ئەنوەرى حاجى عوسمان لە نێوان سزادان و هەڵوێستدا
Friday, 17/01/2014, 12:00
ئەنوەرى حاجى عوسمان کە چەکدارێکى دێرینى سەر بە جەماعەتى بنەماڵەى بارزانیە و ئێستا جێگرى وەزیرى پێشمەرگەی حکومەتە کار بەڕێکەرەکەى کوردستانە ، لە بەرنامەیەکى ڕوبەڕودا لە کەناڵى ڕوداو لەسەر تەوەر و بابەتەکان کە پەیوەستن بە گرفتەکانى هێزى پێشمەرگەوە ، لە وەڵامى چەند پرسیارێکدا زۆر نامەنتقى و زۆر بازاڕیانە هەندێ وەڵامى دایەوە .
من تەنها لە سەر وەڵامى یەک پرسیاردا قسەم هەیە و ئەوانى تر بۆ بینەران جێدەهێڵم ، سەبارەت بە سزادراوانى سیاسى ، کە لەسەر دەستى ئەواندا بە شێوەى جوار و جۆر سزادراون و دور خراونەتەوە .
ئەنوەرى حاجى عوسمان وتى : (ئەوانە جاسوس بوون)
هەرچەندە بەلاى منەوە وەڵامەکەى ئاسایى و چاوەڕوانکراو بوو ، چونکە پارتى بوون و یەکێتى بوون لەم ڕۆژەدا تەنها و تەنها ئەو جۆرە ڕەفتار و ئەخلاقانە ئەکرێتە پێوانەى مل کەچ بوون بۆ پاراستنى دەسەڵاتى حیزبى و بەرژەوەندیەکانى ئەوان ، بەڵام ئەنوەر نەیزانى کە ئەو وەڵامەى ئەو وەڵامێک بوو سەبارەت بەو پرسیارەى کە ئەیان وت پێشمەرگە میلیشیایە یان نا ..؟
خەڵکى کوردستان بیریان ماوە کە پەرلەمانتار عدنان عوسمان وتى : پێشمەرگە میلیشیایە ، چى ڕیکلام و هەرایەک کرا بەرامبەر عدنان عوسمان و بزوتنەوەى گۆڕان :
1. ئەمە سەلماندنى ئەو ڕاستیە بوو کە هێزەکانى پارتى و یەکێتى لە شێوەى میلیشیادان و کاتێکیش بە ناوى هێزى پێشمەرگە یان پاسەوانى هەرێمەوە ناویان بهێنرێت ئەوە تەنها ئارایشتێکى درۆزنانەیە و ناخرێتە ناو چوارچێوەى مامەڵەى سیاسیەوە .
2. بەکارهێنانى وشەى جاسوس هەڵەیەکى نامەسئولانە بوو ، لە ڕوى یاساییەوە ، ئەبوایە بیوتایە ئەو سزادراوانە وەک ئێمە نەبوون و خاوەن ئیرادەى بەرزى نەتەوەیى نیشتمانى خۆیان بوون ، بۆیە نەیاندەتوانى ملکەچى ویست و بەرژەوەندیەکانى هەردوو بنەماڵە دەست ڕۆیشتوەکەى کوردستان بن و ئێمەش وەک پارتى و یەکێتى سزاى سیاسیمان دان و لێ ى پەشیمان نین .
3. ئەو کوردانەى کە سزاى سیاسى دران نەیان توانى ڕوبەڕوى دادگا بکەنەوە ، بێجگە لە مووچە بڕِین و ئیهانە کردن و دورخستنەوە ، هیچ جۆرە سزایەکى یاساییان بە سەردا نەدراوە .
4. سەرجەم سزادراوە سیاسیەکان بە بڕیارى مسعود بارزانى گەڕێنراونەتەوە بۆ شوێنەکانى خۆیان ، کە ئەم بڕیارەش بەرپرسیاریەتى گەورە ئەخرێتە ئەستۆى بارزانى کە چۆن لە کەیسى بە ناو ئەم جاسوسانەى نەکۆڵیوەتەوە .
5. من لێرەدا دەڵێم جەنابى فەرماندە دڵنیات دەکەمەوە کە هیچ کام لەو سزادراوە سیاسیانە جاسوس نەبون و لە هەوڵى فرۆشتنى نیشتماندا نەبون وە بەشداریان نەکردبوو لە خیانەتێکى نیشتمانى هاو شێوەى 31ى ئابدا ..وەیان هیچ کام لەوانە نەبوون کە دەستیان سور بێت بە کوشتنى هیچ کوردێکى ئەم پارچەیەى وڵات و پارچەکانى ترى کوردستان ، ئەوان تەنها مەردایەتى خۆیان سەلماند و پشتیوانى دەنگى شەقام و بزوتنەوەى گۆڕان بوون ، وە هەرکام لەو سزادراوە سیاسیانە هەر یەکەیان بە شێوەیەک خزمەتێکى گەورەى ئەم وڵاتەیان کردوە ، هەر ئەو سزادراوانەیە کە پابەند نابن بە هیچ فەرمانێکەوە کە لەلایەن ئاغاکانەوە بۆیان دەربچێت ...ئەگەر خزمەت بە بەرژەوەندیە باڵاکانى گەل و نیشتمان نەکات .
6. خەڵک باش دەزانێ ئەگەر یاسا سەروەر بێت لەم وڵاتەدا ، ئەوا کەسانى وەک ئەنوەرى حاجى عوسمان هەرگیز ڕێگەى پێنادرێت لە ناو سلکێکى سەربازیدا کار بکات ، چونکە یەکێک لە مەرجەکانى هەڵگرانى بڕوانامەى سەربازى ئەوەیە لە کاتى رَێکخستندا لە ناو هێزە چەکدارەکاندا (نابێت کەم ئەندام بێت) ئەنوەر دەستێکى لە شەڕى ناوخۆدا کەم ئەمدام بووە نەک لە شەڕى بەعسدا (کەواتە پێویستە ئەنوەرەکان خانەنشین بکرێن یان بگڕێنەوە بۆ دیوەخانەکانى حیزب)
7. وە گەڕانەوەى ئەو سزادراوە سیاسیانەش بۆ شوێنەکانى خۆیان ناچێتە ناو چوارچێوەى خێر پێکردن و لێخۆس بوونى ئاغاکانى حیزب و وەزارەتى پێشمەرگەوە ، بەڵکو پشت ئەستور بە یاسا و نوێنەرەکانى بزوتنەوەى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان و هەروەها بە دەنگ و متمانە و فشارى شەقام و دەنگدەرانى گۆڕانەوە گەڕێنرانەوە سەر کار و پلەکانى خۆیان ، وە ئەنوەریش دڵنیا دەکەینەوە کە ئەوانە هەمیشە پشتیوانى بزوتنەوەى گۆڕان دەبن و هەرگیز تەسلیم بە ئیرادەى حیزبى و خەونى بازرگانى ئەوان نابن .
ئەفسەر و پێشمەرگەى دێرین
لوقمان چاوڕەش
16/1/2014
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست