کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کۆستەڵە...

Saturday, 26/11/2016, 20:25


هەر وەک لە ناو خەڵکا باوە و باس ئەکرێت، هەر کاتێک پارتی پاترییەکەی زەعیف بوو، ئیتر کێچ ئەچێتە کەوڵی  خودی سەرۆکی بنەماڵە و حیزبەکەی وئەیانەوێ بە هەر شێوەیەک بێت رۆڵی ' کوڕی باش'  ببینن، بە تایبەتی دوای ئەو شکستانەی سەرۆکی بنەماڵە لەسەر ئاستی هەرێم و عێڕاق تووشی بووە و دواتر تێوەگلانی زیاتر و زیاتری ڕژێمەکەی هەولێر لە گەندەڵیە ئابڕوبەرە ئابوری و ئیداری و ئەخلاقیەکان، وەک نە بایان دی بێ نە باران داوا لە حیزب و لایەنەکان ئەکات: نوقتە سەری دێڕ ، لە ئەوەڵەوە دەست پێ بکەنەوە !لەوانەیە بنەماڵە و پارتی گاڵتە بە ئەقڵی حیزبە کلاسیکەکان  بکەن، بەڵام گاڵتە کردن بە هەست و کەرامەتی کۆمەڵانی خەڵک کارێکی هەروا ئاسان نیە گەر مەحاڵ نەبێت ، گەڕانەوە بۆ سەری دێڕ بئ تێڕوانین و موحاسەبە دادگایی کردنیش لە ڕووداوەکانی دێڕەکانی پێشوو ناکرێ و ئەو یارییە هەرزانەی دەسەڵاتی هەولێر بێ باج دان گوزەر ناکات .. ئەگینا خێرە لەو هەموو هەڕەشە و لوت بەرزی و غرورەی سەرۆکی بنەماڵە و حیزبەکەی  لەپڕ وا عال و سال خۆی ئەهێنێتە پێش چاو ! گەر سەیری تەوقیتی سەری دێڕەکەی ئەمجارەیان بکەین بە ئاسانی تێئەگین بۆچی جارێکی تر قەوانە سواوەکەی' دانیشتن ' لێ ئەیەنەوە :
- پاش ئەوەی سەرۆکی بنەماڵە لە باشیک لەدەمی دەرچوو کە هێزی پێشمەرگە لە دوای ئازاد!کردنی  موسڵ ناکشێتەوە، هەر زوو عێڕاق و ئەمریکا هێنایانەوە هۆش خۆی کە ئاگادار بێت لە ڕێککەوتنە ژێر بە ژێرەکان(هەرچەندە ئەو 423 ملیۆن دۆلاری پێشەکی لە بری قوربانیەکانی پێشمەرگە خستۆتە گیرفانەکانیەوە ) ، ئەوەبوو بو ناوی سەرۆکایەتی کورسییەکەی ڕاستی کردەوە و ئۆباڵەکەی خستە پاڵ کڵۆڵی لە زمان و تەرجەمەی قسەکانی لە لایەن میدیا عەرەبییەکانەوە..! بەمەش ئیتر مەودایەک نەما سەرۆکی بنەماڵە لە ڕێککەوتنەکانیا خۆی بدزێتەوە کارتەکانی کەوتنە ڕوو..
- وەزع و کار و باری تورکیای دۆستە ستراتیجییەکەی ڕژێمەکەی هەولێر، باش نیە و لە چەند لایەکەوە تێکەوتوە، ئەمەش ئوتوماتیکی کاری کردۆتە سەر خودی پارتی و تا وەزعی تورکیا خراپتر بێت (کە هیوادارین وا بێت ) وەزعی پارتیش باش نابێت بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە هاوکاری ئابوری ' نەوت'  و  سەربازییەکانەوە ' لێدانی گەریلاکانی باکور ' ەوە هەیە، ئەم جوڵەیەش   هەوڵێکە بۆ دانانی دەروازەیەک گەر وەزعی تورکیا زیاتر ڕوو لە داماڵین بکات تا بە خشپەیی لێوەی بێنە دەرەوە..
- دوای پینە و پەڕۆ کردنی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی، ئێستا بۆ سەرۆکی بنەماڵە زەحمەتە  خەیاتێکی وەک ئەوانەی پێشوو بدۆزێتەوە دەستیان لە پینە کردنا هەبێت و جارێکی تریش بیخەنەوە سەر کورسی سەرۆکایەتی هەرێم..
- ناڕەزایەتیەکانی خەڵک تا بێت فراوانتر ئەبێت و گەر ' گۆڕان' ڕێگری نەکردایە دەمێک چووبوە فۆرمی بە گژاچوونەوەی چەکداری، ئەمەش ترسێکی ئەوتۆی لای بنەماڵە و ڕژێمەکەی هەولێر دروست کردوە کە ئایا تا کەی لەو فۆرمەی ئێستای ئەمێنێتەوە و فۆرمێکی تری ' ڕاپەڕین ' ئاسا وەرناگرێت ؟  ئەو کاتە پارتی وەک تاکە هێز ئەکرێتە ئامانج ، چونکە ئەوە هێز و کەسانەی ئێستاش لەگەڵ پارتیا سەرەتاتکێ یانە کە زانیان خەڵک ڕوو لە ڕاپەڕین ئەکات ،بەپەلە گێڕ ئەگۆڕن و ئەچنە پاڵ خەڵکی ناڕازی، ئەو کاتەش خەڵک خۆی هەڵوێستی ئەزانێت..
-  سەرۆکی بنەماڵە و حیزبەکەی دوو ساڵ زیاترە هاوار هاواری سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم ئەکەن و بۆیان دەرکەووتوە کە کۆمەڵانی خەڵک جگە لە نوکتە دروست کردن لە سەریان ، هیچ پێشوازیەکی تریان نەبوە، چونکە مێژووی بنەماڵە و پارتی پڕە لەو سیناریۆ یانە و کەس قەناعەت بەوە ناکات دەوڵەت بەکەس وحیزبێک دروست بکرێت کە میللەتەکەی خۆی برسی بکا و حسابی بنەماڵەیەک لەسەروو هەموو حساب و ئیعتیبارێکی نیشتمانی و نەتەوەیی و ئەخلاقی بێت..
- ئەگەر کەسێک هێندە نەفام بێت و پێی وابێت ئەو پێشنیازە بە ناوەڕۆک کۆن و بە دەربڕین تازەیەی سەرؤکی بنەماڵە هەمووی لوغمە ، با باش بزانێت پێش دانانیان لە لایەن کۆمەڵانی خەڵکەوە و بە تەجرەبەی لوغمەکانی زەمانی بەعسەوە، پووچەڵ کراونەتەوە..
....ڕەنگە ئەمجارەیان بۆ بنەماڵە و حیزبەکەی قورس بێت وەک هەموو جارێک و دوای هەموو بەزم و سکانداڵێک ، دیسانەوە وەک هەڵماتێن هەر کەسە و موشەکەی خۆی بەرێ و ' کۆستەڵە ' .. واتا یارییەکی تازە...

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە