کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مامۆستا سه‌لاحه‌دین وتى: خه‌ڵكى كوردستان به‌شی هه‌موومان ده‌كات..

Thursday, 11/03/2010, 12:00


وه‌ك مامۆستا سه‌لاحه‌دین وتى: (خه‌ڵكى كوردستان به‌شی هه‌موومان ده‌كات)..ئه‌وه‌ نیه‌ هه‌موو لیسته‌كان خۆیان به‌ سه‌ركه‌وتوو ده‌زانن..

پاش ده‌رچوونى ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان و ئه‌و ژمارانه‌ى له‌لایه‌ن نوێنه‌رى لیسته‌كانه‌وه‌ گه‌یشتن و لاى خۆیانه‌وه‌ راگه‌یاندنی هه‌ر لیستێك بڵاوى كردنه‌وه‌، بینیمان هه‌موویان ده‌ستیان كردووه‌ به‌ هه‌ڵپه‌رِكێ و شادی و خۆشی ده‌ربرِین و جه‌ماوه‌ره‌كانیان دڵخۆشن به‌ ئه‌نجامه‌كان، ئه‌گه‌رچی هه‌ر لیست و لایه‌نێك لاى خۆیه‌وه‌ نیگه‌رانه‌ له‌ هه‌ندێ ده‌رئه‌نجامى ناوچه‌ جیاوازه‌كان، به‌ڵام به‌گشتى پێی خۆشحاڵن و كورد وته‌نى ته‌پڵی سه‌ركه‌وتن لێده‌ده‌ن، وه‌ك بینیشمان ته‌قه‌ى به‌ناو خۆشیشی لێ كه‌وته‌وه‌ له‌لایه‌ن پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌وه‌، لێره‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ى كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنى بانگه‌شه‌كانه‌وه‌ و له‌ ساڵیادی شانزه‌هه‌مین راگه‌یاندنی یه‌كگرتووى ئیسلامیی كوردستاندا (مامۆستا سه‌لاحه‌دین) ئه‌میندارى گشتى یه‌كگرتوو داواى له‌ سه‌رجه‌م لایه‌ن و لیسته‌ ركابه‌ره‌كان كرد كه‌ په‌نا نه‌به‌نه‌ به‌ر خروقات و ته‌زویر و كارى توندوتیژی و هه‌ڵمه‌تى ناته‌ندرست و نایاسایی، تا پرۆسه‌كه‌ به‌ سه‌ركه‌وتوویی به‌رِێوه‌ بچێت، چونكه‌ وه‌ك به‌رِێزی وتى \"جه‌ماوه‌رى كوردستان زۆره‌ و به‌شی هه‌موومان ده‌كات\". ئه‌وه‌تا هه‌ر لایه‌نێك به‌شی خۆى به‌ركه‌وتووه‌ و پێی خۆشحاڵه‌، كه‌واته‌ جێی خۆیه‌تى هه‌ر لایه‌نێك به‌ هێنده‌ى قه‌باره‌ و توانا و سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ى سه‌ركه‌وتووى خۆى بۆ سه‌ركه‌وتن و سه‌رنه‌كه‌وتنی پرۆسه‌كه‌ برِوانێت، ئه‌وكات ده‌رده‌كه‌وێت سه‌ركه‌وتنی له‌ كوێیه‌ و سه‌رنه‌كه‌وتنی له‌ كوێ.

لیستى هاوپه‌یمانی كوردستان لای خۆیه‌وه‌ خۆى به‌ سه‌ركه‌وتوو ده‌زانێت، چونكه‌ زۆرینه‌ى ده‌نگ و كورسیه‌كانى بردۆته‌وه‌، له‌ ناویشیدا هه‌ریه‌ك له‌ دوو پارته‌ گه‌وره‌كه‌ (پارتى و یه‌كێـتى) به‌جیا خۆیان به‌ سه‌ركه‌وتوو ده‌زانن، به‌تایبه‌ت (پارتى) بۆ سه‌ركه‌وتنی كاندیده‌كانى له‌ هه‌ولێر و دهۆك و (یه‌كێتى)ش بۆ سه‌ركه‌وتنی كاندیده‌كانى له‌ كۆى گشتى پارێزگاى سلێمانى و كه‌ركوكدا، پاش ئه‌وانیش (گۆرِان) ئاهه‌نگی سه‌ركه‌وتنی خۆى ده‌گێرِێت، چونكه‌ وه‌ك ئاشكرایه‌ له‌ناو شارى سلێمانیدا سه‌ركه‌وتووه‌ و ئه‌وه‌شی به‌لاوه‌ زۆر گرنگه‌، سه‌ره‌رِاى ئه‌وه‌ى ژماره‌ى كورسییه‌كانى له‌ كۆى گشتى پارێزگاكاندا به‌ كه‌م نازانێت. له‌ پاش ئه‌وان لیستى (315)ى یه‌كگرتووش خۆى به‌ سه‌ركه‌وتوو ده‌زانێت له‌ چه‌ند روویه‌كه‌وه‌ له‌لایه‌ن ژماره‌ى ده‌نگه‌كانى له‌ سه‌رتاسه‌رى هه‌رێمی كوردستان و ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمیشدا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو و له‌ هه‌ندێك ناوچه‌شدا دوو ئه‌وه‌نده‌ى پێشر زیاتر زیادی كردووه‌، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ وێرِای ئه‌وه‌ى پێنج كورسی په‌رله‌مانى هه‌بوو، ئێستا زیاتر له‌وه‌ى به‌ده‌ستهێناوه‌ته‌وه‌ و تا نووسینی ئه‌م بابه‌ته‌ ئه‌گه‌رى حه‌وت كورسی هه‌یه‌، له‌ كاتێكدا نرخی كورسی زۆر زیادی كردووه‌، ئه‌م ژماره‌یه‌ش دابه‌ش بووه‌ به‌سه‌ر سه‌رجه‌م ناوچه‌كانى جه‌ماوه‌رى لیستى یه‌كگرتوودا به‌ كه‌ركوكیشه‌وه‌، كه‌واته‌ ژماره‌ و رێژه‌ى جه‌ماوه‌رى یه‌كگرتووى ئیسلامیی كوردستان زۆر هه‌ڵكشاوه‌. له‌ پاش ئه‌مانه‌ش لیستى (كۆمه‌ڵ)ـه‌ خۆی به‌ سه‌ركه‌وتوو ده‌زانێت، چونكه‌ پێشتر ته‌نها كورسییه‌كی له‌ به‌غدا هه‌بوو و ئێستا دوو كورسی به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌وه‌ گرنگتریش ده‌رچوونی مامۆستا (عه‌لی باپیر) ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامییه‌ له‌ سنوری هه‌ولێر، كه‌ گرنگترین كاندید بوو به‌نیسبه‌ت ئه‌و لیسته‌وه‌.

لێره‌وه‌ ده‌رئه‌نجامی كێبرِكێی چوار لیستی كوردی بۆ به‌ده‌ستهێنانی كورسییه‌كانی كورد له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی داهاتوودا هه‌ر چوار لیسته‌كه‌ سه‌ركه‌وتوو بوون، ته‌نها ئه‌و لایه‌نانه‌ نه‌بێت كه‌ له‌ناو لیستی هاوپه‌یمانیدا بوون بێجگه‌ له‌ پارتی و یه‌كێتی، واته‌ وته‌كه‌ی جه‌نابی ئه‌مینداری گشتی زۆر راست بوو كه‌ ده‌یوت: \"جه‌ماوه‌ری كوردستان زۆره‌ و به‌شی هه‌موومان ده‌كات\". ئیتر چ پێویست به‌ گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی نایاسایی و توندوتیژی ده‌كات بۆ زیاد و كه‌مكردنی چه‌ند ده‌نگێك، وه‌ك له‌ هه‌ندێ ناوه‌ندی كوردستان له‌ كاتی بانگه‌شه‌ و ئه‌نجامدانی پرۆسه‌كه‌ له‌ (7/3)دا بینیمان.

ده‌خوازین ئه‌م سه‌ركه‌وتنانه‌ ئه‌وه‌مان بێنێته‌وه‌ پێش چاو كه‌ سه‌ركه‌وتن سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌كه‌ و دڵخۆشبوونی جه‌ماوه‌ره‌ به‌گشتی، نه‌ك سه‌ركه‌وتنى لیستێك به‌ چه‌ند كورسیه‌ك به‌سه‌ر لیستێكی تردا به‌ گرتنه‌به‌ری رێگای نادروست.. هیواداریشین ئه‌م واقیعه‌ ببێته‌ وانه‌یه‌ك تا له‌ پرۆسه‌كانی داهاتوودا باشتر سوودی لێ وه‌ربگرین و، بیر له‌ هیچ جۆره‌ ته‌زویر و پێشێلكارى و رێگایه‌كی توندوتیژی نه‌كرێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ هه‌ر شێوازێك كه‌ پرۆسه‌كه‌ و هه‌رێمه‌كه‌ ره‌ش و ناشیرین بكات، وه‌ك ده‌بینین لێره‌ و له‌وێ هه‌ندێ هه‌وڵی له‌و جۆره‌ درا. به‌هیوای یه‌ك هه‌ڵوێستی و سه‌ركه‌وتنی خواسته‌كانی كورد له‌ داهاتووی عێراق و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌راندا.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە