بـۆ داعش توانی پێشڕەوی بکات
Sunday, 10/08/2014, 12:00
سەرباری ئەو هێزە کەمەو سنوردارەی کە داعش هەیەتی، توانی لە ماوەیەکی زۆر کورتدا دەسەڵات و نفوزی خۆی لە باکوری عێراق بەشێوەیەکی چاوەڕنەکراو بڕەو پێبدات کۆمەڵێ ناوچەی گرنگ بخاتە ژێردەسەڵاتی خۆیەوە وە بۆتە مەترسییەکی گەورە هەم بۆ سەر بەغدا و هەمیش بۆ سەر هەولێر.
زۆربەی لێکۆڵەرەوەکان ئەم خاڵانەی خوارەوە بە هۆ دەزانن کە بوونەتە مایەی ئەوەی کە داعش بتوانی قەڵەمڕەوی خۆی لە عێراق فراوان بکات:
یەکەم:
تێککشاندنی بەشێكی گرنگ لە سوپای عێراق (لە ١٩فیرقە، ٦ فیرقەی لە یەک هەڵوەشایەوە)، داعش توانی دەست بە سەر ژمارەیەکی زۆری چەکی قورس و سوک کۆمەڵێ ئالیات و هەمەر و هامفیی بگرێ، وە توانی سود لەو چەکانە وەربگرێ بۆ پێشڕەوی
دووەم:
ماوەی ٣ ساڵـە شەرە لە سوریا، بەشێک لە چەکدارانی داعش شارەزاییەکی سەربازی باشیان پەیدا کردووەلە مەیدانەکانی شەردا و کۆمەڵێ کادری عەسکەری باشیان تیا هەڵکەوتووە
سێهەم:
لەگەڵ دەستبەسەراگرتنی شاری موسل لە لایەن چەکدارانی داعشەوە شۆربونەوەیان بەرەو شێرە سوننییەکانی تر وەکو تکریت و ئەنبارو ودیالی و حەویجە، ژمارەیەکی زۆر لە گەنجە سوننیەکان چونە ناو داعشەوە وبەشێکیان وەکو دەلیل و شارەزای ناوچەکان کەوتنە یارمەتی داعش، جگە لەوەی کۆمەڵێ لە چەکدارەکانی تری گرۆپە سوننەکانی عیراق و سوریا بەیعەتی خوۆیان بۆ ئەبوبەکر بەغدادی بەیانکرد
چوارەم:
داعش بە سود وەرگرتن لە پێگە کۆمەڵایەییەکانی ئینتەرنێت توانی جەنگێکی دەروونی ترسێنەر ئاراستەی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەوخەڵکی شارەکان بکات ، بە بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک ڤیدیو و وێنەی کارە وەحشییەگەرەکانی کە عەقلی مرۆڤ ناتوانێ بە ئاسانی وێنای بکات
پێنجەم:
لە چاو سەربازانی سوپای عێراق، هێزی پێشمەرگە زیاتر تۆکمەترە، بەڵام هێشتا ئەو توانا تەواوەی نییە بەرامبەر بە چەکدارانی داعش هەم لە ڕووی عەقیدەی پێشمەرگایەتی هەم لە ڕووی چەک و ڕاهێنانەوە، زۆربەی ئەو پێشمەرگانەی کە شاڵانێک دژایەتی سوپاکەی سەددامیان دەکرد، پیر بون یان گەڕاونەتەوە سەر ئیشوکارەکانی خۆیان یانیش پەراوێز خراون و دڵیان شکاوە، بەرامبەر بەمەشکۆمەڵێ مەسئولی سەربازی هەڵتۆقیون، کە کۆمەڵێک پلەی سەربازی بەرزییان وەرگرتووە لە سەر بنەمای ئینتمای حیزبایەتی و خزماییەتیان لە گەڵ مەسئولە باڵاکان، خەڵکی وایان تیایە تەمەنی ٢٥ ساڵ نابێت، یەک دەورەی سەربازی نەبینیوە کومەڵێک تاج و نەجمەی خستۆتە سەرشانی و قیادەی کۆمەڵێ یەکینەی پێشمەرگە دەکات، بەڵام لە کاتی ڕوبەروبونەوەی چەکدارانی داعشدا، نەک هەر بەرگری نەکردووە، بەڵکو ڕای کردووەو وورەی ئەوانی تریشی ڕوخاندوە.
شەشەم:
لە بەر نەبونی هێزێکی پێشمەرگەی یەکگرتوو، کە بە قەناعەت و بە ڕاستی دیفاع لە خاکی کوردستان بکەن، بەرامبەر بەوە ئینتمای هەر بەشێک لە هێزی پێشمەرگە بۆ پارتێک وای کردووە، فرە کوێخای سەربازی پەیدا ببێت و ئوبالی هەر شکستێک ئەم دەیخاتە سەر ئەوی تر و خۆدزینەوە لە بەپرسیارێتی.
حەوتەم:
نەبونی یەک خیتابی ئیعلامی بەرامبەر بەڕوداوەکان، پەیدابونی جۆرە پاشاگەردنییەکی ئیعلامی کە ڕەنگدانەوەی خیتابی پارتە سیاسییەکانی کوردستانە، وای کردووە کە داعش سود لەو پاشا گەردانییە وەر بگرێت
هەشتەم:
کەم دەرامەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەک ئاشکرایە ماوەی نیوساڵ زیاترە، بەغدا ئابلۆقەی مالیی خستۆتە سەر هەرێم، جگە لەوەی زیاتر لە ملیون و نیوێک ئاوارە ڕووی کردۆتە شارەکانی کوردستان، ئەمە هەم وای کردووە جل و تفاقی سەربازی بۆ پێشمەرگە بە زەحمەت دابین بکرێت و بەشێک لە دامودەزگاکان مەشغولی دابینکردنی کۆمەکی مرۆییین بۆ ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە
لە لایەکی ترەوە هەندێ لەو ئاوارە عەرەبانە، گەنجەکانیان لە ناو داعشدان وتەنها منالی وورد و دایکو باوکیان هاتونەتە شارەکانی کوردستان، ئەمانەش جار جار زانیاری دەدەنە چەکدارانی داعش.
پۆڵای موهەندیس
ڤیەننا
تێبینی:
بۆ نوسینی ئەم وتارە سودم لەم ماڵپەرانە وەرگرتووە:
http://csis.org/publication/iraq-time-act http://soufangroup.com/tsg-intelbrief-isis-rebranding-efforts-struggling http://elaph.com
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست