کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


یاداشتێک لە گروپی ٤٠٠ی تایبەت بە نەخۆشخانەی ٤٠٠ قەڕوێڵەیی سلێمانی

Friday, 16/11/2012, 12:00



ڕێز لە بەڵێنەکانتان بگرن!!!
گروپی ٤٠٠ کە پێکهاتووە لە ژمارەیەک ڕێکخراو و چالاکەوانی مەدەنی و پزیشک و کارمەندی تەندروستی لە سەرەتای ساڵی ٢٠١١ەوە داوای هەرچی زووتری تەواوکردنی نەخۆشخانەی ٤٠٠ قەڕوێڵەیی سلێمانی کرد. فشارەکانی گروپەکەمان توانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەکو وەزارەتی تەندروستی و پەرلەمان و پارێزگای سلێمانی لە گەورەیی ئەو گەندەڵی و ناکارامەیی و پشتگوێخستنەی لە پرۆژەکەدا کراوە ئاگاداربکاتەوە. گروپەکە سەرکەوتووبوو لە کۆکردنەوەی هەزاران ئیمزا و کۆبوونەوە لە گەڵ ئۆڤیسی سلێمانی پەرلەمانی کوردستان و ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک لەسەر نەخۆشخانەکە بۆ داواکاری گشتی سلێمانی.
لەژێر فشارەکانی گروپەکە، وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند کە چیتر ئەو بەرپرس نیە لە کارەکانی پرۆژەکە و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئەرکی تەواوکردنی دەگرێتە ئەستۆ. هەروەها جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی پێنجی ئەمساڵدا بەڵێنی دا کە پێش کۆتایی ئەمساڵ نەخۆشخانەکە تەواو دەبێت و دەخرێتە خزمەتی هاوڵاتیانەوە.
لە ئێستادا وەزارەتی تەندروستی لە زاری وەزیری تەندروستیەوە لێدوان لەسەر نەخۆشخانەکە دەدەن و دەڵێن بۆ مانگی ئازاری ساڵی داهاتوو کۆتایی پێدێت. ئێمە لە گروپی ٤٠٠ پێمان وایە کە ئەم پرسیارانەی خوارەوە دەخەینە بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەکان:
1. ئایا جارێکی تر کارەکانی پرۆژەکە سپێردراوە بە وەزارەتی تەندروستی و لە وەزارەتی ئاوادانکردنەوە سەندراوەتەوە. یاخود ئەوەی کە لە سەرەتادا بە ڕای گشتی ڕاگەیاندرا هەڵە بوو؟
2. ئایا بۆچی جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری تەندروستی لە کابینەی حەوتەمدا لە بەڵێنەکانیان پاشگەزبوونەوە لە تەواوکردنی نەخۆشخانەکە پێش کۆتایی ئەمساڵ؟ ئایا هۆکارەکان چین لە دووبارە دواکەوتنەوەی تەواوکردنی پرۆژەکە؟
3. ئایا وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکان چییان کردووە بۆ دەستنیشانکردن و سزادانی ئەوانەی کە کەمترخەمییان کردووە لە پرۆژەکەدا؟
ئێمە لە گروپی ٤٠٠ پێمان وایە کە شکستی وەزارەتی تەندروستی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پابەندبوون بە بەڵێنەکانیانەوە بۆ خۆی نەنگییەکی گەورەیە. پێمان وایە ئەم دواکەوتنە تازەیەش دەیان نیشانەی پرسیار لەسەر خەمخۆری وەزارەتی تەندروستی بۆ هاوڵاتیانی شاری سلێمانی و پارێزگای سلێمانی دادەنێت بە تایبەتی لە کاتێکدا کە شارەکە بەم دواییانە توشی پەتایەکی کوشندەی وەکو کۆلێرا بوو کە پیویستە خزمەتە تەندروستیەکان پەرەپێبرێن نەک دیسان پشتگوێبخرێنەوە.
بۆیە، داوا لە هەموو خەڵکی پارێزگای سلێمانی دەکەین کە تا رۆژی ٣١/١٢/٢٠١٢ لە ڕێگای ئەو ژمارە تەلەفونەی کە وەزارەتی تەندروستی دابینیکردووە 07704448100 بە نامە وەزارەتی تەندروستی لە کارەساتی دواکەوتنی نەخۆشخانە ٤٠٠ قەڕوێڵەیەکە ئاگادارکەنەوە. لەڕێی ئیمزاکردنی ئەم یاداشتەوە، ڕەزامەندی خۆت لە ناردنی ئەو نامەیە پیشانبدە. هیوادارین تا رۆژی دیاریکراو، ژمارەی نامەکان بگاتە ٤٠٠ وەکو سیمبولێک بۆ ژمارەی قەڕوێڵەکانی نەخۆشخانەکە.
لێرەوە، وەزارەتی تەندروستی و دەزگا پەیوەندیدارەکانی تر ئاگاداردەکەینەوە کە گروپی ٤٠٠ بەردەوام دەبێت لە چالاکیەکانی تا ئەو کاتەی نەخۆشخانەکە تەواو دەکرێت و هەموو گەندەڵکاران بە سزای خۆیان دەگەن.
گروپی ٤٠٠
سلێمانی
١٥/١١/٢٠١٢

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە