سەندیكاى رۆژنامەنووسانى كوردستان رۆژى جیهانى بۆ ئازادى رۆژنامەگەری پیرۆز دەكات
Monday, 03/05/2010, 12:00
لەوكاتەى كە نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵى 1993 رۆژى (3)ى ئایارى بەرۆژى جیهانى بۆ ئازادى رۆژنامەگەرى دانا, وەك نەریتێك یەكێتى و سەندیكاكانى رۆژنامەنووسان لە جیهان یادى ئەو رۆژە دەكەنەوە, لەو یادەدا رۆژنامەنووسان جەخت لەسەر بەرفراوانكردنى پانتایى ئازادى رۆژنامەنووسی دەكەنەوەو داواى ئازادكردنى هاوپیشە رۆژنامەنووسە زیندانكراوەكان دەكەن، رۆژنامەنووسان بەڵێن دەدەن كە پابەندی بنەما پیشەییەكان و بەڵێننامەى شەرەفى رۆژنامەنووسی ببن و بەبیر حكومەتەكانیان دێننەوە كە پێویستە رێز لە بەڵێنەكانیان بگرن بۆ پشتیوانیكردن لە مافەكانى رۆژنامەنووسان, هەروەها لەم رۆژەدا رۆژنامەنووسان بەدڵگرانییەوە یادى ئەو هاوكارە رۆژنامەنووسانە دەكەنەوە كە لەكاتى جێبەجێكردنى ئەركەكانیان شەهید بوون.
سەندیكاى رۆژنامەنووسانى كوردستان كە نوێنەرایەتى رۆژنامەنووسانى كوردستان دەكات, بەجیاوازى نەتەوەو ئایینیان بەم بۆنەیەوە پشتگیرى لە داخوازییەكانى رۆژنامەنووسانى عێراق دەكات كە داواى پاراستنى گیانى رۆژنامەنووسان و چاودێرى خێزانى رۆژنامەنووسانى شەهید دەكەن، لە بەرانبەر ئەو مەترسییانەى كە رووبەڕوویان دەبێتەوە.
هەروەها پشتیوانى لەو رۆژنامەنووسانە دەكات كە تا ئێستا لەژێر كۆت و بەندو مەترسیدان لەهەندێ لەو وڵاتانەى كە ئازادى رۆژنامەنووسی تێدا بەرجەستە نییە.
سەندیكاى رۆژنامەنووسانى كوردستان بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایى لە رۆژنامەنووسانى كوردستان و عێراق و جیهان دەكات و دووپاتی دەكاتەوە كە كار ئاسانى بۆ رۆژنامەنووسانى كوردستان دەكات لەپێناو گەیشتن بەسەرچاوەى زانیارى و داكۆكیكردن لەمافەكانیان و چەسپاندنى دیموكراتى و جێبەجێكردنى یاساى رۆژنامەگەرى لە كوردستان و كاركردن بۆ چەسپاندنى سیستەمى گرێبەست لەنێوان رۆژنامەنووسان و دەزگاكانى راگەیاندندا.
هەروەك سەندیكاى رۆژنامەنووسانى كوردستان سوورە لەسەر داكۆكیكردن لە رۆژنامەنووسان بەرانبەر ئەو مەترسیانەى كە رووبەڕوویان دەبنەوەو جەخت لەسەر بڵاوكردنەوەى راپۆرتى شەش مانگى خۆى دەكاتەوە, سەبارەت بە رەوشى رۆژنامەگەری لە كوردستان و تۆماركردنى ئەو پێشێلكارییانەى كە بەرانبەر بە رۆژنامەنووسان دەكرێت, داواش لەبەرپرسان دەكەین كە سزاى ئەو كەسانە بدەن كە یاسا پێشێل دەكەن و بەشێوەیەكى نایاسایى مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنووسان دەكەن، لەهەمان كاتدا داوا لە رۆژنامەنووسان دەكەین كە پابەندبن بە بنەماكانى پیشەى رۆژنامەنووسی لەپێناو دەستەبەر كردنى یەكسانیدا.
ئەنجوومەنى سەندیكا
رۆژنامەنووسانى كوردستان
هەولێر 3/5/2010
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست