(كۆمەڵەى وەگێڕان) وەكو پێویستى سەردەم
Tuesday, 03/04/2012, 12:00
وەرگێڕان وەكو بەشێكى زیندوو و دانەبڕاوى بوارى نووسین و رۆژنامەوانى ساڵەهایە لە ووڵاتى ئێمەدا لە كۆشش و داهێناندایە.زۆرینەى شاكارەكانى چیرۆك ، رۆمان و كارە شانۆییەكان ى كورد بەهۆى وەرگێڕانەوە خولقاون. هەنگاوى بەرەوپێشچوونى ئەو رەوتەش رۆژ بە رۆژ لە بەرەوپێشچوون و بەرفراوان بووندایە. وەكو هەمووشمان دەزانین تایبەتمەندى كارى وەرگێڕان، هەر لە نوسینى ئەدەبى تاوەكو وەرگێرێكى مەیدانى لە ماوەى كاركردندا ئەوەندە وورد دەبێتەوە كە پێویستى بە دابەشكردنێكى ئەكادیمى هەیە و لە ووڵاتى ئیمەشدا زیاتر لە بوارەكانى دیكە، ئەو تایبەتمەندى و دابەشكردنە لە كارى وەرگێڕاندا بە زەقى دەبینرێت. هەر بۆیە هەموو ئەو كەسانەى لەو بوارەدا كاریان كردووە بە ئەمانەتەوە لەگەڵ پیشەكەى خۆیان هەڵیان كردووە و دەستیان بۆ كارێكى دیكە نەبردووە. لەگەڵئەو هەنگاوە پیرۆزانەش بە پێویست دەزانرێت كە بوارێكى وەها بەرفراوان لە تایبەتمەندى نەدرێت و تێكەڵ بە خودى لقو پۆیەكانى كارى خۆى نەكرێت
چونكە ئەمڕۆ پتر لە هەموو سەردەمێك وەرگێران بۆتە هۆكارى دەوڵەمەندبوونى ئەدەب و نووسین لە ووڵاتان. بۆیە بە پێویست دەزانرێت لە بەرامبەر ئەو هەموو هەوڵەى وەرگێڕان كە تێیدا وێژە و ئەدەبى كوردى قەرزبارە، وەرگێڕان لە كارى رێكخراوەیدا كۆمەڵە و سەندیكاى تایبەتى هەبێت و كادیرانى لە سەندیكاى رۆژنامەنووسان و یەكێتى نوسەرانى كورد جیابكرێنەوە و وەكو تیمێك لە كۆمەڵەیكدا كۆبكرێنەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست