غەوار
Sunday, 29/01/2017, 16:46
- هەلە و، بەڵێ فەرموو .
- ڕۆڵە گیان من باوکتم،لە بەهەشتەوە قسەت لەگەڵ ئەکەم .
- بابە گیان ، ببورە دەنگتم نەناسییەوە، لە هەشتاکانەوە، لەو کاتەی شەهید بویت دەنگت نەبوە ،
- ڕۆڵە چیبکەم، منیش سەر قاڵی ڕۆتینی ڕۆژانەی بەهەشتم، تۆ پێم بڵێ : ئەو جاشانەی منیان شەهید کرد چییان بەسەر هات و هەقی منیان لێکرایەوە!
- ئەی چۆن بابە گیان، یەکێکیان ئامر لیوایە، دوانی تریان زابتی گەورەن، یەکێکی تر تاجیرە و لەسەر پارە سەرخەو ئەشکێنێ،،وابزانم دانەیەکیشیان ڕاوێژ ک .ئا .ئەوەیە،،یەکێکی تریان لە بەینی تورکیا و یۆنان خنکا .وابزانم ئەو چوو بۆ جەهەننەم بۆیە تۆ سودفەت نەکردوە .
- یەعنی چی ! ئەوان دەستیان بە خوێنی من سوور بوو. .
- ئەوە شیعاراتی کۆن بوو،، ئەمڕۆ کوڕ ئەوەیە دەستی زەرد یان سەوز بکات .
- دەک بەزیا نەبێ، کار وا بڕوات قەت سەربەخۆ نابین. .
- خەمت نەبێ بابە گیان، دەمێکە سەربەخۆین، ڕەنگە ئاگات لێ نەبێت لە ٣١/ی ئابەوە سەربەخۆین،، .
- سی و یەکی ئاب چیە ڕۆڵە ؟ .
- ئەو ساڵە لەسەر هەولێر شەڕ بوو، حیزبێک کارتی سووری وەرگرت و کرایە دەرەوە، کە ویستی بگەڕێتەوە سەیری کرد فیشەکی لێ بڕاوە، ئیتر لەگەڵ جەیشی"زێڕە"
ڕێککەوت و لەسەر نەزەرییەی برایەتی کورد و عەرەب خۆیان کردەوە بە شارا و تا ئێستا دای کوتاوە .
- کەواتە کوردستانی گەورە فت ..- .نا بابە گیان وامەڵێ، ئێستا لە بەینی دوو پارچەی کوردستانا چاڵی وا گەورە هەڵکەنراوە هەر مەپرسە .لە هەردوو شەڕی عالەمییا ڕوی نەیاوە . .
- جا ڕۆڵە چاڵ بۆ چیە ؟ .
- بۆ ئەوەی ناحەزانی کورد ئەم دیو و ئەو دیو بە ئاسانی نەکەن . . . .
- ئەمە مەهزەلەیە کوڕم، ئەی مەسەلەی دیموکراسی کە زۆر باس ئەکرێت .! .
- بڕگە بە بڕگەی هاتۆتە دی، دیموکراسی ئەوەنە بە هێزە ئەبێت سەرۆکی پارلەمان و خەڵکی تریش ئیحترامی ڕای ئازادی سەیتەرەکان بگرن و بەرەو ماڵەوە بەگ دابنێن .
- دەک خوا بیبڕێت، پێم بڵێ ئێستا وەزع و گوزەرانی ژیانتان چۆنە، بیستومە شوکر ئێستا نەوت هەیە و هەرێم دەوڵەمەنە .جگە لەوەش باسی گازیش ئەکرێت .
- بەڵێ . بەڵێ .هەرێم لە ڕیزی یابان و نەرویجە .حکومەتەکەشمان ئەوەنە ئاقڵە بیری لە ڕۆژی تەنگانەش کردۆتەوە، بۆیە پاشەکەوت ئەکات و چوار مانگ مساویە بە یەک مانگی معاش، جگە لەوەش نەوەک"مالکی" شەڕی هەرێم بکات چەن ملیاردە دۆلارێک لە خاریج شاردراوەتەوە تا لە شەڕی هەرێم و مالیکیا فریامان بکەوێت، نابێ کەسیش! بزانێ ئەو پارانە لە کوێن، نە بادا زەفەری پێ بدرێت . .
- ئێ .ئێ .تێئەگەم ڕۆڵە، یەعنی نەبوونی هەموتانی گرتۆتەوە .
- بەڵێ، ڕێک وایە، سەرۆکی حکومەت بە پاسکیل دەوام ئەکات، وەزیرەکان بە هەروەڵە . سەرکردایەتی حیزبەکان بە پاس، خواپیاوەکان ئیجازەن لە ماڵەوە . سەرۆکایەتی هەرێم بە پارەی ئەوقاف ئەژی! تەنانەت ئەو پارەیەی بە ناوی داعیشەوە وەرئەگیرێت، ئەخرێتە ئەو لاوە نەوەک داعیش حەلقەی دووەمی هەبێت .
- کوڕی خۆم وادیارە ماڵی کورد تێکچوە.
- واللە بابە گیان ماڵی کورد دەرگا و پەنجەرەیشی پێوە نەماوە.
- بۆ وا کوڕی خۆم ؟
- لەبەر خاتری کورسی و نەفەرێک . .
- کام کورسی و کام نەفەر ؟ .
- بابە گیان، ئەو سوئالە تەرک بکە، دەستیان ناگاتە تۆ دەستیان ئەگاتە من، تۆ پێم بڵێ ، بەهەشت خۆشە .؟
- خراپ نیە ، ەس خەمی ئێوەمە. .
- خەمی ئێمەت نەبێت، وەعدیان یاوە ئێرە بکەن بە "دوبەی"
- کوڕم دوبەی وا نایەتە دی . .
- یەعنی بابە ئێوە لەو دوورەوە ئەزانن یان ئەمانەی هەرێم.!. .
- ڕۆڵە گیان ئەبێ بڕۆم مەوعیدێکی زەروریم هەیە . دواتر بە تەفسیڵ قسە ئەکەین
- زۆر باشە بەس هەوڵ بە زۆر بەزەقی قسە مەکە و بە "جفرە" بێت، باشترە
- بۆ کوڕی خۆم ؟
- نەوەک ئاس .ئاسی .ئا .خراپ لێکی باتەوە .
- زۆر باشە کوڕی خۆم با لەسەر من تووشی گێچەڵ نەبیت . جارێ خوا حافیز.
- خوا حافیز بابە گیان، سڵاو بگەیەنە بە ئەهلی بەهەشت .
- تۆش بە بەهەشتەکەی لای خۆتان .
====
سەرچاوەی ئەم تەنزە ، سکێچێکی هونەرمەندی بەناوبانگی سوری"غەوار/ درید
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست