کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ووڵاتى مشكــــان

Thursday, 04/10/2012, 12:00







لەگەڵ پەرەسەندنى ژیــان، دەسكەوت و داهێنانە زانستیەكان لە هەموو بوارەكان پەرەیان سەند و گەشەیان كرد.لەو نوێوەندەشدا مشك رۆڵى دیار و كارامە و بەرچاوى هەبوو بۆ سەلماندنى راستى هەموو بیرۆكە و بیردۆز و گریمانەكان.لەبەر ئەوەش كە بەشە سەرەكیەكانى هەناو لەنێوان مشك و مرۆڤ لێك نزیكیەك هەیە لە شوێنە مەترسیدارەكان مشكیان خستە شوێنى مرۆڤ.
بۆیە تاوەكو ئیستا مشك بە پاڵەوانى زۆربەى دەسكەوتە زانستیەكانى سەردەم هەژماردەكرێت و لەو پێناوەدا هەزاران مشك بوونەتە قوربانى بیركردنەوە زانستیەكانى مرۆڤ كە چەندەى بەرەوپپێش دەچێت ئەوەندە تەمەنى مرۆڤ كەمدەكاتەوە.
 هاوشێوەى بەكارهێنانى مشك لە تاقیكردنەوە مەترسیدارەكان ئێستا كوردستان بۆتە مۆڵگەى تاقیكردنەوەى خراپترین كەرەستە و كاڵا جیهانیەكان.ئەوەتا تەواوى خۆراك و خواردەمەنى ماوەبەسەرچووى ووڵاتانى دراوسێ بە هاوڵاتیانى ووڵاتەكەم ساغ دەكرێتەوە و دەرئەنجامى خاڵەنێگەتیڤەكانیشى هەژمارناكرێن.هەرچى كەل و پەل و كەرەستە ى خراپ و بێ كەڵكى ووڵاتان هەیە خزاندراوەتە ئەو هەرێمە بەبێ ئەوەى حیساب بۆ جۆر و سود و قازانجى بكرێت.جیاواز لە تەواوى دونیا لە لایەن وەزارەتى تەندروستیەوە كە ئەركى سەرەكى چارەسەركردن و پاراستنى هاوڵاتیانە لە نەخۆشى و ڤایرۆس لە شوێنى مشك هاوڵاتى ووڵاتەكەى تاقیدەكرێتەوە بەو دەرزى و دەرمانانەى كە تاوەكو بەكارهێنانیان نازانێت دەرئەنجامەكانى چیە و نەخۆشەكە بۆ كام گۆڕدەبات.هەربۆیە چەندین هاوڵاتى بە تاقیكردنەوەى داو و دەرمانە ئیكسپایەر و تەواو زیانبەخشەكان بونە كۆچى قوربانى ووڵاتە بێ خاوەنەكە.ئەوەتا پتر لە ووڵاتێكى پڕلەجەنجاڵى ئەوروپا و ئەمریكا هەرێمى كوردستان بۆتە خاوەنى زۆرترین ئۆتۆمبێڵ كە وەكو شارەزایان باسى لێوەدەكەن خراپترین كوالێتیان هەیە، ئەو ووڵاتانەى كە هەڵدەستن بە دروستكردنى ئەو ئۆتۆمبێڵانە تایبەت بۆ ووڵاتى مشكانى دەنێرن و لەلاى خۆیان ئامادەنین تەنانەت هاوڵاتیە كەمئەندامەكانیشیان بەكارى بهێنن. بەجۆرێك ئەو هاوڵاتیانەى كە بەكارهێنەرى ئەو ئوتۆمبێڵە دەبن بەردەوام ژیانیان لە مەترسیەكى گەورەدایە بەهۆى لاوازى ئەو كەرەستانەى كە لە دروستكردنیدا بەكارهاتوون.كەچى لێرە تاقیدەكرێنەوە.هەربۆیە كە رۆژانە گوێمان لە كارەساتى گەورەى هاتوچۆدەبێت.بەجۆرێك كە هەست دەكرێت ئەو ووڵاتە لە جەنگێكى قورسدایە و قوربانیەكانى بەردەوام لە زیادبووندان.
بەهۆى ئەو چاونەترسیەى هاوڵاتى كورد لەو هەرێمە بەرامبەر بەكارهێنان و تاقیكردنەوەى هەرچى كاڵاو كەرەستە و خواردەمەنى و دەرمان و شتى دیكەى هەیە پێویستە دەزگا ئەكادیمى و مەعریفیەكانى تایبەت بە پێشكەوتنە زانستیەكانى دونیا لە داهاتوودا بیرلەوە بكەنەوە كە كورد بخەنە شوێنى خۆیان لەو كاتانەى كە مەترسى گیان لەدەستدان و وێران بوون هەیە. چونكە لێرە كەس خۆى ناكاتە خاوەنى زیان و گرفت و لێكەوتە خراپەكان. هەموویان هەر هاوڵاتى بە كەمتەخەم دەزانن و هەرچى دەزگا و دامەزراوەى چاودێرى و كۆنترۆڵكردن هەیە بە حكومەتیشەوە دەرگایان خستۆتە سەرپشت و چاوەڕوانى بەزەیى خودا و ویژدانى بازرگانەكانن.
كەواتە بە هەموو پێوەرێك بە زەروور دەزانرێت لە داهاتوودا هاوشێوەى مشك رۆڵى ئێمەش لە تاقیكردنەوە مەترسیدارەكان بەرز بنرخێندرێت بۆ ئەوەى هەموو ئەو زەحمەتى و ماندووبونەمان بەهەدەر نەدرێت و لە داهاتوودا چاوەڕوانى خەڵاتى نۆبڵى چاونەترسى و بێ خاوەنى وەربگرین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە