نوێنەرە ناڕاستەقینەكانى پشدەر لە پەرلەمانى كوردستان و پەرلەمانى بەغدا!!
Thursday, 21/07/2011, 12:00
بەڕاستى جێگەى نیگەرانیە كەسنورى ناوچەى پشدەر ماوەیەكە كەوتۆتە بەر شاڵاوى تۆپباران و، سەرەئەنجام چەندان بریندارى لێ كەوتۆتەوەو ، زیانى ماڵیش بەرگوندەكانى سنورەكە كەوتووەو، خەڵكێكى زۆریش ئاوارەى سنورى سەنكەسەرو قەڵادزێ بووە ...بەڵام لەوەش ناخۆشتر ئەوەیە كۆمەڵێك كەس بەناوى نوێنەرى سنورى پشدەر لەپەرلەمانى كوردستان و پەرلەمانى بەغدا نوێنەرایەتى سنورەكە دەكەن و، بەناوى ئێمەوە چونەتە ئەو شوێنەو ، لەناوشوقەى زەكەریاو گوندى ئیتاڵى و،ڤیلاى گەڕەكى خواپێداوو، لەبەغداش لەناوچەى سەوزى دڵنیا،لەوپەڕى ئیساحەت وكەیف و سەفادا شەووڕۆژ دەكەنەوەو،خۆشیان بەنوێنەرى خەڵك دەزانن و، خەڵكانى دەنگدەرى ڕەش وڕوتى ئاوارەى بنارەكانى پشدەریش بەدیارى ترسى تۆپ و، دوپشك و خەوى ناو خێوەت، شەوو ڕۆژیان لێ تێكەڵ بووە ..كەى خواقبوڵ دەكات و ..كەى ئەمە ڕەوایە ..؟؟
نوێنەرانى ناڕاستەقینەى سنوى پشدەر..نوێنەرانى مەجلیس تەنفیزى و مەجلیسى وەتەنى (كوردستانى و عێراقى) تائێستا سەردانى سنورەكانى ناوچەكەیان نەكردووەو ، ناحەڵاڵى دەنگەكانى ئێمەیان بەرامبەر خۆیان سەلماندو ، لەسەر تیڤى و ڕادێوكانیش قسەى زلمان پێدەفرۆشنەوە!!!
نوێنەرە پشدەریەكانمان هەریەكە لەبەڕێزان(عومەر نورەدینى وحەسەنە سورە/نوێنەرى پارتى لەپەرلەمانى كوردستان) و (ڤیان عبالرحیم پەرلەمانى كوردستان و بایەزید حەسەن پەرلەمانى بەغدا /نوێنەرى گۆڕان) و (بیلال سلیمان/ نوێنەرى كۆمەڵ) تاكو ئێستا لەو بارو دۆخەمەترسیەدا سەردانى سنورى ناوچەكەیان نەكردووەو، بەداخەوە كە بارو دۆخەكەش ئارام بۆوە دەردەكەونەوەو (دێنكۆڕو قسەى زل و بریقەدارمان بۆدەكەنەوە) ..شەرمە مرۆڤ فێڵ لەمیللەتەكەى بكات و ،تەنها ئیشى بەدەنگى خەڵك بێت و، لەناڕەتیەكاندا ئاوڕ لەخەڵكى ناوچەكەى نەداتەوە!! وەللە شەرمە ..شەرمە ئەگەر مابێ!!
جێگەى ئاماژەیە هیچ نوێنەرێكى نەكوردستانى، نەنوێنەرى عێراقى(نەكوردستانى نەگۆڕان نەئیسلامى) ماڵیان لەسنورى پشدەرو قەڵادزى نیەو ، بەسێ مانگ جارێك سەردانى ناوچەكە ناكەن و كەس نازانێ ماڵیان لەكوێیە؟؟؟ بەڕاستى نوێنەرایەتى سەردەمى عەولەمە ئاوادەبێ!!!!
سەنگەسەر
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست