کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نــــابینە دەوڵـــــــەت

Thursday, 03/07/2014, 12:00



هاوڕێیەكى دێرینم هەیە،ماوەیەكە توشى گرفتى كەم خەوى بۆتەوە. بۆ ئەو مەبەستە سەردانى پزیشكى دەروونى كردبوو،پاش روونكردنەوەى دۆخى نالەبارى خۆى، پزیشكەكە پێى گوتبوو: رۆژانە دەیان كەس بۆ ئەو مەبەستە سەردانى دەكەن، بەڵام لە راستیدا بۆ تاكى ئەو ووڵاتە نەخەوتن و نەبوونى ئاسایش و ئارامى شتێكى نوێ نیە و نابێتە كێشە،تەنانەت پزیشكەكە خۆشى شەوانە خەو ناچێتە چاوانیەوە.

ئەو رۆژە تەواوى بیركردنەوەم ببوە كێشەى كەم خەوى تاكى كورد.هەمیشە بیرم لەوە دەكردەوە كە هۆكارى ئەو نەخۆشیە و ئاڵۆزى دەروونى ئەو خەڵكە دەبێت چى بێت؟
بۆیە ئەو شەوە لە ترسى تێوەگڵان لە وەها گیروگرفتێك زووتر خۆم خزاندە نێو جێگاكەم، كەوتمە نێو خەوێكى قــــول.

منیش وەكو زۆرینەى خەڵك ،لەكاتى خەو بینیندا هەست دەكەم كە ئەوەى لەبەر چاومە خەونە،وەلێ ئەو شەوە هەستم دەكرد زۆر لە هەقیقەت نزیكم
لە خەونەكەمدا خۆم لەنێو هۆڵى كۆبونەوەكانى نەتەوە یەكگرتووەكاندا بینیەوە. هەرچەند حەزى قەرەباڵغى و گفتوگۆى فەرمیم نیە، بەڵام ئەو جارە ناچار بە چارەنوس سازترین گفتوگۆكرام.
لەنێو ئامادەبوەكان،دیپلۆمات و رۆژنامەنوسى بیانى و نوێنەرى ووڵاتان دەبینران، گفتوگۆكە دەستى پێكرد و یەكێك گووتى :

بەخێربێیت.
- سوپاستان دەكەم
- دەمانەوێ لە تۆوە ئاگادارى بارودۆخى ووڵاتەكەت بین

گوتم : فەرموو بپرسن.ئامادەم وەڵامتان بدەمەوە

- ووڵاتى ئێوە لە ووڵاتە دواكەوتوەكانە، راستـــــە؟
- هەستم كرد خۆم خستۆتە نێو گێژاوێكى قوڵ، بارێكى قورسم خستۆتە سەرشانم، خۆ ئەگەر دەلێم ئەرێ وەڵڵا تا سەرئێستقان دواكەوتووە، ئەوە شوورەییە و لەپێش بێگانەكان باسى خراپەى خۆم دەكەم،دواتر ئەوە یەكەم فرسەتى خزمەتكردنى ووڵاتەكەمە چۆن دەبێت لە دەستى بدەم، لە نەریتى ئێمەشدا نەبووە لە پێش بێگانەكان بە خراپە باسى ووڵاتەكەى خۆت بكەى.ئەوە تاوان و گوناهە. ئێستا ناچاربووم درۆ بكەم،
- ئەوەندە تاقەتم هەبوو دەنگم بەرزكردەوە
كێ ئەمەى گوتووە؟ ئەوەى ئەو قسەى گوتووە نیازیەتى راستى بشێوێنێت.
لەسەیركردنى یەكتردا زانیم كە تێگەیشتن دەبێت روونتر پرسیارەكانیان بكەن بۆ ئەوەى ناچار بە نــــاراستى نەبم.

یەكێكى تر پرسى : راستە كێشەى كــارەباتان بە بەردەوامى هەیە، ئێستا كێشەى سوتەمەنى و بەنزینیشى هاتۆتە سەر؟

- ئەگەر دەڵێم ئەرێ وەڵلا دەلێى لە ئەشكەوت دەژیــن ئەوە ناهەقیم بەرامبەر ووڵاتەكەى خۆم كردووە و لە كەسایەتى خۆم كەمكردۆتەوە، بۆیە ناچار گوتم : كارەبا كێشەى نیــە و بۆ بەنزین و سوتەمەنیش شتێكى كاتیە و چارەسەر دەبێت.
- ئەى بۆ دەڵێن پارەى كارەبا زۆرە و خەڵك گلەیى لە زۆرى خەرجى كارەبا دەكەن؟

براینە كارەبا لاى ئێمە هەر بەلاشــــە.
- زۆر باشـــە

كەیف خۆش بووم كە لەبەردەم بێگانەكاندا بەباشى باسى ووڵاتى خۆم كرد

- ئەى راستە دەلێن، كرێى خانوو گرانە و قەیرانى نیشتەجێبونتان هەیە و فەرمانبەر موچەكەى تەنها بەشى كرێى خانوو دەكات؟

- ئەوجارە هێزێك لە ناوەوە هانى دەدام راستى بڵێم،بەڵام هاتەوە بیرم كە ئەوە خەونە،با بۆ خاترى ئابرووى ووڵاتەكەم هەندێ شت پەردەپۆش كەم، بۆیە گوتم: بەڕێزینە ئێمە دوژمنى زۆرمان هەیە ،ئێمەیان خۆشناوێت ، هەر بۆیە ئەو درۆیانەمان بۆ هەڵدەبەستـــن.
كەواتە كێشەى نیشتەجێبونتان نیە؟
- نەخێـــر قوربان، برۆن لە رۆژنامەكان بڵاوى بكەنەوە

ئەى راستە دەڵێن ژیـــان لاى ئێوە زەحمەتە، چینى ناوەنجیتان نەماوە، جیاوازى چیانەیتى زۆر زەق بۆتەوە؟

- گوێگرن بەرێزینە، ئێمە ئۆپۆزسیۆنێكمان هەیە زمانى راگەیاندنى بۆ زیادكردنى دەنگەكانى لە هەڵبژاردن وەك چەقۆ تیژە، ئەوان ئەو قسانە دەكەن ئەگینا هەموو لە كەیف و خۆشى جۆرجیا و توركیاین

وەهامان بیستووە كە رێژەى بێكاریتان بەرزە. دەستى كارى بیانیتان خستۆتە پێش دەستى كارى خۆماڵى،تەنانەت موچەى فەرمانبەرانیشتان كەمە. رەنگە ئەوە راست بێت. وایە؟
- ئێوە باوەڕ بە من دەكەن یان دوژمنان؟

حەتمەن ئەوە گوێمان لە تــۆ راگرتووە؟
-
دە كەواتە باش گوێگرن. دەرچووى زانكۆكانى ئێمە تەنها كێشەیان ئەوەیە نازانن لە كەرتى گشتى كاربكەن یان كەرتى تایبەت. هێندە دەرگا والایە. دەرەقەت نایەن، هەربۆیە كرێكارى بەنگلادیشى و فارس و توركیایى دێنن تا كارە تەواو نەكراوەكان راپەرێنن.
پرسیـــان:
ئەى حاڵى پەروەردە چۆنە؟ راستە رێژەى نەخوێنەواریتان بەرزە؟

- نەخێر. ئەوەندە خوێندەوار لە ووڵاتى من زۆرن خەریكە خەڵكەكە لە نوسین و خوێندنەوە بێزار دەبــن. هێندە قوتابخانەمان زۆرن، وەختێك حكومەت دەیەوێت بازار یان هۆتێلێك دروست بكات بە ئاسانى قوتابخانەیەك دەروخێنێت و زەویەكەى دەكات بە مۆڵ.

- ئەى بۆ رێگاو بان دەڵێى چى، دەلێن رێگاكانتان كەم و خراپن،بۆیە رووداوى هاتوچۆتان زۆرە؟

- بەهەڵە تێگەیشتنێك هەیە ، ئەوەى هەیە قەزار و قەدەرى خودایــە. ئێمە بڕوادارین، بروامان وەیە كە هەموو ئەوانە چارەنوسى نوسراوى ئێمەن.

- بە ئێمە بڵێ، چین بەرهەمە خۆماڵیەكانتان؟ چەند كارگەى بەرهەمهێنەرى پیشەسازى ناوەخۆیتان هەیە،بازرگانى بەچى دەكەن؟

- ئارەقەى شەرمەزارى نغرۆى كردم.ئاخۆ ئینسان دەبێت بە چ زمانێك لەو دۆخەدا خۆى دەرباز بكات.ئەوەى دڵخۆشى كردم كە هەموو ئەو روو زەردیە لە خەوندا بوو. وەڵامم نەبوو، هەر ئەوەندە زارم بزوا بڵێم، بەرهەم هەیە و هەمووش هەر بازرگانــــــــــن.

پرسیاریان كرد، كاكە برا بــا ماندوت نەكەیـن، دۆخى ئازادى و یاسا لە ووڵاتى ئێوە چۆنە، چەندە لێى رازیـــن؟

- هەیە ، زۆریش هەیە، پریەتى لە ئازادى
ئازادیتان هەیە؟
- كام ئازادى؟

ئازادى رۆژنامەگەرى؟

ئازادى زۆرمان هەیە، لێى بێزاریـــن

- چۆن ئازادیەكتان هەیە ، لەهەر كوچەیەكى ووڵاتەكەت، لەسەر هەڵمالینى گەندەڵیەك، دركاندنى هەقیقەتێك، رۆژنامەنوسێكتان تیرۆر كراوە؟

- نازانم چەند كەوتوونەتە كابوسەوە؟ مەگەر تاڵتر هەیە لە وەها دۆخێك، چۆن لەبەرامبەر ئەو غەریبانە قورسایى بۆ وەها وڵاتێك دروست بكەم كە زمانى بەرگریكردنى لێ زنجیــر كردووم؟

لە كۆتایدا بۆ ئەوە چیتر شەرمەزار و روو زەرد نەبم دوعا خوازیم لێكردن، ئیزنى رۆیشتنم كرد،
گوتیــــان:
بەر لەوەى بڕۆى با شتێكت پێ بلێین.ئێمە بۆیە لێرە كۆبوینەتەوە تا ئەگەر ئێوە وەكو نەتەوەیەكى مەزلوم و خاوەن مێژوو لە قوربانیدان و ژێر دەستەیى كێشە و گرفتێكتان هەبێت بۆتان چارەسەر كەین و هاوكاریتان بكەیــن بۆ ئەوەى بەخەونى سەربەخۆیى بگەن، بەڵام وەكو دەبینین شوكر زۆر بەهێزن، پاڵپشتیتان ناوێت و باشترە خۆتان بیر لە چارەنوسى خۆتان بكەنەوە و بەرنامەى بۆ دارێژن.
ئیتر بۆم روون بۆوە، كە مــن بوومە هۆى لەدەستدانى یەكەم هەلى بەدەوڵەت بوونى نەتەوەكەم.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە