سبحان اللە
Monday, 04/05/2020, 1:33
درۆکردن بەدەمی کەسێکەوە کە ناسراو بێ و خانەوادەیەکی لەدوای خۆی جێهێشت بێ و ساڵانی ژیانی بە ڕۆژ و ئەرشیف هەبێ ، تەنها درۆکردنێکی ئاسایی نیە و ئەچێتە قاڵبی تەزویر کردنی کەسایەتی کەسێک و ڕووبەڕووی پرۆسەی یاسایی ئەبێتەوە ، جا ئەو درۆ و تەزویرە بۆ کراوە مەگەر هەر داهێنەرەکەی پێمان بڵێ..
لە رۆژی 30/ی مانگی پێشوو لە فەیسبوک کەسێک بەناوی "کامەران سوبحان" بابەتێکی بڵاوکردۆتەوە گوایا ئەمە لە بیرەوەرییەکانی "سەعید ناکام"ەوە وەرگیراوە و لە رۆژگاری "سەفەر بەلک" ناکام تەرجەمەی کردوە بۆ سوپای رووسی لە ناوچەی موکریان لەگەڵ ئەفسەرێکی بەدیل گیراوی تورک ، پێش هەموو شتێ نە بەندە نە کەس لە خانەوادەکەمان نە هیچ یەکێک لە هاوڕێ و ئاشنایانی ناکام نەمانبیستوە کە باوکم ڕووسی زانیوە و ئەو هەواڵە لە کاغەز دروستکراوە زۆر تازە و گوماناوییە بۆمان، مەگەر "ناکام" کۆپییەکی هەبێ و مەبەسی لەو بێ ، ئەمەش شایانی پێکەنینە.
سەفەربەلک لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوو و لەدەرئەنجام و تەداعیاتی یەکەم جەنگی جیهانییەوە هاتۆتەکایەوە، ئەوەنەش کە ئێمە بزانین ناکام ساڵی 1917/ لەدایک بوە گەر لەسەداسەدیش نەبێ تۆ بڵێ ساڵێک زووتر یان ساڵێک دەرەنگ تر بوە، کەواتە لەسەفەربەلک باوکم یا ساوابوە یا مناڵێکی زۆر بچووک، ئیتر بە چ ئەقڵ وبەچ مەنتیق و بەچ پێوەرێک نەک هەر رووسی زانیوە وەرگێڕیش بوە! ئەم دیمەنە خەیاڵاوییەی کاک کامەرانی پێشتر ئیخوان و دواتر یەکگرتوو و حاڵی حازر گۆڕانە لە کام زەمینەی نەفامییەوە سەرچاوەی گرتوە؟ چ مەتەڵێکی شاراوەی سوبحانیە کە جگە لەخۆی کەس هەڵیناهێنێ ، هەموو بیرەوەرییەکانی ناکام (نوسخە ئەسڵییەکە نەک ئەوەی کەپارتی چاپی کردوە) پەڕەیەکی تیا نیە کە پشتگیریی خەیاڵەکەی ئەو زاتە بکات مەگەر پەڕەیەک هەبووبێ و لە جاپ کردنا وون بووبێ ئێستا ئەم دۆزیوێتەوە..سبحان اللە....ئەم تەزویر و بەسەرهات دروست کردنە لە ژیانی کەسایەتی ناکام لەلایەن هەمان کەسەوە دووەم جارە ، جارێکیان لەوێنەیەکی مێژوویی چاپخانەی "ژین" ناکامی کردبوو بە گۆران" دیارە بە عەینەکەکەی فەیسبوکەکەیەوە سەیری کردوە و لێێ تێک چووە" و ئەم جارەیان لە تاکە و تاکێتی چاوی تێپەڕیوە و خۆی ساڵ دائەنێ و خۆی وەرگێڕ دائەنێ و خۆی ئەفسەر ئەگرێ هەر خۆشی کتێبێک ئەکا بە شایەت کە ئەو پەڕەیەی لە سی ئەپریلا ئەمساڵا خراوەتە ناوی ! لاپەرەیەک کە وەک مەبەستی ئەو تەزویرە دیار نیە ، ئەگەر مەبەست لێی لایک و کۆمێنتە لە جیاتی تەزویر و ساختە کردن لە مێژوو بابەتی تر زۆرە باسی لێ بکا و لایکێکی زۆریشی بۆ بێت با مۆڵەت لە حیزبەکەی وەربگرێت و کەمێک ، زۆر کەم باسی وێرانکردنی هەرێم و تێکدانی بار و گوزەرانی خەڵک بکات
لە سایەی ئەم دەسەڵاتە دیکتاۆرە مافیایەی هەولێر ، جا بزانێ چۆن بەهەزاران لایکی بۆ یەت چونکە خەڵک ئەوەنە پڕە لە دەسەڵاتی بنەماڵەی راکردن و قووتی خەڵک دزین ، بەڵام ئەمە بۆ سوبحان زادە بڤەیە چونکە ئەو لایەنەی کردی بە راوێژکاری پارلەمان بە مووچەیەکی شەش ملێونی سانسۆڕی هەیە لەقسە کردن لەسەر دەسەڵات دوای ئەوەی بوون بە گۆچان بۆ راست کردنەوەی شانی خواری بنەماڵەی دەسەڵات...
ئەگەر ئەم تەزویرە لە کەسایەتی و ژیانی ناکام تەنها هەڵەیەکی بێ مەبەست بوە پێویستی بە روونکردنەوە هەیە ، گەر وانیە و مەبەستێکی لە پشتەوەیە ئەوا جەرئەت و غیرەت سەنگی. مەحەکە بۆ ئەوەی ئەم سوبحانە چەن ڕاستگۆیە لەگەڵ خۆی لەگەڵ بۆچوونەکانی و چەن ڕاستگۆیە لەگەڵ واقیع وەک خۆی نەک وەک تەزویر..
ئێمە هیچ بروایەکمان بە پرۆسەی یاسایی و قەزائی لە هەرێما نییە ، بۆیە وەک ئەو زاتە خۆی ئەڵێ : ئای کورد چەن نەگبەت و داماوە ، ئێمەش ئەڵێین : ئای کورد چەن نەگبەت و داماوە کە خاوەنی دووانی وەک تۆیە..سبحان اللە........
نووسینەکەی کامەران سوبحان اللە لە فەیسبوک:
بیرەوەرییەکانی سەعید ناکام (کتێبخانەی کوردستانپۆست)
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست