کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پلانی دیکتاتۆره‌کان هاوشێوه‌ی یه‌کن- به‌ڵگه‌یه‌کی نهێنی به‌عسی سوریا

Monday, 09/05/2011, 12:00


خوێنه‌ری به‌ڕیز
ئه‌م به‌ڵگه‌ نهێنییه‌ له‌ ماڵپه‌ری ێوت کوردستان به‌ر له‌ چه‌ند رۆژێک بڵاو کراوه‌ته‌وه‌، به‌ پێویستم زانی وه‌ریگێرمه‌ سه‌ر زمانی کوردی، چونکه‌ پلانی زۆربه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ دیکتاتۆره‌کان بۆ کپکردنه‌وه‌ی ناڕه‌زاییه‌کانی جه‌ماوه‌ر زۆر له‌ یه‌ک ئه‌چن.


کۆماری عه‌ره‌بی سوریا
ئاژانسی گشتی هه‌واڵگری/ موخابه‌رات
ژماره‌// به‌روار// دیاری نه‌کراوه‌
زۆر نهێنی
که‌سانێک (به‌ژماره‌ که‌م) بۆچونێکیان لا په‌یدا بووه‌ بۆ لاساییکردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕوداوانه‌ی تونس و میسر، به‌سود
وه‌رگرتن له‌ هه‌لومه‌رجی ئابوری خراپ و پشتگیری ئه‌تمۆسفێری ده‌ره‌کی که‌ پشتگیری له‌ بزوتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌کان ده‌کات. ئه‌م بۆچونه‌ له‌وانه‌یه‌ په‌ره‌ بسێنێ به‌ تایبه‌ت دوای ئه‌و ڕوداوانه‌ی شاری ده‌رعا که‌ به‌ر له‌ چه‌ند ڕۆژێک ڕویدا

هه‌ڵسه‌نگاندن:
پێویسته‌ سود له‌ ئه‌زمونی ڕابوردو وه‌ربگێرێت سه‌باره‌ت به‌مامه‌له‌کردن له‌ گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی ئیخوان المسلمین ی دوژمنکار، وه‌ سود وه‌ربگیرێت له‌ هه‌ڵه‌کانی هه‌ردو ڕژێمی تونس و میسر، به‌تایبه‌ت ئه‌وان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هێزی سوپا و حه‌ره‌سی جمهورییان بێلایه‌نکرد، ڕێگه‌یان به‌ میدیاکان دا ڕوماڵی ڕوداوه‌کان بکه‌ن. که‌ پاشان مه‌سه‌له‌کان له‌ ده‌ست ده‌رچون.
به‌ به‌کارهێنانی ڕێگه‌ داڕێژراوه‌کان که‌ له‌ پلانه‌ گشتییه‌که‌ داڕێژراوه‌ وا ئه‌کات که‌ ڕوداوه‌کان نه‌گاته‌ ئه‌وه‌ی ببنه‌ مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌ له‌ سه‌ر نیزامی گشتی و هه‌رێم (القتر).وه‌ نابنه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ سه‌ر به‌رده‌وام بوونی ئه‌م وه‌زعه‌.  پاش چه‌ند مانگێکی پڕ له‌ کێشه‌، سه‌رئه‌نجام ده‌سه‌ڵات به‌ سه‌رکه‌تویی لێی ده‌رئه‌چێت و بگره‌ به‌ هێزتر ده‌بێت تـا ماوه‌یه‌کی درێژخایه‌ن
له‌ ڕۆژی ٢٣−٣−٢٠١١لیژنه‌ی ئه‌منی بچوککراو کۆبونه‌وه‌یکی ئه‌نجام دا به‌ به‌شداری هه‌ر یه‌ک له أ ش, م ن, ح خ , ع م, ح م بۆ گه‌نگه‌شه‌کردنی ئه‌و ناڕه‌زایی و خۆپیشاندانه‌ دوژمنکارییانه‌، ئه‌و مه‌سه‌لانه‌یان له‌ هه‌مو . ڕوییه‌که‌و تاوتویکرد، له‌ ڕووی ئه‌منی،سیاسی و میدیاییه‌وه. ئه‌م ڕیگه‌چاره‌و هه‌نگاوانه‌ی خواره‌وه‌یان داڕشت: پێویسته‌ له‌ سه‌ر هه‌ر سێ ته‌وه‌ر کاری پێبکرێ، ئه‌منی ،ئیعلامی،سیاسی‌وئابوری.

پلانی ته‌فسیلی
پلانه‌که‌ پشت به‌ سێ فاکته‌ر ده‌به‌ستێت که‌ ته‌واوکه‌ری یه‌کترن: ئیعلامی- ئه‌منی و ئه‌دای مه‌یدانی- سیاسی ئابوری.

فاکته‌ری ئیعلامی
به‌ستنه‌وه‌ی ئه‌و ناڕه‌زایی وخۆپیشاندانانه‌ که‌ دژ به‌ ده‌سه‌ڵات ده‌کرێت، به‌ستنه‌وه‌یان به‌ کۆمه‌ڵێک- که‌سایه‌تی قێزه‌وه‌ن که‌ خه‌ڵکی سوریا خۆشیان ناوێت، وه‌ک به‌ستنه‌وه‌یان به‌ که‌ساییه‌تیه‌ سعودی و لوبنانییه‌کان بۆ نمونه‌ به‌نده‌ر بن سوڵتان، پاشانیش به‌ستنه‌وه‌ی هه‌مویان به‌ زایۆنیزم و ئه‌مه‌ریکا. ئێستا شانه‌یه‌کی ئه‌منی کار له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ئه‌کات که‌ پلانێک به‌ناوی به‌نده‌ر بن سوڵتانه‌وه‌ بڵاوبکاته‌وه‌ له‌ کۆمه‌ڵیک ماڵپه‌ری گومانلێکراو که‌ ببێته‌ مایه‌ی بڕواپێهێنان قه‌ناعه‌تپێکردن که‌ ئه‌وانه‌ له‌ پشتی ئه‌و  ناڕه‌زایی و خۆپیشاندانانه‌وه‌ن که‌ دژ به‌ سوریا ده‌کرێت.
ده‌ستپێکردن به‌ حه‌مله‌یه‌کی ئیعلامی خه‌ست دژ به‌ خۆپیشانده‌ران و تاوانبارکردنیان به‌وه‌ی که‌ ئه‌ڵقه‌ له‌ گۆیی سعودییه‌ وئیسرائیل و ئه‌مه‌ریکان. ئه‌گه‌ر کوشتنیش ڕوویدا، پێویسته‌ له‌ سه‌ر ئه‌و شانه‌ ئه‌منییه‌ تاوانی ئه‌و کوشتنانه‌ بخاته‌ ئه‌ستۆی توندڕه‌و و چه‌کداره‌ نه‌ناسراوه‌کان، وه‌ ئه‌وه‌ ڕوونبکرێته‌وه‌ که‌ سوپا و هێزه‌ ئه‌منییه‌کان ئه‌رکییان پاراستنی ژیان و سه‌ر وماڵی هاوڵاتییانه‌.
ده‌ستپیکردن به‌ حه‌مله‌یه‌کی ئیعلامی له‌ ڕێگه‌ی ته‌له‌فزیۆن و که‌ناڵه‌ تایبه‌تییه‌کان بۆ یاریکردن له‌ سه‌ر په‌تی تاییفی و هوشیارکردنه‌وه‌ی مه‌سیحییه‌کان و دروزه‌کان له‌ هه‌ڕه‌شه‌ی ئیخوان المسلمین و توندڕه‌وه‌کان، وه‌ پێیان بوترێ ئه‌گه‌ر به‌شداری نه‌که‌ن له‌ کپکردنه‌وه‌ی ناڕه‌زاییه‌کان ئه‌وا له‌ دواڕۆژدا خراپیان به‌ سه‌ر دێت. هه‌روه‌ها ئاگادارکردنه‌وه‌ی عه‌له‌وییه‌کان که‌ ژیان و سه‌رو سامان و ئیمتیازاته‌کانیان له‌ مه‌ترسیدایه‌ به‌ هۆی سوننه‌ توندڕه‌وه‌کان.
ئه‌رکی کار کردن له‌ ڕێگه‌ی فه‌یسبوکه‌وه‌ بدرێته‌ که‌سانی ئه‌منی بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی دوژمنان و ته‌شویش خستنه‌ سه‌ریان، ده‌کرێت هه‌ندێ له‌و که‌سه‌ ئه‌مانه‌ سیفه‌تی دوژمن بۆ ده‌سه‌ڵات به‌کار بێنن و به‌ناوی نهێننه‌وه‌ هه‌ندێجار دژایه‌تی ده‌سه‌ڵات بکه‌ن و له‌هه‌مانکاتدا سومعه‌ی که‌سایه‌تییه‌ ئۆپۆسزیۆنه‌کان بڕوشێنن، هه‌روه‌ها ده‌توانن له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ ئه‌و پلان و کۆملۆیانه‌ی که‌ دژ به‌ سه‌رۆک و سوریا ده‌کرێت ڕیسوا بکه‌ن
.ڕێگه‌گرتن له‌ ده‌زگاکانی ئیعلام له‌ ڕوماڵکردنی ڕوداوه‌کانی توند و تیژی، هه‌روه‌ها سزادانی هه‌ر که‌س و لایه‌نێک که‌ هه‌واڵی دژ به‌ سه‌روک و هه‌رێم بڵاوده‌که‌نه‌وه‌، نابێ نه‌رمی بنوێنرێ له‌و بواره‌دا
له‌ حاڵه‌تێکدا ئه‌گه‌ر که‌سانی دوژمنکار توانییان گرته‌ی ڤیدیۆیی یان وێنه‌ی ئه‌و ڕوداوانه‌ بگرن، پێویسته‌ له‌ سه‌ر ئه‌و شانه‌ ئه‌منییه‌ هه‌ندی کون و که‌له‌به‌ر بخاته‌ ناو ئه‌و گرتانه‌ یان وێنانه‌ و به‌شێوه‌یه‌ک مونتاژ بکرێت که‌ له‌ بایه‌خی ئه‌و کاسێت و گرتانه‌ و میسداقییه‌تیان که‌م بکاته‌وه‌
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕیگه‌ به‌ په‌یامنیران نادرێ ڕوپیوی ڕوداوه‌کان بکه‌ن، بۆیه ده‌زگاکانی میدیا په‌نا بۆ شایه‌تحال ده‌به‌ن که‌ له‌ شوێنی ڕوداوه‌که‌و په‌یوه‌ندی پێوه‌ ده‌که‌ن،هه‌ندێ له‌ تێکده‌ران ڕه‌نگه‌ جورئه‌تی ئه‌وه‌ بکه‌ن که‌ په‌یوه‌ندی به‌ که‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌کانه‌وه‌ بکه‌ن، بۆیه‌ پێویسته‌ که‌سانێک له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌کان ڕابهێنرین بۆ په‌یوه‌ندی به‌ که‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌کانه‌وه‌ وه‌کو شایه‌تحاڵ قسه‌ بکه‌ن و درۆی شاخدار بکه‌ن. پاشان له‌ ڕێگه‌ی که‌ناڵه‌ ڕه‌سمییه‌کانه‌وه‌ ئه‌و درۆیانه‌ ڕیسوا بکرێت، به‌مه‌ش ئه‌و کارته‌ له‌ده‌ست که‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌کان ده‌سوتێنرێ
سپاردنی ئه‌رکی قسه‌کردن له‌ گه‌ڵ که‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌کان و میدیای جیهانی به‌ هه‌ندێک له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی پروپاگه‌نده‌ی ناحه‌زان و تێکده‌ران، هه‌روه‌ها دانانی کۆمه‌ڵێک خاڵ و پێوه‌ر بۆ ئه‌و ئه‌ندامانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌ی له‌ سه‌ر بکه‌ن.
سپاردنی ئه‌رکی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی دوژمنکاران و خۆپیشانده‌ران له‌ شوێنی ڕوداوه‌کان به‌ که‌سایه‌تییه‌ به‌ناوبانبگه‌کانی ناوچه‌که‌ بۆ ڕه‌تدانه‌وه‌ی پروپاگه‌نده‌کان، ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌ و ڕوداوه‌کان ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌و ئاشکرابون که‌ نه‌توانرێ چه‌پوگوب بکرێت، پیویسته‌ بخرێته‌ قاڵبی کۆمه‌ڵی داواکاری سه‌ره‌تایی، که‌ ده‌کرێت جێبه‌جێ بکرێت
چه‌ندین کاروانی ئۆتۆمبیل ڕێکبخری له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی هێزه‌ ئه‌منییه‌کانه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ دۆست و مناڵه‌کانیی لێپرسراوان که‌ به‌ وێنه‌ی سه‌رۆکی کۆماره‌وه‌ به‌ ناو جاده‌کانی شاره‌کاندا گوزه‌ر بکه‌ن- ده‌کرێت ئاڵای نیشتیمانیش هه‌ڵبگرن- ،هه‌روه‌ها ده‌کرێت هه‌ندێ له‌و ئۆتۆمبێلانه‌ به‌ بڵندگۆی ئه‌مبوڵانسه‌وه‌ بگه‌ڕێن، بۆ ئه‌وه‌ی ترسێک بخه‌نه‌ ناو دڵی هاوڵاتییانه‌وه‌
مێوانداری هه‌ندێ له‌ که‌ساییه‌تییه‌کانی ئۆپۆسزیون بۆ سه‌ر ته‌له‌فزیۆنی ڕه‌سمی و به‌ شێوه‌یه‌کی له‌بله‌بانانه‌ پرس وڕایان له‌ گه‌ڵ بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی وا پیشانبدرێت که‌ هه‌ندێ داواکاری که‌میان هه‌یه‌ له‌ سه‌رۆک کۆمار بۆ ئه‌وه‌ی بۆیان جێبه‌جێبکات، هه‌ر وه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی درزێک بخاته‌ ناو هێزه‌کانی ئۆپۆسزیۆنه‌وه‌
پێویسته‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ کۆمه‌ڵی ڕێنمایی هه‌ڕه‌شه‌ ئامێز ده‌ربکات بۆ قوتابخانه‌کان و قوتابیان له‌ سه‌ر به‌کارهێنانی فه‌یسبوک.
سپاردنی ئه‌رکی قسه‌کردن و ڕه‌تدانه‌وه‌ی به‌رهه‌ڵستکاره‌کان و خۆپیشانده‌ران له‌ ناوجه‌رگه‌ی شوێنی خۆپیشانده‌ران،سپاردنی ئه‌و ئه‌رکه‌ به‌ هه‌ندێ له‌ هونه‌رمه‌نده‌ ناوداره‌کانمان، یان به‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی که‌ لای ئیمه‌ زیندانین، به‌ پیی ئه‌و پێوه‌ره‌ی که‌ خۆمان بۆیان ده‌ستنیشان ئه‌که‌ین

فاکته‌ری ئه‌منی و ئه‌دای مه‌یدانی
به‌ هه‌ر نرخێک بێت پێویسته‌ هیچ نه‌رمییه‌ک نه‌نوێنرێ سه‌باره‌ت به‌ سوکایه‌تی کردن به‌ ڕه‌مزی باڵای نیشتمان که‌ سه‌رۆک به‌شار ئه‌لئه‌سه‌ده‌. چونکه‌ ئه‌گر لیی بێده‌نگبین یان نه‌رمی بنوێنین، ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ نه‌یاران هه‌مو هێله‌ سوره‌کان تێپه‌ڕێنن.
مه‌زه‌نده‌ی ئه‌وه‌ ده‌کرێت که‌ کپبونه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران له‌ شوێنه‌ قه‌ره‌بالغییه‌کان به‌ڕێوه‌ بچیت به‌ ئامانجی ئه‌وه‌ی سه‌رنجی زۆربه‌ی زۆری کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک بۆ لای خۆیان ڕابکێشن و هانی که‌سانی تریش بده‌ن که‌ به‌شدارییان له‌ گه‌ڵ بکه‌ن. بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌و شوێنانه‌ ئابلۆقه‌ بدرێت و که‌سانی ئه‌منی خۆمان به‌ جلی مه‌ده‌نییه‌وه‌ بچنه‌ ناوییانه‌وه‌ هه‌وڵی ئاژاوه‌گێڕی بده‌ن، بۆ فه‌شه‌ل پێهێنانی ئه‌و گردبونه‌وانه‌ به‌ زوترین کات، ئه‌گه‌ر پێویستیش بکات هه‌ندێکیان- ئه‌وانه‌ی زۆر چالاکن- لێ ده‌ستبه‌سه‌ربکرێت

سپاردنی ئه‌رکی چاودێری هێڵه‌کانی ته‌له‌فۆنی ئه‌رزی و ده‌ستی به‌ لقی کۆکردنه‌وه‌ی زانیاری له ده‌زگاکه‌مان و سێنته‌ری لێکۆڵینه‌ زانیستییه‌کان، به‌ تایبه‌ت هی ئه‌و که‌سایه‌تییانه‌ی که‌ چالاکن و هانی خه‌ڵک ده‌ده‌ن بۆ خۆپیشاندان
بانگکردن یان ده‌ستبه‌سه‌رکردنی هه‌ندی له‌ گه‌نجان و چاوسورکردنه‌وه‌ هه‌ڕشه‌کردن لێیان بۆ ترساندنیان و دروستکردنی دڵه‌ڕاوکێ له‌ نێوانیان، هه‌ر وه‌ها مه‌شغولکردنیان به‌وه‌ی بانگبکرێن بۆ لقه‌کانی ته‌جنید بۆ مه‌سه‌له‌ی خزمه‌تی سه‌ربازی
ماندوکردن و مه‌شغولکردنی که‌سانی به‌رهه‌لستکار و چالاکوانان به‌ شکاتکردن لێیان لای ده‌زگاکانی حکومه‌ت، هه‌وڵدان بۆ ناوزڕاندنیان له‌ ڕووی ئه‌خلاق و دینییه‌وه‌، وه‌ ده‌توانرێت کۆمه‌لێک ڕێگه‌ بگیرێته‌ به‌ر له‌ بواره‌دا که‌ پێشتر ئاماده‌ کرابێت.
قه‌ده‌غه‌کردنی که‌سه‌کانی ئۆپۆسزیۆن که‌ ئیشتا له‌ سوریان، له‌ سه‌فه‌رکردن له‌ ژێر هه‌ر بار و هۆیه‌کدا بێت
پێویسته‌ لقی ئه‌منی سه‌ربازی- فرع الامن العسکری- چاودێری توندی سه‌رکرده‌ باڵا و ناوه‌نجییه‌کانی ناو سـوپا و هێزه‌ چه‌کداره‌کان بکات، به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ مه‌زه‌بی سوننه‌ن. له‌ کاتی ڕودانی هه‌ر ڕووبه‌ڕونه‌وه‌یه‌کدا له‌ نێوان خۆپیشانده‌ران و سوپادا، پێویسته‌ هوشداری بدرێته‌ سوپا که‌ ته‌قه‌کردن ئه‌رکی ئه‌وان نییه‌، به‌ڵکو ئه‌رکی که‌سه‌ ئه‌منیه‌ مه‌شقپێکراوه‌کان و ئه‌ندامانی هه‌ردو که‌تیبه‌ی نهێنی و ڕه‌شه‌، وه‌ به‌کارهێنانی قه‌نناس به‌ده‌سته‌کانی ناو ئه‌و دوو که‌تیبه‌یه‌ له‌ شوێنی نادیاره‌وه‌ ته‌قه‌ بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئاشکرا نه‌بن، هه‌روه‌ها بۆ زیاتر ته‌م ومژاویکردنی باره‌که‌ ده‌کرێت هه‌ندێ له‌ که‌سان و ئه‌فسه‌رانی ناو سوپاش بکوژرێت، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ دروستکردنی دڕدۆنگی له‌ نێوان خۆپیشانده‌ران و سوپادا.
ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ندێ شوێن خۆپیشاندان له‌ ده‌ست ده‌رچوو، پیویسته‌ ئه‌و شوێنه‌ داببڕێندرێت -عه‌زلبکرێت-، له‌ لایه‌ن ئاسایش و سوپاوه‌ ئابڵۆقه‌ بدرێت، کاره‌با و په‌یوه‌ندییه‌کان- ته‌له‌فۆن و ئینته‌رنێت ببچڕێنرێت.
ده‌ستبه‌سه‌رکردنی هه‌ندێ له‌ چالاکوانان له‌و شوێنانه‌، ئه‌گه‌ر پێویستی کرد ئه‌وا له‌ناوببرێن
ناردنی کۆمه‌ڵێک له‌ قاجاغچی و تاوانباران بۆ ناو خۆپیشانده‌ران بۆ دروستکردنی فه‌وزا
ڕاسپاردنی کۆمه‌ڵێک له‌ که‌سه‌ ئه‌منییه‌ مه‌شقپێکراوه‌کان که‌ به‌ جلی مه‌دنییه‌وه‌ بچنه‌ ناو خۆپیشانده‌ران و له‌و شوێنانه‌وه‌ هانی خۆپیشانده‌ران بده‌ن که‌ چه‌ک به‌کاربهێنن به‌رامبه‌ر به‌ سوپا و هیزه‌کانی ئاسایش.
چوونه‌ ناوه‌وه‌ی ئه‌ندامانی هه‌ردوو که‌تیبه‌ی نهێنی و ڕه‌ش له‌ گه‌ڵ قه‌نناس به‌ده‌سته‌کان بۆ ناو خۆپیشانده‌ران و به‌شێوه‌یه‌کی و نهینی و ڕێکخراو خه‌ڵک بکوژن، به‌ مه‌رجێ ژماره‌ی کوژراوه‌کان له‌ بیست که‌س تێنه‌په‌ڕێت، چونکه‌ دوایی مه‌سه‌له‌که‌ ئاشکرا ده‌بێت و ده‌بێته‌ ئه‌وه‌ی هێزی ده‌ره‌کی ته‌ده‌خول بکات.
چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌کی زۆر نهێنی ئاژانسی هه‌واڵگری-موخابه‌رات-
ناردنی کۆمه‌ڵه‌ ئه‌فسه‌ر و که‌سانێک له‌ سوپا، که‌ به‌ ڕه‌گه‌ز مه‌سیحین یان دروزن بۆ شوێنی خۆپیشاندانه‌کان و پێیان بوه‌ترێ که‌ ئه‌وه‌ بۆ دیفاع کردنه‌ له‌ مه‌سیحی و دروزه‌کان، هه‌روه‌ها به‌کارهێنانی ئه‌و هێزانه‌ی سوپا که‌ ئه‌ندامه‌کانیان خه‌ڵکی شوێنه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی شوێنی خۆپیشاندانه‌کانن، بۆ ئه‌وه‌ی ناڕه‌زایی و خۆدزینه‌وه‌ له‌ جێبه‌جێکردنی فه‌رمانه‌کان ڕوو نه‌دات
ئه‌گه‌ر ڕووداوه‌کان گه‌یشتنه‌ ڕاده‌ی زۆر خه‌ته‌رناک، پێویسته‌ هه‌مو لایه‌ک پێوه‌ی بگلێنرێن و سه‌رپشکبکرێن له‌ نێوان مانه‌وه‌ئ ئه‌من و ئاسایش یان درێژه‌دان به‌ داواکاری ئازادییه‌کان، به‌ دڵنیاییوه‌ ئه‌وان باری ئه‌من و ئاسایش هه‌ڵئه‌بژێرن، ئه‌مه‌ش ده‌کرێت جێبه‌جێبکرێت به‌ کوشتنی چه‌ندین که‌سایه‌تی عه‌شایه‌ری له‌ ناو عه‌شیره‌ت تاییفه‌کان نانه‌وه‌ی ئاژه‌وه‌، یاخوت به‌ ته‌قاندنه‌وه‌ی چه‌ند شوێنێکی ئایینگا و مه‌زار له‌و شوێنانه‌ی که‌ توند و تیژی مه‌ترسداری تییا ڕوو ئه‌دات

فاکته‌ری سیاسی ئابوری
ئه‌نجامدانی ڕیپێوانێکی زۆر گه‌وره‌ بۆ تاییدکردنی سه‌رۆکی کۆمار به‌ر له‌ پێشکه‌شکردنی وتاره‌که‌ی له‌ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌کو وڵامدانه‌وه‌یه‌کی داواکانی جه‌ماوه‌ر ده‌رکه‌وێت، پیویسته‌ ڕێنمایی توند ده‌ربکرێت بۆ هه‌مو ده‌زگاکانی حکومه‌ت و سه‌ندیکاکان و قوتابخانه‌کان بۆ به‌شداریکردن له‌و ڕێپێوانه‌ و دابه‌شکردنی کۆمه‌ڵی دروشمی تازه‌ به‌ سه‌ریاندا.

ده‌رباره‌ی وتاره‌که‌ی سه‌رۆک
پیویسته‌ به‌پیی توانا جه‌لسه‌ی خوێندنه‌وه‌ی وتاره‌که‌ دوابخرێت، چونکه‌ ئه‌و دواخستنه‌ ته‌عبیر له‌ به‌هێزی ده‌وڵه‌ت ده‌کات و گوێنه‌دانێکه‌ به‌و ڕوداوانه‌ی که‌ ئێستا ڕوئه‌دات
هه‌ر گۆڕانکارییه‌ک که‌ بکرێت، پێویسته‌ وا پیشانبدرێت که‌ ئێمه‌ ده‌ستپێشکه‌ریمان کردووه‌ نه‌ک له‌ ژێر فشاری خۆپیشانده‌ران،وه‌ ئێمه‌ خۆمان داوامان کردووه‌، ئه‌مه‌ش وێنه‌یه‌کی وا پیشانئه‌دات که‌ هیچ شڵه‌ژاوییه‌ک له‌ ناو سیسته‌می وڵات ڕوینه‌داوه‌
ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی که‌ له‌ وتاره‌که‌ی سه‌رۆکدا دێت، زیادکردنی موچه‌ی کرێکار و کارمه‌ندانی دام و ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت، پاش پرسوڕا به‌ وه‌زیری مالییه‌. هه‌روه‌ها دانانی پلانێک بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئیستقراری مالی له‌ ماوه‌ی سـێ مانگدا، به‌ تایبه‌ت ئه‌و زیاده‌یه‌ی که‌ له‌ موچه‌کاندا ده‌کرێت له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆی شله‌ژانێک له‌ کاروباری ئابوریدا که‌ له‌ ئێستادا ئارامی به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت پێدانی به‌ڵێن به‌ دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی کاری زۆر و دابه‌شکردنی به‌ سه‌ر پارێزگاکاندا که‌مکردنه‌وه‌ی نرخی سوته‌مه‌نی و هه‌ندێ کاڵای سه‌ره‌کی.
پیویسته‌ گۆڕانکارییه‌کی بچوک له‌ پێکهاته‌ی حکومه‌ت بکرێت، هه‌روه‌ها ده‌کرێت گه‌نده‌ڵی هه‌ندێ له‌ وه‌زیره‌کان ئاشکرا بکرێت و ڕیسوا بکرێن، ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ یه‌ک لیژنه‌ی ئه‌منی هه‌یه‌ بۆ ده‌ستنیشانکردنی ناوی چه‌ند وه‌زیرێک که‌ بکرێنه‌ قوربانی ئه‌م ئیجرائاتانه‌،ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ قه‌ناعه‌ت پێهێنانی خه‌ڵکی که‌ حکومه‌ت جدییه‌ له‌ چاکسازی و گۆڕانکاری که‌مکردنه‌وه‌ی نرخی قسه‌کردن به‌ ته‌له‌فۆنی ده‌ستی پێدانی هه‌ندێ ئیمتیازات به‌ پیاوانی ئایینی له‌ هه‌ردو ئاینه‌که‌ ئیسلام و مه‌سیحییه‌کان، به‌کار هینانیان بۆ ئارامکردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌ ناڕازییه‌کان، و گله‌ییکردن له‌ که‌سانی ئۆپۆسزیۆن، وه‌ داوایان لێبکرێت که‌ هه‌ندێ له‌ ، ئایاتی قورئان وحه‌دیسه‌کانی پێغه‌مبه‌ر به‌کار بهێنن له‌و بواره‌دا بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی خۆی به‌ دوور بگرێت له‌ خۆپیشاندانه‌کان
ناردنی هه‌ندێ له‌ که‌سایه‌تی بۆ لای به‌رهه‌لستکارانی ناوه‌وه‌ و پێیان ڕابگه‌یه‌نن که‌ ده‌سه‌ڵات ئاماده‌یه‌ دیالۆگیان له‌ گه‌ڵ بکات، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ندێکیان یه‌کسه‌ر رازی ئه‌بن، هه‌ندێکیان به‌ مه‌رجه‌وه‌ ئاماده‌ی دیالۆگ ده‌بن، هه‌ندیکیانیش ره‌فزی دیالۆک له‌ گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات ده‌که‌ن، له‌ ئه‌نجامدا دوبه‌ڕه‌کی ده‌که‌وێته‌ نیوانیانه‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ندێکیان خۆیان به‌ دوور بگرن له‌ خۆپیشانده‌ران، تاسیریان که‌م ده‌بێته‌وه ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ هه‌ندێ له‌ داواکارییه‌کانی کورده‌کان، وه‌ک پێدانی ڕه‌گه‌زنامه‌ به‌ هه‌ندێکیان، به‌ مه‌رجێ نه‌بێته‌ هۆی تێکدانی وه‌زعی ده‌وڵه‌ت و کۆمه‌ڵگا و نه‌بێته‌ هۆی تێکدانی ئه‌و باڵانسانه‌ی که‌ ئێستا له‌ ئارادایه‌،ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ رێگرییه‌ک له‌وه‌ی که‌ کورده‌کان پێشوازی له‌ هێزی ده‌ره‌کی بکه‌ن ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بڕیاری ته‌ده‌خولی دا له‌ وه‌زعی سوریا، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌نها ناوچه‌ی ئه‌وان- باکوری ڕۆژهه‌ڵات- ئه‌و پوازه‌ی تییایه‌ که‌ هیزی ده‌ره‌کی بێته‌ ناوه‌وه‌، به‌ڵام ناوچه‌کانی تری سوریا ئه‌و ڕیگه‌یه‌ ناده‌ن.
پێویسته‌ له‌ ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ و سه‌فاره‌ته‌کانی سوریا، ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی ئه‌وروپا ئاگادار بکرێنه‌وه‌، که‌ له‌وانه‌یه‌ وه‌زعی ئارامی گردۆلکه‌کانی جه‌ولان بێته‌ له‌رزین ئه‌گه‌ر توندڕه‌وه‌کان له‌ سوریا حوکم بگرنه‌ ده‌ست
پێویسته‌ له‌ سه‌ر سه‌فاره‌ته‌کان چاودێری ئه‌و سورییانه‌ بکه‌ن که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ن و هه‌ڕه‌شه‌یان لێبکرێت که‌ هیچ جوله‌یه‌ک به‌رامبه‌ر به‌ حکومه‌تی نیشتمانی نه‌که‌ن، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ پێویسته‌ به‌و کاره‌ هه‌ڵسێ و پلانی خۆی هه‌بێت
ئه‌و ناوچانه‌ی که‌ ڕه‌نگه‌ پشێوی تیا ڕوبدات: ده‌رعا، دێر الزور، حه‌ماه‌، بانیاس و هه‌ندێ گه‌ڕه‌ک له‌ چه‌ند شارێکی تر.

تفاق و پێویستییه‌کان
پێویسته‌ هه‌مو که‌ره‌سته‌ و پێویستییه‌کان بۆ تیمه‌کانی ئه‌منی و ئیعلامیی به‌ زوترین کات دابین بکرێت به‌ شێوه‌یه‌کی زۆر نهێنی

تێبینی
نابێ ئه‌م پلانه‌ ته‌فسیلییه‌ بکه‌وێته‌ به‌ر ده‌ست هه‌مو که‌سێک یان تیمێک له‌ تیمه‌کانی کار، به‌ڵکو ده‌توانرێ به‌ به‌ش به‌ش بخرێته‌ به‌رده‌ستی ئه‌و تیمانه‌ هه‌ر یه‌که‌ له‌ بواره‌که‌ی خۆیدا

ته‌واو بوو ......
ڤییه‌ننا



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە