کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لە پاش مامەڵەیەكى گوماناوى لە چۆمان .. گەنجێك 1000 دەفتەر دۆلار دەبات و خۆى بزر دەكات

Sunday, 26/02/2012, 12:00






پاش مامەڵەیەكى پڕ لەگومان و مەترسى، گەنجێك لە قەزاى چۆمان زیاتر لە هەزار دەفتەر دۆلارى لەهاوڵاتیان دەدزێت و خۆشى وون دەكات.
ماوەى سالێكە گەنجێك بە ناوى (فاخیر شیخ ئەحمەد) كە خەڵكى گوندى ناوەندە سەر بە قەزاى چۆمان و كارمەندى پۆلیسى هاتوچۆیە، خەریكى مامەڵەى كڕین و فرۆشتنى ئۆتۆمبێلە مۆدێل بەرزەكانى سنوورى شارۆچكەى سۆران و قەزاى چۆمان و دەوروبەریەتى بەشێوەى قیست بەجۆرێك تەواوى ئەو ئۆتۆمبێلانەى كە لەلایەن ئەو گەنجەوە كڕدراون زۆر زیاتر لە نرخى خۆیانیان پێدراوە، لە بەرامبەر ئەوەى فرۆشیارەكان ئامادەبوونە ماوەى 45 رۆژ لەسەر پارەى ئۆتۆمبێلەكانیان بوەستن و داواى نەكەن. لەهەمان كاتدا هەمان ئۆتۆمبێل لە لایەن ئەو گەنجەوە بە نرخێكى زۆر هەرزان فرۆشراوەتەوە. لە ماوەى ئەو مامەلەیەدا خەڵكێكى زۆرى سنوورى سۆران و چۆمان سوودمەندبوونە و داهاتێكى ماددى باشیان بۆخۆیان دروست كردووە.هەر بەو هۆیەوە لەگەڵ درێژبوونەوەى ماوەى مامەلەكردنى ئەو گەنجە خەڵكى ناوچەكە بە تامەزرۆیى بەدەستهێنانى سەرمایەكى گوماناوى و بێ ماندووبون خۆیان خزاندۆتە نێو كێبڕكێكانى ئەو مامەڵە تەمومژاویە.هەربۆیە مەهدى ئیسماعیل ى دانیشتووى چۆمان دەڵێت :"سەرەتا من بە گومانەوە سەیارەكەى خۆم بە قازانجى 35 وەرەقە پێى دا، بەڵام ئەو لە دواى 45 رۆژ و لەكاتى خۆى هەموو پارەكەى پێدام"
(ف.ش.ئ) بۆ رەواندنەوەى گومانەكانى ئەو مامەڵەیە بۆ ماوەى چەندین مانگ ، تەنانەت رۆژێكیش لە وادەكەى خۆى بۆ تەسلیم كردنى پارەكە دوانەدەكەوت، هەربۆیە خەڵكى ناوچەكە بەو هۆیە و بەمەبەستى داهاتە ماددیەكە هەموو متمانەى خۆیان بەو بەخشى بوو.بۆیە زانا چۆمانى دەڵێت " من ئاگاداربووم كە خەڵكى ناوچەكە مۆدێلە بەرزكانى سەیارەیان دەكڕى بۆ ئەوەى بە قازانج بە ف بفرۆشنەوە"
دەنگۆى مامەڵە سەیرەكانى ئەو گەنجە بە هەموو شوێنێك گەیشتبۆوە و هەمووان مەترسى تەمومژاوى ئەنجامەكانیان دەكرد هەر بۆیە مامۆستاى ئاینى نێو قەزاى چۆمان لە ووتارى هەینیدا مەترسى ئەو مامەڵەیەى لە رووى ئاینى و دونیاى بە خەڵكەكە ڕاگەیاندبوو، بۆ ئەوەى لێى دووربكەونەوە.بەڵام قازانجە زۆرەكەى ئەو مامەڵەیە زۆركەسى پەڵكێشى ناو ئەو تاریكیە كردبوو كە رۆژ بە رۆژ گومانەكانى زیاتر دەكرد.تا رۆژێكیان دادنووس و دادوەرى سنوورەكە مەترسى نایاسایى ئەو مامەڵەیەى بە خەڵكى راگەیاندبوو چونكە ف لەو مامەڵەیەدا بەر لەوەى هیچ پارەیەك بە ئۆتۆمبێلە گران بەهاكان بدات ،كاروبارە یاساییەكەى جێ بەجێ دەكرد و بەناوى خۆى دەكردن . سیروان كە ئۆتۆمبێلەكەى جۆرى سۆناتا بووە و بە بەهاى 230 وەرەقە بە ف ى فرۆشتووە و بەر لەوادەى وەرگرتنى پارەكەى خۆى لێ وون كردووە دەلێت : " ئەوەى من ئاگاداربم ف بەر لەوەى بڕوات بە سەدان سەیارەى وەك (وەنەوشە) و سۆناتا و كامرى و بیكاشۆى 2012 ى لە خەڵك وەرگرتبوو بەڵام پارەى نەدابوو"
بۆیە بەرێوبەرى پۆلیسى چۆمان بڕى ئەو پارەیەى كەلاى(ف)ە بە زیاتر لە 1000 دەفتەر دۆلار مەزەندە دەكات.
ئیستا كە ماوەى مانگێكە ئەو گەنجە خۆى وون كردووە، خەڵكى ناوچەكە و فرۆشیارى ئۆتۆمبێڵەكان بە هاوكارى پۆلیس بەدووایدا دەگەڕێن و تا ئێستا روون نیە كە لە كوردستان ماوەتەوە یاخود چۆتە دەرەوەى ووڵات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە