کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تیـرۆرى ویـژدان

Monday, 25/03/2013, 12:00





لە قۆناغى ئەمرۆیدا،كوردستان بەجۆرێك قەیران و داخلیسكانى ئەزمووندا تێدەپەڕێت كە دەبێتەهۆى لەناوچوونى زۆرینەى هەرە زۆرى هەموو ئەو گۆڕانكاریانەى كە ئێستا بە سود و بەرژەوەندى باڵا و دەسكەوتى نەتەوەیى هەژماریان دەكەین.
مەسەلەى ئاوێتەبوونى بازرگانى بەنێو هەموو كار و پیشە و كایەكانى ژیانى ئێمە, مەترسیەك دروست دەكات كە دەرئەنجامێكى زۆر روونى هەیە لە وێران بوون و نغرۆبوونى هەموو نەریت و گوفتار و پەیوەندیەكى كۆمەڵایەتى، كە دواجار وێرانبوونى شیرازەى تەواوى كۆمەڵگای لێدەكەوێتەوە.
چونكە ئێستا ئەوەندەى پیاوى سیاسەت و ئەندازیار و پزیشك و سەنعەتكار ئەزموون و شارەزاییان لە لە رێگاى بازرگانى پێكردنى كارەكەیان هەیە , ئەوەندە تایبەتمەندى كار و سەلیقەیان لە كارە راستەقینەكەیان نیە.
دیاردەى پڕكردنى گیرفان بە رێگاى نادروست ئەمڕۆ پتر لەهەرمەسەلەیەكى دیكە زەق بۆتەوە, بە جۆرێك كە زۆرینەى گازاندەى هاوڵاتیان لەخۆ دەگرێت.
تەنانەت ئەگەر ئەو بازرگانیكردن و قاچاندنەوەى كاربەدەست و نامەسئولەكانى ئەو ووڵاتە كەلەسەر حیسابى ژیان و گوزەرانى خەڵك كارى بۆدەكەن رێگایەكى بۆ بدۆزرێتەوە, بەڵام بەهیچ شێوەیەك ناكرێ بێ دەنگ و دەستەوەستان بین لەهەمبەر ئەو مافیا ترسناكانەى بە ناوى پیشەى پڕ لە ئینسانیەت و خێرەومەندانەى پزیشكى كەوتوونەتە گیانى هاوڵاتى بێ خاوەنى ئەو ووڵاتە, بەشێك لە بەناو دكتۆرەكانى كوردستان دوور لەهەموو بەها پیرۆزەكانى ئەو ئامانجەى تەنها بە شێوە لەكۆڵیان گرتووە, جۆرێًك بازرگانى بە پیشەكەیانەوە دەكەن كە هیچ بزنسمانێكى ئەو ووڵاتە لەتوانایدا نیە بەو فراوانیە رێگاى بۆ بدۆزێتەوە,
ئەوەتا بەشێك لەو دكتۆرە پول پەرستانە, لە شوێنى برین و ئازار و مەینەتى هاونیشتیمانى داماوى خۆى، چاوى لەوەیە چۆن زۆرترین قازانجى مادى لەهەر نەخۆشێك بەدەست بێنێت.
هەر لەو پەیوەندیە بێ بنەمایەى لەگەڵ دەرمانخانە و تاقیگە و نەخۆشخانە تایبەتیەكان هەیەتى ، تاوەكو ئەنجامدانى چەندین نەشتەرگەرى قورس كە لە راستیدا نەخۆشەكە پێویستى نەبووە,
خۆ ئەگەر بهاتبایە ئەو گیرفان بەتاڵكردنەى هاوڵاتیانیان حەڵال كردبایە بە پێشكەوتن لە ئەزموون و شارەزایى خۆیان و رۆیشتن لەگەڵ پێشكەوتنە بەردەوامەكانى كەرتى تەندروستى لەجیهان، ئەوا قسەیەكمان نەبوو.
وەلێ دڵساردیمان لێرە دەست پێدەكات، لەگەڵ ئەو خۆبەزلزانینەى بەشێكیان كەچى نەخۆشى كورد بۆ بچوكترین كێشە ناچارە رووبكاتە هیندستان.
بۆ چارەسەرى ئەو برینە قوڵە پێویستە حكومەتى هەرێم چیتر بەو خەمساردیە چاو لەو تراژیدیایە نەكەن، چیتر نەهێڵدرێت دەرمانى زیان بەخش لەسەر هاوڵاتیانى تاقیبكرێتەوە, چیتر رێگە نەدات ئەو بەشە لە دكتۆرە بازرگانانە بە ویستى خۆیان برینى نەخۆش قوڵتر بكەن. بۆیە دەكرێ دووبارە بەرپرسیارەتى راستەقینە پۆلین بكرێتەوە و رێگە نەدرێت ئەوانەى وەكو مافیا دەجولێنەوە و ناونیشانى فریشتەیان هەڵگرتووە دەستیان واڵابكرێت لە كارەكانیان. پێویستە هەرچى زووە بەشێوەیەكى مەسئولانە چاو بەنەخۆشخانە تایبەتیەكان بخشێندرێتەوە و مەرج و رێنمایى و چاودێرى توندیان بخرێتە سەر, چونكە ناكرێ ووڵاتێك لەسەر هەوەس و ویژدان ئیدارە بكرێت, ویژدانێك كە سەردەمێكە ژەنگى هەڵهێناوە و جگە لە سەروەت و سامان هیچى دیكە نایجولێنێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە