دادگا و كۆمیسیۆن و دەسەڵات بەیەكەوە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانیان راگەیاند و مافیان بەمافداریش نەدا
Tuesday, 29/10/2013, 12:00
دادگا + كۆمسیۆن + دەسەڵات = ئەنجامى هەڵبژاردن
رێگەپێدراوی هەڵبژاردنی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان"عەبدولوەهاب ئەحمەد"، سەبارەت بە بڕیاری پێداچوونەوەی دادگا بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و لەبەرچاوگرتنی تانەی لایەنەكان لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لەلێدوانێكدا بۆ ماڵپەری پارتەكەی ووتی؛"پاش ڕاگەیاندنى ئەنجامى ئەو سكاڵایانەى كە درابوە دادگاى پیاچونەوە بۆ هەڵبژاردنەكان لە لایەن ئەو قەوارە سیاسیانەى كە لە ئەنجامەكانى هەڵبژاردنى 21/9/2013 كۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەكانى هەرێم خرایە ڕوو، دەركەوت كە دادگا هیچ سكاڵایەكى بە ڕاست نەبینیوە و تەنها كات بە فیڕۆدان نەبێت و ئەنجامەكەشى هەمان ئەنجامى كۆمسیۆنە كە هەر لە سەرەتاى جیاكردنەوەى دەنگەكان سەربەخۆیى خۆى لەدەستدا و لە قازانجى دەسەڵات بەڕێوە چوو.
عەبدولوەهاب ئەحمەد رێگەپێدراوی هەڵبژاردنی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان لەدرێژەی لێدوانەكەیدا ئەوەشی ووت كە؛ دەكرێت هەڵسەنگاندن بۆ ئەم هاوكێشەیە بكەین كە دادگا لە خزمەتى كۆمسیۆنە و كۆمسیۆنیش لە خزمەتى دەسەڵات و ئەو كات گەلیش وەك تەماشاكارێك دور لە هەموو پێوانەیەكى دیموكراتى و یاسایى ئەنجامەكانى هەڵبژاردن كە پڕە لە كەموكوڕى بسەپێنن بەسەر گشتیدا.
ئەمانە ڕاستیەكن كە لە تانەكانى لایەنەكاندا دەردەكەوێت و پارتى چارەسەرى دیموكراتى كوردستانیش یەكێك بوو لەو لایەنانەى كە سكاڵاى هەبووە لەسەر تەواوى پرۆسەكە و بە مافى خۆمانیشی دەزانین كە گومانى تەواو لەو دەرئەنجامانەى دادگا بكەین و بە ڕاستى نازانین و جاریكى تر ئەو بەڵگانەى كە لە لامانە بۆ ڕاى گشتى ئاشكراى دەكەین و داواى یاسایى لە دەرەوەى هەرێم تۆمار بكەین و بە چالاكى مەدەنى ناڕەزایەتیەكانمان بخەینە ڕوو بۆ گەڕانەوەى ڕاى خەڵك لە پرۆسەى هەڵبژاردنەكان و بە دیموكراتیزەكردنى دەسەڵات، چونكە دادگاش لەگەڵ ئەوەی كە كاتێكی زۆری بەفیرۆدا، سەرەڕای ئەوەش هیچ پێداچوونەوەیەكی بە تانەی لایەنەكانی نەدا و هاوشێوەی دەسەڵات و كۆمیسیۆن مافی مافداریشی نەدا، ئەمەش غەدرێكی گەورەیە لە پرۆسەی دیموكراسی و بەدیموكراتیزاسیۆنی سیستەم و كۆمەڵگادا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست