لە نێوان گیرفان و مێژوودا
Friday, 31/01/2020, 0:01
ڕۆژی یەکی شوباتی ئەمساڵ یادی نۆساڵەی کۆچی دوایی رۆژنامە و ڕۆمان نووس ، شاعیر ، وەرگێڕ ، ئەدیبی عەوداڵی مافی زەوت کروای میللەتەکەمان لە ڕۆژهەڵات و لە باشوور " سعید ناکام"ە ،ناکام لە تەواوی ژیانیا جگە لە سەربەرزی و شانازی کردن بە تێکۆشانی سیاسی و بەرهەمە ئەدەبییەکانی بیری لە چیتر نەکردۆتەوە کە ئەیتوانی وەک خەڵکانێکی تری هاوبیروباوەڕی ئەو کە سەردەمانێک "کۆمۆنیست" بوون و ئێستاش بە دۆلار لووت ئەسڕن و لەسەر وەزنی" چەسپی دووقلو" نیو شیوعی و نیو سەرمایەدار ژیان بەسەر بەرێ ، ناکام هەر زوو وزە و کارامەیی ئەدەبی و خوێنەواری و دونیا دیدەنی تیا بەدی ئەکرا بە شێوەیەک کە نەک هەر خۆی حەزی ئەکرد خەڵکانی تریش ببن بە خوێنەوار تا لەرووی نا عەدالەتیەکانی کۆمەڵگای غەرقی نەخوێنەواری و پەویوەندییە دەرەبەگایەتییەکەی ئەو سەردەمانەی ناوچەی موکریان کە خۆی لەوێ ساڵی"1917"لەدایک بوە بوەستننەوە ، بەندە دوای ڕووخانی رژێمی شاهنشای ئێران ساڵی 1979 لە نێو زەنگەوە چووم بۆ مهاباد و سەردانی مامۆستای خێرنەدیو " هێمن موکریانی" ی شاعیرم کرد ئەو ووتی " من زۆر قەرزاری بابتم" منیش بەسوعبەتەوە ووتم چەنی لاتە ؟ حەزئەکەی بیەرەوە بە من! كەمێک پێکەنی و ووتی :" ڕەنگە گەر ناکام نەبوایە من ئەم هێمنەی ئێستام لێ دەرنەچوایە چونکە بە مناڵی ئەوەنەم ڕق لە فێربوونی خوێنەواری و زمانی کوردی ئەبووەکە دایمە لێم ڕائەکرد تا بردمیانە لای ناکام، ئەو بەشێوەیەک فێربوونی زمان و ئەلف و بێی کوردی لا خۆشەویست کردم کەحەزم ئەکرد بە شەو و بە جومعانیش لای ئەو بم.." - بڕوانە ناڵەی جودایی" ، کاتێک ناکام زانی کۆمەڵگای کوردی و بۆچونەکانی ئەو یەک ناگرنەوە لەهەڕەتی گەنجیا رووی کردە کوردستانی عێڕاق و لای "مامۆستا سەی حوزنی موکریانی" گیرسایەوەکە لە رێگەی ماڵی باوکییەوە لە مهاباد ئاشنایەتییان هەبوو و هەرلای ئەو زاتە گەورە و بە حورمەتە دەستی کردوە بە فێربوون وکارکردن لەسەر چاپخانە و نزیک بوونەوەش لەخەڵکانی سیاسی بە تایبەتی چەپ خوازەکان ، پاشتر روو ئەکاتە سلێمانی و جاپخانەی "ژین" لەگەڵ "پیرەمێرد" سەرەڕای جیاوزی تەمەنیان ئەبن بە دوو هاوڕێی نزیک لەیەک و تێگەیشتوو لەیەکتر ، هەر لەو کاتەشەوە زیاتر لە دونیای سیاسەت نزیک ئەبێتەوە و ئەچێتە ڕیزەکانی " حیزبی شیوعی عێڕاق" و زۆر دڵسۆز و بێ سڵەمینەوە لە دەرئەنجامەکان بانگەشەی بۆ مارکسیزم و داکۆکی کردن لە کرێکار و هەژار و چەوساوەکان کردوە هەر لەو دەروازەیەشەوە بوە بە هاوڕێ و ئاشنای نزیکی دەیان ئەدیب و شاعیری گەورە و بلیمەتی کورد وەک " گۆران ، بێکەس ، نوری عبد الواحید، سەلام ، دیلان..و دەیانی تریش" هەم لەسەر سیاسەت و هەم لەسەر نووسین و هەڵوێستەکانی سەدان جار تووشی گرتن و ئەشکەنجە و راونان و خۆشارنەوە و ماڵ وێرانی و دەربەدەری نێوان عێڕاق و ئێران بوە (دایکی کۆچ کردووم ئەیگێڕایەوە کە دایمە دەستێک نوێن و سەفەرتاسییەکی حازر کراو لەماڵەوە هەبووە ، هەر پۆليسێک لەدەرگای بایە مانای وابوو ناکام گیراوە و نوێن و خواردنەکەیان بۆ ئەنارد ..)زیندانەکانی سلێمانی ، کەرکوک ، قسر شیرین ، بەغا ، نوگرە سلمان ، ئەمنی عامه و زیندانەکانی تریش بونەتە شوێنی حەوانەوە ، چەن جارێکیش بە ماڵ و مناڵەوە گیراوە ، چەن جارێکیش دوورخراەوەتەوە لەگەڵ تەواوی خێزانەکەی بۆ باشووری عێڕاق ،،، ئەو هیچ نارەحەتییەکی سیاسی وای لێنەکردوە بۆ یەک جاریش لە پرینسیپەکانی خۆی لابات یان ببێتە مایەی نارەحەتی و نائارامی بۆ هاوڕێ و ئاشناکانی و خەڵکانی تر، ئەو پێی وابوو دەرگا داخستن لەسەر خۆت و برسێتی زۆر مەردانەترە لە وەرگرتنی نان و ئازادی لە کەسانێکی نا کەس بەچەوە،، تەنانەت ئەو سەردەمانەش کە ئەیزانی کەسانێکی شیوعی حیزب و بیروباوەڕی چەپ بۆ بەژەوەنی تایبەتی خۆیان بەکار ئەهێنن ئەو دژیان وەستاوەتەوە و هەردەم توانج بارانی کردوون.
ناکام پاش ئەوەی تێئەگا و ئەگاتە قەناعەت کە بە داخەوە حیزبی شیوعی لە بناغە فەلسەفی و تیۆرییەکانی خۆی ووردە ووردە لا ئەیات بە تایبەتی دوای دروست بوونی " قیادەمرکزی" و جیابوونەوەی لە جەماعەتی "لیژنەی مرکزی" ' ئەو دوور ئەکەوێتەوە و ئیتر ئەکەوێتە ناو بەرداشی هەر سێ لایەکە ، حکومەت و پارتی و هاوڕێیەکانی دوێنێی حیزب ! ماوەیەک " شیخ لەتیفی شيخ محمودی حەفید" ئەو زاتە جوانە خۆشەویستە داڵدەی ئەیا و لای ئەو ئەمێنێتەوە ، من خۆم جارێک چووم بۆ " سیتەک"- سیتەکی ئەوسا ئێستا نا - بۆ لای باوکم ، جەبابی شێخ لەتیف کە کەسێکی قسە خۆش بوو پێی ووتم : ژوورێکیش بۆ تۆ دروست ئەکەم کە گەورە بوویت و پێویستت بە خۆ شاردنەوە بوو ، وەرە بۆ لای مامی خۆت..
ناکام لە تەمەنێکی سەروو نەوەد ساڵییەوە ماڵ ئاوایی لێکردین بە داخەوە وەک خۆی ویستی لە سلێمانی نەبوە میوانی هەمیشەیی خاکەکەی ، ئەو دوای خۆی نەوەد مەتر ئەرزی نە هەبوو و نە جێهێشت، !!! ناکام هەر زوو ئەیتوانی لە نێوان گیرفان و مێژوو یەکەمیان هەڵبژێرێت ، بەڵام ئەو گیرڤانێکی سپی و مێژوویەکی ڕەشی پێ نەنگ بوو ، مێژوو کە ئەبەدیە هەڵبژاردەی ناکام بوو و ئەو گیرفانەی قەت بیری لێ نەکردبۆوە خستە جۆگەی مەلەزاتە کاتییەکانی تەمەن..
لە یادی کۆچی دوایی " ناکام"ی باوکم ، بەباشم زانی ئیشارەت بە چەن باسێک بەم کە ڕەنگە وەک خۆی باسی لێنەکرابێ یان بەهاراتی پێوە کرا بێ ، لەوانەش :
= هەر وەک هاوسەری " شەهید قازی محمد" جەن ساڵێک لەمەوبەر لە یادی کۆماری مهابادا باسی لێکرد کە لە یادکردنەوەی کۆمارا غەدرێکی زۆر لە ناکام ئەکرێ کە کەمتر لە ڕۆڵی ئەو لە چاپخانەی کوردستان باس ئەکرێ ، چونکە ناکام وەک ئەدیبێکی تێکۆشەری ئەو کۆمارەی موکریان کە خۆبەخشانە سەرپەرشتی چاپخانەکەی کردوە و جێ دەست و کارامەیی ئەو لە بیر ناکرێ
=. كاتێک ناکام ڕۆمانی " ئاگری بن کا " بڵاو ئەکاتەوە ، پارتی ئەمە بە فورسەتێکی باش ئەزانن و بۆ پیشاندانی " حسن النیة" و نزیک بوونەوە لێی ، بریار ئەیەن کە خەڵاتی بنەماڵە کە ناویان لێ ناوە خەڵاتی بارزانی !! ببەخشن بە ناکام ، بەڵام ئەو سەرەتا رەتی کردۆتەوە نەبادا دەهۆڵی پارتی بوونی لێ بەن ، بەڵام دواتر " مام هەژار" تکای لێ ئەکا و ئەویش قبوڵی ئەکا و خەڵاتەکە وەرئەگرێ بێ ئەوەی ببێ بە پارتی..
= دەزگایەک هەیە بەناوی " ئاراس" کە مەبەست لێی "چەم"ی ئاراسە ،بە بێ پرس و ڕای خانەوادەکەی ، هەستاوە بە چاپ کردنەوەی " بیرەوەرییەکانی ناکام" بەڵام زۆر بەسەقەتی و ناڕاستگۆیانە، زۆر شتیان بەو مانا و شێوەیەی کە خۆیان مەبەستیانە وابێ وایان داڕشتوە وەک ئێمە لەبیرمان چووبێ شەستەکان پارتی پاشکۆی بنەماڵە ویستیان لە ڕێی کاژیکەکانی کانی ماسییەوە ناکام تیرۆر بکەن ،بەڵام هەر ئەو کەسەی ئەبوایە تیرۆەکە جێ بە جێ بکا پێی ووتبو من فەرمانی کوشتنی تۆم ، بەڵام بە هەقی نازانم و بۆ بتکوژم؟؟
=. ساڵی2000 کاتێک گەرامەوە سلێمانی "شێرکۆ بێکەس"ی شاعیرم بینی ، پێی ووتم کە هەفتەی ڕابردوو(ئەو کاتە)خۆی و ناکام سەردانی جەنابی" مام جەلال"یان کردوە بۆ کارئاسانی لە گواستنەوەی لەشەقڵاوەوە بۆ سلێمانی و جێنشین بوونی هەمیشەیی لەوێ ، وەک ناکام خۆی ووتبوی خەڵک ئەگەڕێتەوە سلێمانی تیا بژی من ئەگەڕێمەوە تیا بمرم چونکە زۆرم خۆش ئەوێ و یادگاری زۆرم لەگەڵیا هەیە...کاک شێرکۆ ووتی خانوویەکی بۆ ئامادە کراوە و ئێستاش گەڕاوەتەوە ماڵ و مەکتبەکەی بێنێ ، بەڵام چەن هەفتەیەک تێپەڕئ هەر دیار نەبوو ، دوایی زانیمان کە ناکام گەڕابۆوە "ئاسایش!!"ی پارتی بانگیان کردوە و پێیان ووتوە: چۆن بێ پرسی ئێمە چوویت بۆ سلێمانی و نیازیشت وایە بڕۆی بە یەکجاری لەوێ لای "جەلالییەکان" لە سلێمانی بژیت ؟ ئێمە بە پێی فەرمانی سەرووی خۆمانەوە ڕێگەت پێ نایەین کارێک لەو جۆرە بکەیت ، ئیتر ئەوە بوو وەک جێنشین کردنی زۆرە ملێی بردیان بۆ هەولێر و بۆیشی نەبوو لەو شارە بچێتە دەرەوە ، ناچار لەوێ مایەوە تا کۆچی دوایی کرد.. .
=. لە کۆنگرەی ڕاپەڕینی نووسەران لە 15/7/1992 ناکام وەک بەتەمەنترین بەشدار بووی کۆنگرە هەڵئەبژێرێت بۆ بەرێوەبردنی جەلسەکانی کۆنگرە تا هەڵبژاردنی دەستەیەکی تازەی یەکێتی نووسەران ، ئەویش قبوڵی ئەکات بەڵام ئەڵێت پێش ئەوەی دەست بە هیچ شتێک بکەین (تکایە : ئەو جاش قەڵەمانەی بە ناوی نووسەرانی کوردەوە خزمەتی بەعسیان کردوە ، با هەوییەی بەعسایەتیەکەیان بێنن لەسەر مێزە دایبنێن ) ئیتر کۆمەڵێک لەوانەی ئەم قسەیە ئەیگرتنەوە رەنگیان سپی ئەبێ و لەگەڵ نوێنەرانی سەرۆکی بنەماڵەی بارزانی ئەیکەن بە چپە چپ و بە پاساوی ئەوەی سەرۆکی بنەماڵە لێبوردنی دەرکردوە ئەبێ لاپەڕەیەکی تازە هەڵبدرێتەوە ...زۆربەی ئەوانەی هەوییەکانیان پێ بوو و بەر لێبوردنکە کەووتبوون ، تا دوا هەناسەیان بچووکی بنەماڵە بوون .
|
(چاپخانەی ژین): لە راستەوە ئەوانەی بە پێوە وەستاون: عبدالواحد نوری، سەید حوزنی موکریانی، پیرەمێرد، سعید ناکام، بێکەس، شێخ سەلام، حیلمی علی شریف ئەوانەی کە دانیشتوون: نەناسراون |
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست