کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سه‌ردانه‌که‌ی مه‌سعود چی بۆ ئه‌مه‌ریکا تیایه‌

Monday, 09/04/2012, 12:00




 


خوێنه‌ری به‌ڕیز:

ڕه‌نگه‌ به‌ر له‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م وتاره‌ پرسیارێک بێته‌ ئاراوه‌، که‌ بۆچی نه‌نوسرێت سه‌ردانه‌که‌ی مه‌سعود بۆ ئه‌مریکا، چـی بۆ کورد تیایه‌
دیاره‌ له‌ ساڵی ۲٠۰٣ وه‌ تا ئه‌م ساته‌ وه‌خته، جگه‌ له‌ ڕوخانی به‌عس (که‌ ناکرێ به‌ هه‌ند وه‌رنه‌گیرێ) ، دروستکردنی چه‌ند ده‌زگایه‌کی دژه‌ تیرۆر، کردنه‌وه‌ی کونسولخانه‌ له‌ شاره‌کانی کوردستان. ئه‌مریکا چ شتێکی به‌رجاوی بۆ کورد دابین نه‌کردووه‌، مه‌به‌ستم به‌ڵێننامه‌یه‌کی نوسراو (نه‌ک زاره‌کی)، که‌ ئه‌مریکا پابه‌ند بکات به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر عێراق پابه‌ند نه‌بێت به‌ ده‌ستوره وه‌‌، ئه‌وا پشتگیری له‌ جیابونه‌وه‌ی کورد ئه‌کات له‌ عیراق، یان هه ر‌ هیچ نه‌بێت فشاری بکردایه‌ سه‌ر به‌غدا بۆ جێبه‌جێکردنی مادده‌ی ۱٤۰،
به‌رامبه‌ر به‌مه‌، له‌ گه‌ڵ حکومه‌تی عیراقدا هه‌م ڕیککه‌تنامه‌ی ئه‌منی سۆفا SOFA ی ئیمزاکردووه‌ بۆ دامه‌زراندنه‌وه‌ی عیراق و پڕچه‌ککردنه‌وه‌ی، هه‌میش ڕیککه‌وتنامه‌ی چوارجێوه‌ی هاوکاری و دوستایه‌تی ستراتیجی درێژخایه‌ن که‌ پێی ده‌وتریت SFA ئیمزا کردووه‌، که‌ له‌ ڕۆژی ١٧/۱۱/ ۲۰٠۸که‌ له‌ لایه‌ن ڕایان کرۆکه‌ر سه‌فیری ئه‌مریکا له‌ عیراق و هوشیار زێباری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عیراق ئیمزا کراوه‌ ، ئه‌مه‌ی دواییان ، ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌مجاره‌ ئۆباما به‌ زاره‌کی به‌ڵینی به‌  مه‌سعود داوه‌ که‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ڕێککه‌وتننامه‌یه‌دا پشتگیری له‌ گه‌لی عیراق ده‌کات به‌ کوردیشه‌وه‌، بۆ به‌دیهێنانی عێراقێکی دیموکراتی فره‌یی یه‌کگرتوو..!

واته‌ ئه‌مه‌ریکا، ئه‌وه‌نده‌ی له‌ عیراقدا بوو هیچی بۆ کورد نه‌کرد، جگه‌ له‌ ڕۆخاندنی به‌عس نه‌بێت. که‌ له‌ عیراقیش پاشه‌کشه‌ی کردووه‌، هیچ بۆ کورد ناکات، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ مـاڵی کورد ڕێکنه‌خه‌ین.
بابێنه‌وه‌ سه‌ر پرسیاره‌که‌ی سه‌ره‌وه‌: سه‌ردانه‌که‌ی  مه‌سعود چی بۆ ئه‌مه‌ریکا تیایه‌...!
١ ئه‌گه‌ر مالیکی خۆی به‌ دوور نه‌گرێت له‌ جمهوری ئیسلامی ئێران، هه‌ڵویستی نه‌گۆڕێ به‌رامبه‌ر ڕوداوه‌کانی سوریا، ئه‌وا کورد به‌کارئه‌هێنێ له‌ گه‌ڵ لیسته‌که‌ی عه‌للاوی بۆ له‌کارخستنی حکومه‌ته‌کی مالیکی
له‌ بیرمان نه‌چێت که‌ عیراق هێشتا له‌ ژێر به‌ندی ٧ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانه‌، ئه‌مریکا ده‌توانێت داوا له‌ مه‌جلیسی ئه‌من بکات که‌ عێراق بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵیک به‌ڕێوه‌ به‌رێت تا عیراق ئاسایشی تیا به‌رقه‌رار ده‌بێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێویستی به‌ کورده

۲ له‌ پاش سه‌ردانه‌که‌ی پاتریۆس (به‌ڕێوبه‌ری CIA) بۆ تورکیا له‌ ڕۆژانی ١١١۲/ مانگی ئاداری پێشوو، هێشتا تورکیا به‌ڵێنی ته‌واوی به‌ ئه‌مه‌ریکا نه‌داوه‌ که‌ ناوچه‌یه‌کی ئارام دابین بکات بۆ ئۆپۆسزیۆنی سوریا له‌ نزیک سنوری تورکیا، له‌ ترسی ئه‌وه‌ی نه‌ک کورده‌کانی سوریا هه‌رێمێکی هاوشێوه‌ی هه‌رێمی کوردستانی عێراق دابمه‌زرێنن، بۆیه‌ ئه‌مه‌ریکا ده‌یه‌وێت به‌ تورکیا بڵێت، ئه‌گه‌ر تۆ هاوکاریم نه‌که‌یت، ئه‌وا کورده‌کان له‌ عیراق هاوکاریم ده‌که‌ن بۆ دابین کردنی ئه‌و ناوچه‌یه، بگره‌ مه‌شقپێکردنی ئۆپۆسزیۆنی سوریا له‌ هه‌ڕیمی کوردستان بۆ ئێمه‌ ئاسانتره‌ له‌ ڕووی ماددییه‌وه‌.

٣ به‌ پێی لێکۆڵینه‌وه‌ی زۆربه‌ی چاودێره‌ سیاسییه‌کان، ڕوخانی رژێمی به‌شار الاسد ته‌نها مه‌سه‌له‌ی وه‌خته، ئه‌و ڕژێمه‌ هیچ مافێکی کوردی جێبه‌جێنه‌کردووه‌، ئۆپۆسزیۆنی سوریاش له‌ کۆبونه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌ی ئیستانبول له‌ ژێر فشاری تورکیادا، ئاماده‌ نه‌بوو دان به‌ مافه‌کانی کوردا بنێت له‌ سوریا، هه‌رچه‌نده‌ پاش چه‌ند ڕۆژێک، به‌یانێکی ته‌ماوییان ده‌رکرد، که‌ مافه‌کانی کورد له‌ به‌رچاو ئه‌گرن. پارته‌ سیاسییه‌کانی کوردیش له‌ سوریا له‌ سه‌ره‌تاوه‌ داوای فیدرالییه‌تیان ده‌کرد، به‌ڵام ئێستا به‌ ئۆتۆنۆمی ڕازین، بۆیه‌ ئه‌مه‌ریکا پێویستی به‌ سه‌رکردایه‌تی کورده‌ له‌ عێراق که‌ قه‌ناعه‌ت بۆ کورده‌کانی سوریا بکه‌ن که‌ سه‌قفی داواکارییه‌کانیان له‌ گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان و سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکا بێت له‌ سوریای پاش به‌شار الاسد.

به‌نده‌ پێی وایه‌، هه‌رچه‌نده‌ مالیکی به‌ره‌و تاکڕه‌وی ده‌ڕوات، به‌ڵام باشتر وایه‌ کورد ئیداره‌ی ئه‌م وه‌زعه‌ بدات، تا وه‌زعی سوریا به‌لایه‌کدا ئه‌که‌وێت، چونکه‌ هاتنی سوننه‌کان به‌ سه‌ر حوکم له‌ سوریا ده‌بنه‌ پاڵپشتێک بۆ سوننه‌کانی عێراق، ئه‌و کاته‌ جێبه‌جێکردنی مادده‌ی ١٤۰ یش ئه‌سته‌م تر ده‌بێت، هه‌روه‌ها ئه‌و کاته‌ شیعه‌کانی عیراقیش زیاتر پێویستیان به‌ کورد ده‌بێت.

به‌ڵگه‌یه‌کی نهێنی موخابه‌راتی سوریا
پێشتر له‌م لینکه‌ی خواره‌وه‌دا به‌ڵگه‌یه‌کی نهێنی موخابه‌راتی سوریام کردووه‌ به‌ کوردی، له‌ یه‌کێک له‌ بڕگه‌کانی باس له‌ ڕۆڵی کوردی سوریا ده‌کات، ترسی دروستکردنی ناوچه‌یه‌کی ئارام ده‌کات له‌ کوردستانی سوریا
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=36cab4a7

بۆ خوێندنه‌وه‌ی ڕێککه‌وتنامه‌ی چوارچیوه‌ی هاریکاری ودۆستایه‌تی ستراتیجی نێوان عێراق و ئه‌مریکا SFA، تکایه‌ ته‌ماشای ئه‌م لینکه‌ بکه‌
http://www.alghoraba.com/index.php?option=com_content&task=view&id=327&Itemid=145



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە