کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مێشكى كیلۆمەتر سفڕ

Wednesday, 16/01/2013, 12:00








تیرۆرى هزر ،هەر تەنها بە داپلۆسین و دروستكردنى كۆسپ و زنجیركردنى بیركردنەوە نیە، تەنانەت لە هەندێك بارودۆخیشدا هاوشێوەى فیتپەمى ئوتۆمبێڵى ئەو سەردەمە زۆر لەسەرەخۆ بەهۆى ئەو ئاوە سازگارەى بە ناوى بەنزین دەخرێتە تانكیەكانى لەكار دەكەوێت و تەنها كارێك كە بیتوانیت ئەنجامى بدات، دەردانى دوكەڵ و تەپ و تۆزە.
زۆر جاریش ئێمە خۆمان ویستى تیرۆرى هزرمان هەبووە و دركمان پێى نەكردووە.
هەروەك چۆن فیتپەمى باش بەهۆى بەنزینى باش كارى خۆى دەكات، هەرواش هزر و رۆشنبیرى هەموومان، بەهۆى مێشكێكى باش بەكاردەكەوێت.
رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەگشتى و وولاتە بێ خەمەكانى هاوشێوەى ووڵاتى خۆمان بەتایبەتى ،پتر لە ئەوروپا و ئەمریكا خاوەن وەها مێشكێكى سەلیم و بێ گرفتین.
تەنانەت مێشكى نێو نایلۆن و لەقوتونراوى وەهامان هەیە كە بە مەخابن دەزانرێت بۆ پڕكردنەوەى ئەو پێداویستیە گرینگەى ووڵاتانى وەكو یابان هەناردە نەكرێت و لەنێو مۆڵەكانیان نرخى بەرزیان بۆ دادەنرێت. ئەوە هەر تەنها بۆچونێكى سادەى من نیە ، بەڵكو گەورەترین ئەكادیمیاى زانستى سەردەمە كە مێشكى ئێمەى بێ بەرهەم وبێ بیركردنەوەى خاوەن سەدان داهێنەر بە ساغ و سەلیمترین مێشكى سەردەم هەژمار دەكات . بەهۆى ئەو راستیە نەخوازراوەى بەو دواییە پزیشكە شیكەرەوەكانى مێشك لەسەر مێشكى گەورەترین زاناى مێژوو بۆیان دەركەوت.
لەو رۆژانە لە هەوالێكدا خوێندمەوە كە چەند زانایەكى پزیشكى هەستاون بە لێكۆلینەوە لە نهێنیەكانى مێشكى زاناى مەزنى فیزیا و داهێنانە زانستیەكانى مێژوو ئەنشتاین و لەئەنجامدا بۆیان دەركەوتووە كە ئەو زانایە لەتەمەنى نیو سەدە داهێنانى خۆیدا و دواى مردنى ،بە رێژەى تەنها 14% مێشكى بەكارهاتووە.

بەو پێوەرە بۆمان دەردەكەوێت كە ئەگەر مێشكى ئەنشتاین دواى مردنى تەنها 14% بەكارهاتبێت كەواتە بە بێ شك و گومان مێشكى زۆرینەى تاكى ئەو سەردەمە ئێستا كیلۆمەتر سفڕە و بۆ تەنها جارێكیش بەكارنەهاتووە. لەبەر ئەوەى ئێمە نەمان توانیووە هەنگاوەكانى بەرەوپێشچوون وەك خۆى ببڕین و بە بینایى چاوەكانى خۆمان ژیان ببینین. بەردەوام بە دواى ئەوەبووین كە خەڵكى دوورە دەست كەرەستە نوێیەكانى ژیانمان پێ بناسێنێت، هەردەم لاسایى كەرەوە بووین و بۆ ساتیكیش لەخۆمان نەچووین.بەردەوام ئامۆژگاریكەرى ژیان و گوێگرێكى سارد و سڕى سەردەمین. دڵنیام ناكرێت گۆڕانكاریە جەوهەریەكانى ژیان بە گوتارى بریقەدار دروست ببێت و بە ئاسانى تەپ و تۆزى نێو رەفەكانى بیركردنەوەمان پاك بكەینەوە. بەڵكو ئەوە سیستەمێكى زۆر گونجاوى كۆمەڵایەتیە كە وامان لێدەكات ژمێرەرى مێشكمان بەجولە بكەوێت. ناكرێت ئێمە داواى پێشكەوتن و داهێنان بكەین و چاومان لە دەرگا داخراوەكان بێت و زمانى ناخمان بۆ شكاندنى زنجیرە بەهێزەكان بەكار نەهێنین. ناكرێت تەنها قسەمان هەبێت و كردەوەمان بۆگەن و ناسازبێت. بۆ بەگەرخستنى بزوێنەرى ئەو مێشكە لۆك و بەكارنەهاتوانە پێویستە رێگا كراوەبێت بۆ تاقیكردنەوەى هەموو رێگا تاقى نەكراوەكان.بۆ لە دەرگادانى دەرگا داخراوەكان. بۆ شكاندنى نەریت و شەرم و پاداشتە بێ بنەماكان. بۆ رەشكردنەوەى هەموو ئەو رۆژمێرانەى كە لەتەمەن بەهەدەر رۆیشتوون. بۆ رەتكردنەوەى رواڵەتە بێ ناوەرۆكەكان . بۆ رێگە گرتن لە سوكایەتیكردن بە ووشەى داهێنان. وەك چۆن وون كردنى هەر كەرەستەیەكى ژیان جۆرێك كەلێن دروست دەكات، بەو شێوەیەش ئێمە نەمان توانیووە بۆ مانەوەمان رێز لەو گەنجینە دەوڵەمەندەى خۆمان بگرین و سودى لێ ببینین. بە داخەوە هەر بەو ساغ و سەلامەتیە لەكارى دەخەین. چونكە ژیان بەردەوام پێویستى بە نوێبوونەوە و داهێنان و فەراهەمكردنى كەشى تازەیە، كە بەبێ بەگەرخستنى پێوەرى مێشكمان ناتوانین بیخولقێنین. من بەر لە ئەمڕۆ پێشبینیم دەكرد كە بەكارهێنانى ئەو دیاریە مەزنەى خودا بۆ بەندەكانى وەك خۆى بەكار نەهاتووە، چونكە بەردەوام لە ململانێ بووە لەگەڵ هەوەس و ئارەزووەكان و زۆر جاریش لەهەمبەر ئەو ركابەریە سەختەى بونیات و خەسڵەتى مرۆڤ مێشك دۆراندویەتى و دەستە وەستان بووە. چونكە خۆمان زۆر كەم ویستى بەكارخستنیمان هەبووە. لەبەر ئەوەى بەگەر خستنى وەك چۆن گەردوونى خەیاڵت جێگۆركێ پێدەكات. هەر بەو شێوەیەش رێگات لێدەگرێت بۆ دەست بردن بۆ خاڵە لاواز و نەویستراوەكان. رێگات لێدەگرێت لە بەكارهێنانى زمانى جەنگ و خوێنڕێژى، لەبەهەدەردانى زەمەن. لە وون كردنى كەسایەتی .
داهێنان و كەرەستە و ئەرشیفى هەر یەكێكمان ناسنامەى كەسایەتیمانە، تەمەنى بەكارهێنانى مێشك دەبێ ببێتە كەرەستەیەكى پێویست بۆ هێنانە وجودى بەرهەمى جوان. بۆیە دەڵێن ژیانى ئینسانە مەزنەكان، دواى مردنیان دەست پێدەكات. چونكە ئەوان پاش ماڵئاوای كردنیشیان لەگەڵ بەرهەم و داهێنانەكانى ژیانیان دەژین و لەنێو كۆمەڵگادا هەمیشە بە نەمرى دەمێننەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە