وڕێنەى كۆنە پێشمەرگەیەكى هەشتاكان: جارانى ئەوان و ئێمە و، ئێستاى ئێمەو ئەوان!!
Friday, 02/07/2010, 12:00
ئەوان جاران، راوێژكارى فەوجە سووكەكانیان پێدەوتن و گەنج وكوڕوكاڵى نیوەى عەشرەت هەمیشە بۆ جێبەجێكردنى بڕیارەكانیان لە ئامادەباشیدا بوون و ئێمەش سەربازى راكردووى ئەم گوندو ئەو گوند!!
ئەوان جاران، جاش و جێباوەڕى دەزگا سیخوڕییەكانى بەعس بوون و ئێمەش تەتەرى نامەلۆچكەى پێشمەرگەو رێكخستنە نهێنییەكانى نێوان شارو شاخ بووین و هەر چركەساتێكى تەمەنى لاوێتیمان مینڕێژكراو بوو و تەقینەوەى بێ ئامان بوو.
ئەوان جاران دەستیان بە كڵاوەكەى خۆیانەوە گرتبوو، با نەیبات، هەربۆیەش روو زەردانە بەشداریی قادسییە دۆڕاوەكەى سەدامیان دەكردو زۆرێك لەوانەش بوونە خاوەن بڕوانامەى بەرزو پلەوپایەى ناشایستە بەخۆیان، كەچى ئەوكاتە ئێمە ملكەچى و بەشداریكردنى قادسییەى دۆڕاوو شەڕى پێشمەرگەمان رەتدەكردەوەو روومان لە شاخ دەكردو دەبووینە پێشمەرگە.
ئەوان لە شەوە ساردو شەختەبەندەكاندا، لەو شەوانەى تفت هەڵدایە دەیبەست، تەنها ئەوەندە جورئەتیان هەبوو، لایەكى پەردەى پەنجەرەكەیان وەلانێنو بە دڵێكى لەرزۆكەوە بڵێن: واى كە شەوێكى ساردە، بەڕاستى شەوى پێشمەرگەیە!!.
ئێستا ئەوان حاكمو ئێمەش مەحكومى ژێردەستەى ئەوانین، ئەوان بەڕێوەبەرى فەرمانگەو دامودەزگاكان و ئێمەو مانانیش بەردەست و دەركەوان و پاسەوانى شەوچەرەو شەوداوەتى هاوشێوەى سۆزانییەكانیانین!!.. كەچى هێشتا دڵیان گەرد دەگرێ، ئەگەر یەكێكمان بڵێین: ئەرێ كوڕە باشەكانى حیزب: ئێمەش كوڕى ئەم میللەتە بووین و دە جێ پێ و پێگەیەكیش بۆ ئێمە جێبهێلن، دەبا ئێمەش ئەوەندە تەمەنەى ماومانە بتوانین بە ئاسوودەیی و وەكو مرۆڤێكى ئاسایی، چارەیەكى مایەسیریی كۆم و پشتخواریو رۆماتیزمى نێو بەفرو بەستەڵەكى جارانى خۆمان بكەین، كەچى ئەوان دەڵێن: بڕۆن بابە بڕۆن، ئێوە كێنو كێ گوو بە كڵاوتان دەپێوێت، ئێوە چۆن جاران كۆڵەپشت لە كۆڵ و شەوڕۆ لەپێ و دەستوپێ قڵیشاو و كوڕى دەشتودەر بوون، ئێستاش هەر شایستەى ئەوەن، نەك گەشتى دەرەوەى وڵات و خەوى بەر سپلیت و سوارى ئۆتۆمبیلى دوا مۆدیل!!.. ئێوە ئەگەر زۆریش مەمنوون نەبن، ئامادەنین هەر بە پێشمەرگەى دێرینیش وەرتان بگرین و خۆئەگەر دڵمان پێتان نەسووتێ، ئەوا جگە لە پلەى (جوندى ئەوەل، یان نائب عەریف، یاخود عەریفێك)یشتان پێ نابەخشین، كەچى بۆ كوڕانى ئەنفالچى و متمانەپێكراوى دامودەگا سیخوڕییەكانى بەعس و خاوەن بڕوانامە بەرزەكانى ئەو سەردەمەى بەعس، هەموو شتێك لە مشەیەو ئێوەش سلێمانی وتەنى: سەرتان یاى لە بەرد!!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست