لەدهۆكەوە بۆ هەڵەبجە .. كۆشك و باخى هەبێ ناڵێ دەسەڵات گەندەڵە
Thursday, 03/02/2011, 12:00
سهرنجی کوردستانپۆست: لهگهڵ ریزمان بۆ نووسهری ئهم وتاره، ئێمه بهبێ سانسۆر ئهو نووسینه بڵاو دهکهینهوه، ههرچهنده ئاگاداریین که فاروق رهفیق یهکێکه لهو نووسهرانهی که لاپهرهی تایبهتی له رۆژنامهی ههولیری پارتییدا ههیه و بهردهوام له لاپهره و رۆژنامهکانی سهر به دهسهڵات دهنووسێت و وتار بڵاودهکاتهوه، لێ ئێمه لهگهڵ رێزمان بۆ ئهو بهڕێزه نووسیهکه به بێ سانسۆر بڵاودهکهینهوه، ههرچهنده ئهوهی که کاک رهفیق گووتوویهتیی ههر قسانه بووه که نووسهرانی کوردستانپۆست لهم ماوهیهدا لهسهر رووداوهکان نووسیویان).---------------------------------------------
(دەستخۆشیەك بۆ كاك فاروق رەفیق)
ئەو بوێری و ئەو رۆشنبیریەیى كاك فاروق رەفیق بەراستى سووتەمەنى ئاگردانە دامركاوەكەمانە ، بەراستى خۆراكى عەقڵە متبووەكەمانە ، هێزى دەست و قاچە لاوازەكەمانە ، چراى جەنگەڵستانە تاریكەكەمانە ، لەبەروارى 3/2/2011 لەكەناڵى knn وە چاوپێكەوتنێكى كاك فاروق رەفیقم بینى كەتیایدا راشكاوانە و بێ دەستكارى و ئەمسەر و ئەوسەر پێناسەى حەقیقەتى یەكێتى و پارتى و تاوانەكانیانى كرد بەشێوازێكى زۆر سەرنجراكێش ، كەبەراستى من لێرەوە داوا لەو كەناڵە ئەكەم كەچەند جارێك دووبارە و سێبارەى بكاتەوە و لەهەمانكاتدا ئەو بەرێزە بكاتە میوانێكى هەمیشەیى بەرنامەكانى چونكە ئێمە بەراستى تامەزرۆى وشەكانى ئەو جۆرە جەربەزانەین .
ناونیشانى بابەتەكەم كەلەسەرەوە نوسیومە یەكێك بوو لەوتەكانى كاك فاروق رەفیق ، راستدەكات ئەشێ بەرپرسێك لەبادینانەوە بۆ هەورامان بـــــــە پارەى بەتاڵانبراوى ئەم میللەتە كۆشك و باخى بەدواى خۆیدا پێ رابكێشێ و لەكۆتاشدا بێتە سەر مینبەر و بڵێ كەموكورتى و گەندەڵى هەیە ؟! ، كەئەو نایڵێ ئەبێ ئێمە بیڵێین .. ئەوان خۆیانى لێ گێل ئەكەن ئێمە هۆشیار دەبین .. ئەوان درۆزنن ئێمە راستگۆدەبین ، تكایە با بەبێدەنگبوونمان لەتاوانى و تاڵانى ئەواندا نەبینە شەریك ، بەدەردى كاك فاروق وتى ئەو بەرپرسانەى كەناتوانن پێنج خولەك لەمونازەرەیەكى بەرامبەردا لەگەڵ گەنجێكى رۆشنبیرى ئەم وڵاتە دوو رستەى موفید بڵێن ئیتر بۆ بهێڵین جڵەوى ئاییندەى ئێمە و نەوەكانمان لەدەست و پەنجەیانەوە بئاڵێ ، كەسانێكى وەك مەحمود سەنگاوى و شێخ جەعفەر كە ئەنـــــــــــــــــــدامى مەكتەبى سیاسى پارتى دەسەڵاتدارن و پلانداڕێژەرى سیاسەتى ستراتیژى ئەم میللەتە داماوەن ئەگەر باسى وەرچەرخان و سیاسەتى بەدامودەزگاكردنى دەوڵەت و حكومەتى تەكنۆكراتیان بۆبكەى تەمامەن وەك ئەوە وایە گوێزى سەوزى هەورامانیان دوو دوو بۆ بژمێرى .. ئــــەمـما ئەگەر باسى ئافرەتبازى و كۆتربازى و سەگبازى و كاسەلێسیان بۆبكەى ئەوا ئامادەن شەش شەش تێڕوانینى تیۆرى خۆیانت بۆشیبكەنەوە ، ئەمە كارەساتە مەزنەكەى وڵاتەكەمانە .
وەك كاك فاروق وتى ئەو بەپاتەیەكى دڕاوەوە لە سەقز و قاسمە رەشەوە هاتۆتە سەرحازرى پاش راپەڕین بەڵام ئیستا لەئیتاڵیاوە سەد و پەنجا جووت پێڵاوى ماركەى جیهانى بۆ تێرن ، لەبەرئەوەى ئەو ئەم وڵاتە و سامانى ئەم وڵاتە بەهى خۆى ئەزانێ و پێى وایە كەئێمە ئەبێ كۆیلەى بین ، لەتەوەرەیەكى تردا كاك فاروق باسى لەو كچ و كوڕى مەسئولانە كرد كەبەهۆى بابى كۆچكردوو یان شەهیدەوە پۆست وپلەیان پێدەبەخشرێ بێ هیچ پێوەرێكى زانستى و هونەرى لەبەرئەوەى ئەوان و سەرانى دەسەڵات پێیان وایە میللەت هەمووى سەپانى بابیان بووە و وڵات وڵاتى ئەوانە و ئەوان لەپلەى نوبەلائدان و خەڵكیش خزمەتكارى بەرقاپى ئەوانە ، شەهیدە سەر سەروچاو بەڵام وەك ئەو بەرێزە وتى ئەمە مافى ئەوەى ناداتێ زەربێك بەهاوڵاتیانى تردا بهێنێت ، بەڵێ بۆ ئەگەر كوڕ و كچەكانى [ مامۆستا سەعد ، فرانسوا هەریرى ، خاڵە شەهاب ، جەبار فەرمان ... هتد ] ناوى ئەمان لەپێناسەكەیاندا نەبوایە ئەبوون بەوەزیر و ئەندام پەرلەمان و ئەندامى مەكتەب سیاسى و سەركردایەتى ؟؟ !! بێگـــــومان نەخێر ، بەراستى ئەم كەلتوورە مەترسیدارە هەرەسهێنانى حـــەتمــیـــە .
لەلایەكى ترەوە كاك فاروق باسى لەتەوەرەیەكى هەر یەكجار گرنگ كرد كە ئەویش نەبوونى كلتوورى گوێگرتنە لەناو پارتە دەسەڵاتدارەكانى كوردستاندا ، باشە مەسعود و جەلال بەكامە لێكدانەوە فڕیان بەسەر ئەم میللەتەوە ماوە و بەكامە پێوەر و فەلسەفە خۆیان بەسەركردەمان ئەزانن ؟ ، تاڵەبانى بوو بەو بارانەى یەك ئۆقیانووس گەندەڵى لەكوردستاندا بارن ، ئەسڵەن گەندەڵى و چاوپۆشیكردن لەگەندەڵى داهێنانى جەلال تاڵەبانیە و ئەو ئەندازیارێتى ، مەسعود بارزانیش خۆى و كوڕ و برازاكەى سەرۆكى مافیایى رفاندن و كوشتنە نەك سەرۆكى هەرێم ، بەرۆژى رووناك شەهید زەردەشتیان رفاند و كوشتیان تاكو زەردەشتەكانى كوردستان بتۆقێنن تاكو كلتوورى وەڵامدانەوەى گوللە بۆ قەڵەم پیادەبكەن و بیكەنە یاسا ، بەرۆژى رووناك بودجەى نەوت و داهاتى ئەم میللەتە لەژوورى تاردا دابەشئەكەن و رەوانەى دەرەوەى دەكەن ، كەچى پێیانوایە خاوەن شەرعیەت و جەماوەرێتین ، ئەمەش سەرەتاى هەموو كێشەكانمانە .
گەردەلوولى وەرچەرخاندنى سیستەم و حوكمە ستەمكارەكان هەڵیكردووە .. ئەم هەرێمە زامارەى ئێمەش تینووى دەنگ و رەنگێتى تاكــــو قورسایى حەقیقى ئەم گەندەڵكارانە لاى میللەت ئاشكرا بكات .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست