کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خۆپیشانده‌ران تا ئێستا چییان به‌ده‌ستهێناوه

Saturday, 26/03/2011, 12:00



خۆپیشانده‌ران تا ئێستا چییان به‌ده‌ستهێناوه

پۆڵای موهه‌ندیس/ ڤییه‌نا
ا‌
خۆێنه‌ری به‌ڕێز

وه‌ک هه‌مو ده‌زانین ماوه‌ی ٣٥ رۆژ زیاتره‌، به‌شێکی زۆری کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان به‌رده‌وامن له‌ خۆپێشاندان، بۆ به‌دیهێنانی کۆمه‌ڵێ داواکاری که‌ گرنگه‌کانیان بریتییه‌ له‌ چاکسازی سیاسی ، ئابوری یاسـایی، ڕۆشنبیری و هێنانه‌دی دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی و دژایه‌تیکردنی گه‌نده‌ڵی ئێستا پرسیارێک هاتۆته‌ ئاراوه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌: خۆپیشانده‌ران تائێستا چییان به‌ده‌ستهێناوه؟
سه‌رباری ئه‌وه‌ی که‌ هێشتا ده‌سه‌ڵات به‌ جیددی به‌ ته‌نگ ئه‌و داواکارییانه‌وه‌ نه‌هاتوه، به‌ڵام به‌نده‌ پێی وایه‌ ئه‌مان توانیویانه‌ ئه‌م خاڵانه‌ خواره‌وه‌ به‌ده‌ستبهێنن:
١ به‌ته‌واوه‌تی دیواری ترس و تۆقاندن ڕوخێنرا
٢ ده‌سه‌ڵات بۆی ده‌رکه‌وت که‌ قودسیه‌تی شه‌خس، بنه‌ماڵه‌، حیزب و حوکمکردن به‌ شه‌رعییه‌تی شوڕشگێڕانه‌
به‌ پێچه‌وانه‌ی حوکمی قانون و ده‌ستور له‌ لایه‌ن کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکه‌وه‌ قبولناکرێ
٣ به‌شێک له‌ ده‌سه‌ڵات ڕازیبوه‌ به‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت به‌ڵام به‌و میکانیزمه‌ی که‌ خۆیان ده‌یانه‌وێت
٤ ده‌سه‌ڵات ڕازیبوه‌ به‌ ئیجراکردنی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان به‌ زوترین وه‌خت، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ که‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکانی هه‌ولیر ، دهۆک و سلێمانی تا ئێستا ئه‌ونده‌ کارا نه‌بون وه‌کو ئه‌وانه‌ی خوارووی عێراق که‌ تا ئێستا توانیویانه‌ چه‌ندین پارێزگار بگۆڕن، وه‌کو به‌سرا یان سه‌ماوه
٥ بۆ یه‌که‌م جار به‌ به‌رچاوی میدیاکانه‌وه‌ سه‌رۆکی وه‌زیران هاته‌ په‌رله‌مان و وڵامی پرسیارو پێشنیاره‌کانی ئوپۆسزیۆنی دایه‌وه‌
٦ ده‌سه‌ڵات بڕیاریدا به‌ دامه‌زراندنی ٢٥٠٠٠ که‌س له‌م ساڵه‌دا
٧ ده‌سه‌ڵات، پاشان ناچار بوو که‌ پێشنیاری ١١ خاڵ بکات بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م وه‌زعه‌، وڵامی خۆپیشانده‌ رانیش به‌ ناته‌واویان له‌ قه‌ڵه‌مدا و هه‌ر سورن له‌ سه‌ر داواکانی خۆیان
٨ خۆپێشانده‌ران توانییان پشتگیری کوردانی تاراوگه‌ بۆخۆیان به‌ده‌ست بهێنن و له‌ ڕێگه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ ده‌نگیان بگاته‌ دام و ده‌زگا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان
٩ بزواندنی هه‌ست و سۆزی ڕۆشنبیران، هونه‌رمه‌ندان،شانۆکاران، شاعیران،دکتۆره‌کان،ئه‌ندازیاران وچه‌ندین پێشمه‌رگه‌ی دێرین و به‌ده‌ستهێنانی پشتگیریان بۆ خۆیان
١٠ له‌ هه‌موی گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ که‌ خۆپیشانده‌ران، پارت و لایه‌نه‌ ئۆپۆسزیۆنه‌کانی ناچار کرد که‌ هه‌ڵویست وه‌ربگرن، پشتگیری له‌ خۆپیشانده‌ران یان دژایه‌تیکردنی، یاخوت بێده‌نگبون. له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هه‌ندێکیان به‌ گێره‌شێوێنیان له‌ قه‌ڵه‌مدا، پاشان که‌وتنه‌ پشتگیری کردنیان.
١١ ده‌رکه‌وت که‌ خۆپیشانده‌ران وه‌ستایانه‌ سوودیان له‌ میدیای ئه‌لیکترۆنی وه‌رگرت، ،چونکه‌ هێشتا کێشمه‌ کێشی نێوان هوشتر و فه‌یسبوک، نێوان تانک و وشـه‌ هه‌ر به‌رده‌وامه‌
پرسیارێکی تر ئه‌وه‌یه‌ که‌ بۆ تا ئێستا له‌ هه‌ولێر و دهۆک خۆپیشاندان ڕوینه‌داوه‌، هه‌ڵبه‌ته‌ به‌ حوکمئ ئه‌وه‌ی  ده‌سه‌ڵات ئیجرائاتی زۆر توندی گرتۆته‌ به‌ر له‌و دوو شاره، نمونه‌ش داخستنی زانکۆی سه‌لاحه‌ددین بۆ زیاتر له‌  مانگێک جگه‌ له‌ زیندانیکردنی کۆمه‌ڵی چالاکوان، داخستنی سه‌یته‌ره‌کان به‌ڕووی گه‌نجانی سلیمانی ،کۆیه‌،ڕانیه‌ چه‌مچه‌ماڵ، کفری ، که‌لار ئه‌گه‌ر گۆمانیان لێ هه‌بوبێت که‌ سه‌ر به‌ خۆپیشانده‌رانه‌.
شایانی وتنه‌ که‌ له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی تر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هه‌ر له‌ یه‌ک دو شار خۆپیشاندان ده‌ستی پێکرد، پاشان سه‌رتاپای هه‌مو وڵاتی گرته‌وه‌.

هیوادارم که‌ ده‌سه‌ڵات به‌ زوترین کات به‌ ده‌نگ داواکانی خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ بێت، چونکه‌ هێشتا سه‌قفی داواکارییه‌کان نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ی که‌ بڵێن... ارحـل
 
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە