عەنتەرەكانى حیزب
Friday, 17/10/2014, 12:00
لە رۆژهەڵاتى ناوەراستدا ، حكومەت زادە و سێبەرى حیزبێكى باڵادەستى ووڵاتە ، حیزبێك كە دواجــار دەبێتە رەنگى حكومەت، هەر خۆى پێ كوێخا و دەمراستى خەڵكە ، خەڵكیش جێبەجێكارى فەرمان.
هەرگیز مەزەندەى ئەوە مەكەن هیچ حكومەتێكى حیزبى بێ بەرهەم و پیشەسازى بێت ، بێدەسەڵات لەهەمبەر سیاسەت و نا ئاشناى سەردەم بێت ، لە حكومەتى حیزبیدا بەرهەم هەیە، پیشەسازیش هەروەها
لە حكومەتێك كە یاساى تایبەتى بۆ ئەندامانى حیزب هەبێت ،بۆ خەڵكى سادەش یاساى گشتى ، زۆرترین بەرهەمى نەوەیەكى نادروست و بێ خاوەنە، كارگە پیشەسازیەكانى حیزب گەنجێكى دەست ئاواڵا لە شكانى شكۆى خۆى ، رەتكردنەوەى رەسەنایەتى ، نغرۆكردنى نەریتى مرۆڤدۆستى ، بەهەوەس بۆ شكانى یاسا، پاڵەوانى سەر شەقامە وێرانەكان دەخولقێنێت ، نەوەیەك بێ ئاگا لە بوونى خۆى،دوور لە مرۆڤدۆستى و پێكەوەژیان، دوژمنى سەرسەختى هەوڵدان ، باوە كوشتەى زانست و پەروەردە، بەرهەمى ئەو كارگانە رۆژ بە رۆژ كاڵاكانیان كرچ و كاڵتر دەبێت ، بەڵام فرۆشیان لەجاران زیاتر،
بەرهەمى ئەمرۆ شانازى بە شكاندنى یاسا ، مەبەست و بێ هۆشى ، دووركەوتنەوە لە مەعریفە ، خستنە ژێرپێى جوانیەكان دەكات
هەموو لادانەكان بەجۆرێك لە پابەندبوون بە ریزەكانى حیزب هەژمار دەكات
بۆ شكاندنى شكۆى یاسا، رەشكردنەوەى هەقیقەت هەمیشە دڵنیان لە پاڵپشتى ، لە بەردەوام بوون لە كردەوەیەك كە لاپەرەكانى مێژوو بۆگەن دەكەن ، ووڵات بەرەو هەڵدێر، ئەزموون بەرەو قوربەسەربوون دەبەن
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست