پۆلیسى سلێمانى و گەڕانەوەى زەمەنى شێخایەتى و كوێخایەتى
Wednesday, 21/07/2010, 12:00
بەڕاستى خوێندنەوە بابەتەتێكى كوردستانپۆستى بەڕێز بەناوى پۆلیسى سلێمانى و سەردەمى عوسمانلى هاندەرى راستەقینەم بوو بۆ نوسینى ئەم بابەتە ، چونكە ئەو بابەتە هەڵایەكى مەزنى لێكەوتەوە و هەرچەندە بەخوا نووسەرى بابەتەكە ناناسم بەڵام شاهیدى راستى و دروستى تەواوى دەدم بەحوكمى نزیكیم لە رووداوەكەوە .
بۆ بەرچاوروونى خوێنەرى بەرێز ئەمەوێ ئەوە بخەمە روو كە لەهەموو كەرتەكانى پۆلیسى سلێمانیدا كۆمەڵێك موحەقیق عەدلى لەهەردوو رەگەزى مێ و نێر یان [لیكۆڵەرى دادوەرى] وەك كارئاسانیەك بۆ برا دادوەرەكان و هاوڵاتیانى بەڕێز كاردەكەن و بەشدارن لەهەموو دۆسیەكانى لێكۆڵینەوەدا ، بۆیە بەحوكمى سروشتى كارەكانمان ئێمە لەنزیكەوە زۆر بەئاگاین لە رەوشى كاروبارى كەرتەكانى پۆلیس و زۆر جاریش كۆبوونەوەمان لەگەڵ بەرێوبەرایەتى پۆلیس و بەرپرسەكانى ئەوێدا بەئەنجام گەیاندووە بۆ وەستانەوە لەسەر كێشە و گیروگرفتەكانمان ، بەڵام بەداخەوە زۆر وتراوە و كەمى جێبەجێكراوە ، من بەوپێیەیى كە فەرمانبەرێكى سەربە وەزارەتى دادم كوێرانە بەرگرى لە وەزارەتەكەم ناكەم و ئەشێ لەوێش بەشى خۆى وەك دام و دەزگاكانى تر كەم و كورتى هەبێت ، بەڵام بە حەقیقەت بەهیچ جۆرێ كەموكورتیەكان ناگاتەوە بە یەك دەر ملیۆنى دەزگاكانى پۆلیس ، خۆ هەر هیچ نەبێ لە وەزارەتى داد نەبووە و نەكراوە كە كەسێك بكرێت بە موحەقیق عەدلى یان بكرێت بە حاكم و سەرۆك و ئەندامى دادگا ئەگەر بڕوانامەى یاساى نەبوبێت و مەعهەدى قەزائى تەواو نەكردبێت و خاوەن ئەزمونێكى دیاریكراو نەبێت ، دەبڕۆن تەماشاى رەوشى دەزگاى پۆلیس بكەن لەو رووەوە ، فەرماندەى كەرتى پۆلیس هەیە بە حونجە شت ئەخوێنێتەوە و بڕوانامەى سەرەتایى هەیە ، یان ئەفسەرى پۆلیس هەیە دەرچووى كۆلێژى سەربازیە و پسپۆڕى لە تانك و زریپۆشداهەیە و ئیستا بێ هیچ پرنسیبێك دۆسیەیى كوشتن و دزى ئەخرێتە بەردەستى بۆ لێكۆڵینەوە ، بەڕێوبەرى پۆلیسى سلێمانى ژوورەكەى ئەڵێى دیوەخانى هەركى و سورچیەكانەوە تیایدا باس باسى كۆترى تەقلەباز و شەڕەكەڵەشێر و سەگى هەوشارە ، لەزۆرێك لە دۆسیەكانى كوشتن و دزى و قەرزداری چەوردا ئەم كابرایە خۆى ئەكات بەتەرف و دێ تەكلیف لەم حاكم و لەو حاكم دەكات كە گوایا ئەم هەوڵى داوە كێشەكە بەسوڵحى عەشارى حل بكات تا دۆسیەكان سەرەوبن بكرێت ، پیاوێكى سرف عەشائرە و لە گفتۆگۆكردن لەگەڵیدا لەمەڕ دۆسیەیەكى لیكۆڵینەوە و تاوتوێكردنى مەوادە یاساییەكان ئەو بەڕێزە ئەڵێى لە عەلوەكە لەسەر شلیفە شێلم دانیشتووە و بە كەیفى هەواى دڵى خۆى تاوانبار و تاوانلێكراو پۆلێن دەكات ، ئەوە برا موحەقیق عەدلیەكانیش شاهیدن كەچۆن بۆ خۆى فەرماندەى كەرتەكانى گوڵبژێركردووە و دەستوەردەداتە هەموو گەرورە و بچوكێكى كاروبارى كەرتەكانەوە ، لەهەمووى خۆشتر زۆر بەشێخایەتى خۆى ئەنازێ و ئەڵێ بە شێخایەتى و بنەماڵە ئەم ئەو پۆستەى چڕیوە ، ئەفسەرێكى پۆلیس پێى وتم كە بەرپرسى بنكەى خەستەخانە كە ئەفسەرێكى ئومى و نەخوێنەوارە تەنها لەبەرئەوە ئەم پۆستەى وەرگرتووە لەبەرئەوەى شیخ نەجمەدین وتویەتى ئەمە لەشێخانى خۆمانە ، ئەفسەرێكى سەربازى هەبوو كە بە بنەماڵە موستەشارى رژێمن و باوك و باپیریان چەندین جار نۆتى شوجاعەیان لە سەدامەوە وەرگرتووە و هەمووان ئەم راستیەش دەزانن ، ئەم ئەفسەرە هێندە گەندەڵ بوو كەرتى پۆلیس نەبوو سكاڵاى دژ بەمى تیا تۆمارنەكرابێ ، ئەمە بێ لەوەى پارو پێرار بەدەیان دۆسیەیى لێكۆڵینەوەى لەسەر پێكهێنرا كەچى گواسترایەوە بۆ بەشى پۆلیسى گەشت و گوزار لەوێش ئێخەى خاوەن نادییەكانى بۆ دەعوەت و سەرانە ئەگرت تا لەوێش بۆنى دەرچوو و لەسەر سكاڵاى شارەوانى ئیستا گواستراوەتەوە بۆ بارەگا ئەمەش تەنها لەبەرئەوەى باوكى عەقیدە و عەشائیرن مع العلم هەر باوكیشى بوو كە لەرۆژنامەكانەوە دەهۆڵى بۆكووترا كە چۆن كاتێ لە دادگا بوو دەستى لەگەڵ هەندێ ئافرەتى لەشفرۆشدا تێكەڵكردبوو و ریپۆرتاجێكى تیرروتەسل لەسەرى دابەزیبوو كەچى ئیستا ئەڵێى نەبارى دیوە و نەبۆران و وابۆخى لە پۆلیسى زانكۆ دەوام دەكات .
لە وڵاتان پۆست لەسەر بنەماى لێهاتوویى و بڕوانامە و ئەزموون و هەندێ جار بە دەنگدانى جەماوەریش دەدرێ بەخاوەنەكانى كەچى لەم وڵاتەى ئێمەدا تازە بەتازە عەیب و شورەیى بە شێخایەتى و وەلائو خزمایەتى لەگەڵ ئەم و ئەو پۆست دابەش دەكرێ ، ئاخر بۆیە بەپێى راپۆرتەكانى رێخراوى شەفافیەتى نێو دەوڵەتى چەند ساڵیكە كاسى گەندەڵترین وڵات بێ بەرامبەر بەرزدەكەینەوە .
ئاخر بەرێوبەرى ئاگركوژانەوەش هەر بەشێخایەتى ئەو پۆستەى وەرگرت بۆیە لەهەڵمەتى كوژانەوەى هۆتێل سۆمادا جوانى هەڵتراند و لەمیدیاكانەوە ئابرووى بەهەرزان رۆیشت ، كارەساتەكە لەوەدایە هەرچیەك هەڵئەستێ و دائەنیشێ باس لە چاكسازى و حكومەتى تەكنۆكرات دەكات و لە راستیشدا تەنها شت پیادەى ناكەن ئەو دروشمە رەنگاورەنگانەیە كەبەرزى دەكەنەوە ، هەر شێخایەتیشە هۆكارى ئەوەیە كە ئیستا زۆر بێ شەرمانە لەكەرتەكانى پۆلیسدا بەرتیلخواردن بەئاشكرایە و دەعوەت و دەعوەتكاریش بۆتە نەریتێكى بـاو ، ئیتر لەم نێوەندەشدا هاوڵاتى چۆن باجە قورسەكەى دەدات ئەوە بـــــە جـــــەهـــــەنـــــەم ، پاش شكستەكەى یەكێتى لە هەڵبژارندا لیژنەیەك پێكهێنرا تاكو دەموچاوە رەزاقورس و پاشەڵ پیسەكانى دام و دەزگا حكومیەكان بگۆڕن ، ئەوەبوو بەكۆى دەنگ بڕیاریان دا كە جافەكان بگۆڕن بەشێخان ئەوەش بەروبوومە شیرینەكەیەتى كەئیستا هەموو كۆمەڵانى خەڵك شاهیدى بۆدەدات ..دەك بەنۆشى گیانى كرمەڕێستان بێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست