کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نه‌هێنیه‌كانی پرسی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژادنه‌كان مالیكی مێرده‌زمه‌ی به‌رده‌م پرۆسه‌ی دیموكراسی

Thursday, 30/06/2011, 12:00


پرسی لێپرسینه‌وه‌ له‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆته‌ بابه‌تێكی گه‌رمی گۆره‌پانی سیاسیی له‌ عێراقدا، بۆیه‌ش ئه‌م بابەته بووه‌ ته‌وه‌ری سەرەكی چه‌ندان راپۆرت له‌ راگه‌یاندنه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستاندا وه‌ك لە هەفتەنامەی ئاوێنەش ژمارە (275) لە رۆژی 17/05/2011، كە لەلایەن بەرێز (یاسن تەها)ەوە ئامادەكراوە، بڵاوكراوەتەوە. ئێمه‌ وه‌ك فه‌رمانبه‌ر و چاودێرێك له ‌ كۆمسیۆن تاراده‌یه‌ك ئاگاداری كاری كۆمسیۆنین ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كه‌ به‌ ویژدانه‌وه‌ باس له‌ هه‌ندێ گرفت بكه‌ین كه‌ له‌ دواجار ده‌بێته‌ روونكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌م راپۆرته‌ و ده‌كرا به‌ لێدوان وه‌رگرتنی به‌رپرسانی كۆمسیۆن راپۆرته‌كه‌ تێروته‌سه‌لتر بكرابایه‌ چونكه‌ له‌ راپۆرته‌كه‌ ئه‌مه‌ پشتگوێخراوه‌ كه‌ پێموایه‌ ده‌بوایه‌ ئاماده‌كاری راپۆرته‌كه هه‌ستی به‌مه‌ بكردایه‌‌.‌
وه‌ك رونه‌ ئه‌مرۆ له‌سه‌ر ئاستی عێراق تاكه‌ ده‌زگایه‌كی ده‌ستووری و یاسایی كه‌سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات بۆگواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسیانه‌ وله‌رێگای سندوقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه،‌ كه‌ پشت ببه‌ستێ به‌ هه‌موو رێنماییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان وهاوكاریبكرێ له‌لایه‌ن تیمی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان و ئه‌زمونی حه‌وت ساڵ كاركردن و ئه‌نجامدانی هه‌شت پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌عێراق و له‌ هه‌رێمی كوردستاندا ئه‌وه‌ بێگومان كۆمسیۆنی باڵای هه‌لبژاردنه‌كانه‌.
من لێره‌ به‌ پێویستی ده‌زانم وه‌ك ئه‌ركێكی مێژوویی به‌رانبه‌ر به‌ خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌م روونیبكه‌مه‌وه ،‌‌كه‌ سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراق به‌ئاشكرا دژایه‌تی پرۆسه‌ی دیموكراسی و كاری كۆمسیۆن ده‌كات. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م وتاره‌ ماوه‌یه‌ك پێش راگرتنی كاری كۆمسیۆن نووسرابوو به‌ڵام دوای ئه‌م بڕیاره‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق دژایه‌تیكه‌ رات و دروست ده‌رچوو. بۆیه‌ش بۆیه‌كه‌مجار ئه‌وه‌ش ئاشكرا ده‌كه‌ین كه‌ له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا گه‌فی له‌ كۆمسيۆن كرد، ئه‌مه‌ش وایكرد كه‌ ئه‌مريكيه‌كان هێزيان له‌ ده‌وروبه‌ی باره‌گای كۆمسیۆن بڵاوه‌پێكرد و بۆماوه‌ی چه‌ند رۆژێكیش به‌ هه‌ليكۆپته‌ر چاودێری ئۆفيسى سه‌ره‌كی كۆمسیۆنیان كرد.نه‌كا ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌ ببیته‌ هۆی په‌كخستنی پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن، بۆیه‌ش هه‌ر له‌و كاته‌دا سه‌ركرده‌يه‌كى ديارى لیستی مالیكی به‌ناوی (حيدر العبادى) كه‌ به‌بێ ره‌زامه‌ندی كۆمسيۆن خۆى گه‌ياندبووه‌ بنكه‌ى داخڵكردنی زانياريه‌كان پاشان كۆمسيۆن له‌ رێگای یاساوه‌ هه‌ندێك كارمه‌ندى ئه‌و بنكه‌يه‌ی به‌ دوورخسته‌وه‌یان سزادا. لیستی مالیكی هه‌ربه‌مه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستان هه‌وڵیاندا له‌رێگای دادگای فیدرالیه‌وه‌ و به‌ بڕیارێك بۆ به‌ستنه‌وه‌ی كۆمسیۆن به‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌ڵام لێره‌شدا نه‌یانتوانی چونكه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌‌ په‌رله‌مان داوای رونكردنه‌وه‌ی له‌ دادگای فیدرالی كرد، به‌ڵام وه‌ك له‌ ده‌ستورو یاسای ژماره‌ 11ی سالی 2007دا به‌ روونی هاتووه‌ كه‌ كۆمسیۆن سه‌ربه‌خۆییه‌ و راسته‌وخۆ سه‌ر به‌ په‌رله‌مانی عێراقه‌ به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ پاش دووباره‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی دادگای فیدرالی ئه‌م هه‌لوێسته‌ به‌ نا روونی ماوه‌ته‌وه‌ حكومه‌تیش به‌رده‌وامه‌ له‌ده‌ست وه‌ردان له‌ كاروباری كۆمسیۆن. روونترین به‌ربه‌ستجێگیرنه‌كردنی كارمه‌ندانی كۆمسیۆنه‌ كه‌ژماره‌یان نزیكه‌ی 2059 كه‌سه‌، بۆیه‌ش حكومه‌ت لیژنه‌یه‌كی داناوه‌ بۆ چاوخشاندنه‌وه‌ به‌ دامه‌زراندنیان، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش‌ نووسراویك له‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ له‌مانگی پێنجی2011 گه‌یشتۆته‌ كۆمسیۆن كه‌ ده‌بێ له‌ ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌دا وه‌ڵام بدرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پاكتاوی ئه‌وكارمه‌ندانه‌ بكه‌ن كه ئه‌مه‌ش مه‌به‌ست لێی‌كۆنترۆڵكردنی كۆمسیۆنه‌. جگه‌ له‌مه‌ش دواخستنی مامه‌ڵه‌ی دامه‌زراندنی (8300)كارمه‌ندی بنكه‌كانی ده‌نگدانه‌ كه‌‌ هه‌موویان به پێی رێنماییه‌كان بڕیاری دامه‌زراندنیان بۆ ده‌رچووه‌ و له‌ بودجه‌ی ئه‌مساڵیش بریاریلێدراوه‌ و‌له‌سه‌ر میلاكی كۆمسیۆن جیگایان بۆ دیاریكراوه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا ئه‌گه‌ر حكومه‌ت له‌ پێناوی هاوڵاتیاندا كار بكات چۆن ته‌گه‌ره‌ بۆ دامه‌زراندنی نزیكه‌ی هه‌شت هه‌زار كارمه‌ندی ده‌رچووی زانكۆ و گه‌نج و بێكاری ئه‌م وڵاته‌ دروست ده‌كات.
ئه‌گه‌ر چی ئه‌و ده‌زگایه‌ به‌رده‌وام ئاسته‌نگیده‌خرێته‌ پێش بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانێت كاره‌كانی خۆی به باشی ئه‌نجامبدات،هه‌میشه‌ش له‌كۆتایی هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی هه‌لبژاردن رووبه‌روی تانه‌وته‌شه‌ری لایه‌نه‌ سه‌رنه‌كه‌وتووه‌كان ده‌بێته‌وه‌، كه‌ زۆرجار‌‌كۆمسیۆن دوور و نزیك په‌یوه‌ندیی پێیانه‌وه‌ نییه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كۆمسیۆن له‌ چوارچێوه‌ی یاساداله‌ سكاڵاكانیان ده‌كۆڵێته‌وه‌ و له‌ رێگای پێكهێنانی لیژنه‌ی یاساییه‌وه‌ وه‌ڵامی ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ ده‌داته‌وه‌ كه‌ سكاڵایان تۆماركردووه‌، جگه‌ له‌مه‌ش له‌ هه‌موو ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ی كه‌ له‌ عێراق ئه‌نجامدراوه‌ گشت لایه‌نه‌كان به ده‌رئه‌نجامه‌كان رازیبووینه‌ و نوێنه‌ره‌كانیان واژوویان له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كان كردووه‌.به‌ دواداچوون بۆ سكاڵاكانی لایه‌نه‌كان، زۆرن به‌ڵام به‌رچاوترینیان دووباره‌ ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی پارێزگای به‌غدا بوو له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا له پار ساڵدا، به‌تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی ساخته‌یه‌كی زۆر له‌ ده‌نگه‌كانی لایه‌نیك له‌ قه‌واره‌ سیاسیه‌كان كراوه‌ به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی دووباره‌ ده‌نگه‌كان به‌ چاودێری نوێنه‌ری هه‌موو لایه‌نه‌كان‌ و راگه‌یاندنه‌كان و چاودێرانی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ ژمیردرانه‌وه‌ دووباره‌ گه‌یشتنه‌وه‌ هه‌مان ئه‌نجام كه‌ ئه‌مه‌ش دواجاردروستی كاره‌كانی كۆمسیۆنی دوپات كرده‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌نجامه‌كان هه‌مان ئه‌نجام ده‌رنه‌بواییه‌‌ ئه‌وكاته‌‌ كاره‌سات ده‌بوو بۆ كۆمسیۆن و ئه‌و لایه‌نی كه‌ داوای دووباره‌ ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی كرد مه‌حاڵ بوو به‌ ئه‌نجامه‌كان رازیبواییه‌.
یه‌كێك له‌و ئاسته‌نگانه‌ی كه‌ ئه‌مرۆ له‌رێگای لێرسینه‌وه‌ی كۆمسیاران له‌ په‌رله‌مانی عیراقدا له‌ژێر ناوی گه‌نده‌ڵی و سه‌رپێچی له‌ ‌كاری كارگێری و داراییدا ئه‌مه‌ش وه‌ك روونه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌و لایه‌نه‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ به‌ده‌سته ده‌جوڵێندرێت، مه‌به‌ستیشیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كۆمسیۆن په‌كبخه‌ن، هه‌ڵبه‌ته‌ له‌مه‌شدا ئه‌مانجیان ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌رهاتوو به‌هۆی ئه‌و باهۆزه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی گرتۆته‌وه‌ ئۆپۆزسیۆن داوای هه‌ڵبژاردنی پێش وه‌ختی كرد ده‌سه‌ڵات نه‌بوونی كۆمسیۆنێك بكاته‌ بیانوو بۆ له‌بارنه‌بوونی هه‌ڵبژاردن. بۆ راستی وته‌كانمان باسه‌یری كاری وه‌زاره‌ته‌كانی بازرگانی و كاره‌با و په‌روه‌رده‌و شاره‌وانی و به‌رگری و ناوه‌خۆ بكه‌ین ئایا گه‌نده‌ڵی تێدانیه‌؟ لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئایا بۆ لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ناكرێت له‌كاتێكدا به‌به‌ڵگه‌وه‌ سه‌لمێندراوه‌! دیاره‌ ئه‌مه‌ش ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م وه‌زاره‌تانه‌ به‌ ده‌ست لیستی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌یه‌، جێگای خۆیه‌تی ئاوڕێك له‌ كاری حه‌وت ساڵی رابردوویان بده‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌م هه‌موو بودجه‌ زۆره‌وه‌ نه‌یانتوانی قه‌یرانی خزمه‌تگوزاری و كاره‌با و سوته‌مه‌نی چاره‌سه‌ر بكه‌ن.‌‌‌
ئه‌گه‌ر قسه‌ له‌سه‌ر سه‌رپێچیكردنه‌ ئه‌وه‌ وه‌ك له‌ ده‌ستووردا دیاریكراوه‌ ده‌زگاكانی ديوانى چاودێرى دارایىو ده‌زگاى نه‌زاهه‌ هه‌یه‌ كه‌ چاودێری گشت كاروباره‌كانی حكومه‌تی عێراق و دام و ده‌زگاكانی دیكه‌ی وه‌ك كۆمسیۆن ده‌كات بۆیه‌ش ده‌توانرێ له‌م رێگاییه‌وه‌ سكاڵا بجوڵێندریت له‌ دژی هه‌ر كه‌سێك و لایه‌نێك و دواجاریش داداگا كێشه‌كه‌ يه‌ك لابكرێته‌وه‌.
یه‌كێكیتریش له‌ تۆمه‌تباركردنی كۆمسیۆن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گوايه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆيان رێنمايیان داناوه‌ يان به‌ناوى ئيفاد كۆمسياره‌كان له‌ساڵى 2010 زیاتر 50 ئیفادی ده‌روه‌يان بۆخۆيان رێكخستوه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌م ساڵه‌دا هه‌لبژاردن له‌عێراق ئه‌نجام نه‌داربێت. ئه‌گه‌ریش قسه‌ له‌سه‌ر چونه‌ ده‌روه‌ییه‌ئه‌وه‌ به‌ گوێره‌ى ياساى هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى عێراقىساڵى 2010 هاوڵاتيانى ده‌ره‌وه‌ی عێراق به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌كه‌ن،بۆ ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر كۆمسیۆن پێویست بوو كه‌ ئاماده‌كارى بۆ هه‌ڵبژاردن له‌ 16 وڵاتی دونیادا بكات كه‌ ئه‌مه‌ش بێگومان پێویستی به‌ ناردنه‌ ده‌روه‌ی كارمه‌ندان ده‌بێت. هه‌ندێكجاریش باس له‌ حيمايه‌ى كۆمسیاران ده‌كرێت به‌‌ڕاستى ئه‌مه‌ش ناهه‌قییه‌ چونكه په‌رله‌مانی عێراقی‌ بۆ هه‌رپه‌رله‌مانتارێكى موچه‌ی 30 پاسه‌وان خه‌رجده‌كات وه‌ك رووونیشه‌ زۆربه‌یان ئه‌م رێژه‌یان له‌ پاسه‌وان نییه‌، ئایا ئه‌مه‌ش گه‌نده‌ڵی نییه‌؟ له‌ كاتێكدا كه‌ په‌رله‌مان به‌رزترین ده‌زگای چاودێریكه‌ره‌ به‌سه‌ر هه‌موو دام و ده‌زگاكانی كه‌ له‌ عێراقدا هه‌ن!.
به‌ رای ئێمه‌ ده‌بواییه‌ په‌رله‌مان له‌ جێگای لێپرسینه‌وه‌‌ له‌ كۆمسیۆن هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ كاره‌كانی بكردبایه،‌ چونكه‌ له‌ چوارساڵی رابردوودا‌ سه‌رپه‌رشتی سێ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی گرنكی كردووه‌، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بوایه‌ قسه‌ له‌وه‌ بكرێت ئایا كۆمسیۆن سه‌ركه‌وتووبوه‌ له‌ جێبه‌جێكردن و به‌دیهێنانی‌ ئه‌و په‌یڕه‌وه‌ ستانداره‌‌ نێوده‌وڵه‌تیانه‌ی كه‌ له‌ هه‌ڵبژادنه‌كان له‌ وڵاتانی دنیادا ره‌چاو ده‌كرێ، له‌وه‌ش بكۆڵنه‌وه‌ كه‌ ئایا كۆمسیۆن ره‌زامه‌ندی ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی به‌ده‌ستهێناوه‌؟، لێره‌ش ده‌كرێ بپرسین ئایا هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردن له‌ وڵاتانی ده‌روبه‌رو و ناوچه‌كه چۆن به‌رێوه‌ده‌چێت چونكه‌ زۆرجار له‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ هه‌ڵبژادرنه‌كان توشی تانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ببونه‌ته‌وه‌ و بۆته‌ جێگای پرسیاری رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی كه‌ چاودێری ئه‌م پرۆسه‌ دیموكراسیانه‌ ده‌كه‌ن، بۆیه‌ش جێگای خۆیه‌تی كه‌ بڵێین له‌ هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كانی له‌ عێراق ئه‌نجامدراوه‌ جێگای‌ ره‌زامه‌ندی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان وئه‌مریكاو وڵاتانی ئه‌وروپا و وڵاتانی كۆمكاری عه‌ره‌بی وهتد... بووه‌، كه گشتیان به‌ پرۆسه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوویان هه‌ژماركردووه‌.‌ئه‌وه‌شی گرینگه‌ كه‌ پێویسته‌‌ په‌رله‌مان له‌و ماوه كه‌مه‌ی له‌ ته‌مه‌نی كاری كۆمسیاران ماوه‌ بتوانیت پێداچوونه‌وه‌ به‌ یاسای هه‌ڵبژردنه‌كاندا بكات و، ئه‌و مادده‌ و بڕگانه‌ هه‌موار بكات كه‌ بگونجێت له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆرانكارییانه‌ی كه‌ هاتوونته‌ پێش بۆئه‌وه‌ی ده‌سته‌ی هه‌ڵبژێردراوی كۆمسیارانی داهاتوو بتوانێت باشتر كاره‌كانی ئه‌نجام بدات، له‌مانه‌ دانانی پێوه‌ری دروست بۆ دیاریكردنی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی نوێ له‌سه‌ر بنه‌مای لێهاتوویی و شاره‌زایی كه‌ بریاره‌ له‌ ساڵی داهاتوو ده‌ستنیشان.
هه‌قواییه‌ په‌رله‌مانتارانی هه‌موو لیسته‌كان وه‌ك نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی هاوڵاتیانی عێراقی رێگربن له‌به‌رده‌م هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كۆمسیۆن، چونكه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی دیموكراسی له‌ عێراقدا پاشه‌كشه‌ بكات و مالكیش به‌ره‌و تاكڕه‌وی بڕوات كه‌ نزیكه‌ی چڵ ساڵ گه‌لی عێراق له‌ژێر سته‌می دیكتاتۆرانه‌ ده‌یناڵاند.
*فه‌رمانبه‌ری گرێه‌به‌ست له‌ كۆمسیۆنی باڵا.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە