فەیــــــسبوك
Wednesday, 21/11/2012, 12:00
ژیــــان هاوشێوەى ئینسانەكان، لەگەڵ تێپەڕبوونى زەمەن، بەردەوام روو لە دواوەیە بۆ روانینى جوانیەكان. بەجۆرێك كە ئەو گەردوونەى ئێمە ئێستا لەسەرى دەژین بە تێپەڕبوونى كات تەمەنى بەهارى خۆى بەجێهێشتووە و ئێستا لە رووى كۆمەڵایەتى و داب و نەریتى جارانى لە وەرزى سەرما و سۆڵە و گەڵارێزان و خۆكۆكردنەوەیە بۆ خۆپارێزى لە هەڵامەتى داهاتووى. ئەمڕۆ نیە كە مرۆڤ ئاوات بە تام و چێژى بەرائەت و موحیبەتى جارانى دەخوازێت. ئەمڕۆ نیە كە بەحەسرەتى راستگۆیى و تەبایی سەردەمى زووین. بۆ ئەو جوانیانەى كە لەساتە وەختى خۆى دركمان پێنەكردوون ئێستا بۆ سۆراغیان حەودال و تامەزرۆین. هەموو ئەوانەمان لەنێو ئەساڵەت و نەریتى پڕ لەسەروەرى خۆمان دەمێكە وون كردووە، دڵنەوایى ئەوە بەخۆمان دەدەینەوە كە بۆ هەموو ئەو خەوش و كەلێنانەى ئەمڕۆ لە بارى كۆمەڵایەتى و خێزانى كوردیدا دروست بوون، هەموو ئەو لێكترازان و كاڵ كردنەوەى جوانیە دێنە ئاراوە، بە فەیسبوك قەرەبوو دەكرێنەوە.
وەكو چۆن ژیان و ئاكار و جولانەوەمان كران بە كەرەستەیەكى ئەلكترۆنى.
ئاواش موحیبەت و راستگۆیى و پێكەوەژیانمان بوون بەو ئامێرە سارد و سڕانەى كە ئامرازن بۆ لێكترازانى كۆمەڵایەتى.
راستە كە فەیسبووك هاوشانى ئامێرەكانى دیكەى پەیوەندى و ئاگاداربوون لە كوچە و كەلەبەرەكانى دونیا بوون بە نیشانەى پێشكەوتنى بیرى مرۆڤایەتى و گەورەترین خزمەت و كارئاسانى بۆ پێویستى سەردەم. بەڵام نەوەك بۆ سڕینەوەى خەوش و چڵكى كۆمەڵایەتى و سەلوایەك بۆ خۆدزینەوە لەو بەرپرسیارەتە خێزانى و كۆمەڵایەتیەى كە تاك بەتاكى هەر كۆمەڵگایەكى دروست لەئەستۆیاندایە.
چونكە ئەگەر فەیسبوك تۆرى كۆمەڵایەتیبا بۆ كورد، دەیتوانى جێگەى بەرئاگردان و خەمگۆرینەوەى پڕلە راستگۆیى هاورێیەتى جارانى بگرتباوە. دەیتوانى ببێتە سەلواى رۆح و دڵى بێ خەوش و بوێرى و تەنانەت سیفەتى خاكى بوون و روح سوكى. كە هیچ كات و هیچ هێزیك ناتوانێت لەخالێكدا كۆیان كاتەوە و فۆرمێكى تازەیان لەبەردابكات. بەجۆرێك كە بەپێچەوانەى ئامانجەكان، كەرەستە ئەلكترۆنیەكان بوون بە لایەنێكى كۆسپ دروستكەر، بۆ ئەو دەمەى كە هەر هەموو هەڵگیرساندنى شۆڕشێكى فیكرى و كۆمەڵایەتى بۆ كۆمەڵگاى كوردى و دووبارە رەنگ كردنەوەى جوانیەكان بە پێویست دەزانن.
چونكە هەموو ئەوانەى داوایان دەكەین و لە نەریتە جوانەكەى كوردیدا وونمان كردووە، هەموو ئەو گۆڕانكاریە زۆر خێرایانەى بارى كۆمەڵایەتى و خێزانى تەنانەت سایكۆلۆژیەتى تاكى كورد هاوكات بوونە لەگەڵ تێكەڵبوونمان بە تەكنەلۆژیا و ئامێرە ئەلكترۆنیەكان. كەبەر لە هاتنیان بنەڕەتێك هەبووە بۆ بۆشاییەكان و بە هەقیقەت پڕكراونەتەوە.بەڵام ئەمڕۆ سەتەلایت و مۆبایل و فەیسبووك بونەتە شوێنگرەوە ، وەلێ وەكو میوانێكى زۆر سارد و سڕ ، چونكە هەموو ئەوانە لە هۆكارێكى سادەى پەیوەندیكردنەوە بۆ ئێمە كران بە هۆكارى كات بەسەربردن و پڕكردنەوەى كەلێنە رۆحیەكان.بەجۆرێك كە بۆ زۆرینە بوون بە هەموو ژیان. تەنانەت لەنێو بچوكترین یەكەى كۆمەڵایەتیشدا ئێستا بوون بەهۆى بێ ئاگابوون لە خەم و گرفت و ئاستەنگیەكانى یەكتر.بۆ هەندێكیش بوون بە هۆكارى جیابوونەوەى هاوسەرى و ئاژاوەگیرى و تەنانەت تا ئاستى كوشتن. رەنگە نەزانینى بەكارهێنانەكە لەبنەڕەتدا هەر ئەوە بووە كە ئامێرێك توانیویەتى شوێنى خۆى لەو خاڵەدا بكاتەوە كە ئەو ئینسانە بەهەموو ژیانى خۆى زانیووە.بۆیە دەڵێم راستە رۆژئاواییەكان لە لەوتكەى هەرەمى تەنیایى و داچۆڕان لە نەریتە جوانەكان بە دواى تروسكاییەكن كە كەلێنە رۆحیەكانیان پێ پڕبكەنەوە ،ئەگەرچى لە گیانلەبەرێك یان لە ئامێرێكى ساردو سڕى سەردەم بێت، تا لە دابارینى هەورە رەشەكانى روخانى ئەسالەت و نەریت بەجۆرێك خۆیان لەبەر سایەى تۆرێكى كۆمەڵایەتى وەكو فەیسبوك ببیننەوە. بەڵام بۆ تاكى كورد هێشتا زۆرى مابوو خۆى بخاتە بەر ئەو سایە و سەیوانەى كە هیچ كات بیرى بۆ ئەوە نەدەچوو بكەوێتە بەر لێزمە بارانێكى پڕ لە تریشقە و بەخوور.چونكە وەرزى پێكەوەژیان و كۆمەڵایەتى ئێمە هەمیشە ئەو بەهارە جوانە بووە كە هەمووان بە تاسەى بینین و سەیرانى بوونە.نەوەك ئێمە خۆمان ببینە شایەتى نغرۆبوونى جوانیەكان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست