوسمانە كە دووبارەی كردوەتەوە ئەگەرنا گرووپی ئەنسارولئیسلام چۆن توانی دە بازگەو بیست ترافیك لایت و سەیارەی بێ ژمارەو راوەستانی لەبەردەم دەرگای كۆلیژی زمان و هێنانە دەرەوەی سەردەشت لە ناو كۆلیج و لێدان و باركردنی لە سەیارە بەبەردەم كۆمەڵێك ئاسایش و پۆلیس و مرووری كۆلیژی ئاداب كە هەندێك چەند پێیەك لێی دووربوونەو هەندێكیشیان لە ناو پرسگەوە سەیریان كردووە بۆچی پۆلیس و ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەم كاتە قسەیەكیان لەگەڵ گرووپی ئەنساروولئیسلام نەكرد بۆچی ئاسایشەكانی بەردەم كۆلیج نەیان وت كاكە ئێوە ئەم كورە بۆ كوێ دەبەن بە لێدان باری سەیارەتان كردووە ئەمە ڕۆژنامەنوسەو قوتابی زانكۆیە، بۆچی پێیان نەوتن ئێوە كێن.
سەردەشت تیرۆرست نەبوو هیچ پەیوەندیشی لەگەڵ گرووپی ئەنسارولئیسلام نەبوو بگرە كەسێكی بێتاوان و ڕۆژنامەنوسێكی پاك بوو هیچ كاتێكیش تەقەبوولی ئەوەی نەكردووە خیانەت لە كورد بكات ویژدانیشی ئەوەی قبوڵ نەدەكرد ئازاری چۆلەكەیەك بدات، ئەگەریش بە دەم ڕێوە بۆ پیاسەیەك بڕۆیشتایە لە مێروولەكان لای دەداو نەوەك ئازاری یەكیان بدان بە هۆی نەبینینی.
ئەوەی بەناوی گرووپی ئەنسارولئیسلامیشەوە قسەدەكات و دەڵێت سەردەشت لەلایەن ئەنسارولئیسلامەوە داوای كاری لێ كراوە بەلام نەی كردووە بۆیە كوژراوە ئەمە تەنیا سیناریۆی بكوژانی سەردەشتە بۆئەوەی ئەم كوشتنەی ون كەن و خۆیان لێ ببەنە دەرەوە نەوەك ڕۆژێك لەبەردەم دادگایەكی نێو دەوڵەتیەوە رووبەروی لێكۆڵینەوە ببنەوە.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست