ماراثۆن
Sunday, 29/05/2016, 10:08
ڕاکردن ، هونەری خۆی هەیە و هەموو کەسێک ڕۆژێک لە ڕۆژان پێویستی پێی ئەبێت ، جا دەسەڵاتدار و ڕەعیەت ، پارلەمانتار و دەنگدەر ، دەوڵەمەند و لات، هەریەک بە جۆرێک و خێراییەک ئەو هونەرە پەیڕەو ئەکەن، بۆ نمونە دەنگدەر ناتوانێت هەموو هەفتەیەک بچێتە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگ بە پارلەماتارێکی تازەی خواستی دڵی خۆی بات، بۆیە سەلامەتی و سیحەت باشی ئەو پارلەمانتارانە زەرورەتێکی ئیداری و سیاسیە تا هەڵبژاردنێکی نۆێ..هەر لەسەر ئەو نەزەرییە دیمان چۆن پارلەمانتارەکانی بەغا لە گێژاوی خۆپیشاندانەکان هونەری (ڕاکردن)یان وەک وەفایەک بەرامبەر بە دەنگدەران بەکار هێنا تا ئەو ئاستەی : کوڕم ئەوێ زوو دەرباز بێت ،ئەو هەموو ئەقڵ خانە و تۆپ خانە و سێ ژن خانە و ئامۆزا خانە و قوتابیانی بنەماڵە خانەیە لە خێرایی بەکار هێنانی هونەری ڕاکردنەکە لەبیریان چووبو کێ هاو کوتلە و کێ نەیاری فراکسیۆن و کوتلەکەیانە ، یەکڕیزی کوردیان پاراست و هەموو پێکەوە یەک رەنگ یەک ڕاکردن بە باوەشی هەرێم شادبوونەوە....دەستیان خۆش بێت ، ئەی خەڵکی هەرێم بە هۆی ئەو نوێنەرانەوە نەبێت چۆن ئەو هەموو دەستکەوتە مەزنانەیان بەدەست ئەهێنا ! ئەوان بەقەد معاشەکەیان ئیشیان بۆ کورد کردووە، ئەوان نەبونایە ماددەی 140 ، سەد و سی و نۆی لێ جێبەجێ نەئەکراو تەنها یەک پولی ماوە قەپات ببێت، هەر ئەو پارلەمانتارە کوردپەروەرانە بونەتە مایەی کەم کردنەوەی بێ کاری و هەر یەکەیان سی چل خزم و ناسیاوی خۆیان لە سەر لیستی معاش کردووە بە حیمایە و پاسەوان و کەس و کاریان لە نەبوونی ڕزگار کردووە ! بۆیە ڕاکردنی ئەو پارلەمانتارانە مانەوەی ئەو هەموو حیماییەش بوو لەسەر کارەکانیان..هەر بژین..نوێنەرانی کورد هێندە پەرۆشی بینینەوەی دەنگدەرەکانیان بوون، گەر لە بەغا تەیارە نەبوایە لەوانەیە بە سواری وڵاخ خۆیان بگەیانایەوە هەرێم چونکە دەنگدەر دروست ئەبێتەوە بەڵام پارلەمانتاری موتیع و گوێ ڕایەڵ بە ئاسانی دروست نابێتەوە ، سەلامەتی ئەوان سەلامەتی ئەزمونی هەرێمە و بەهێزیی کوردە، هەر بە گەشتنەوەشیان پەیمانیان تازە کردەوە کە پێ داگر بن لەسەر هێنانە دی ماف و خەوەکانی دەنگدەران و ڕێ نادەن ئەو شیعانە دەست بگرن بەسەر معاش و ئیمتیازەکانیان ، ئەو معاشە دەیان ملیۆن دینارییە موڵکی باوکی حکومەت نیە با بۆ نوێنەرێکی کورد بێ باشترە لەوەی بۆ ناحەزێک بێت کە چاوی بە دیموکراسی و خۆشگوزەرانی هەرێم هەڵنایە !.. هەروەک چۆن فەرماندەیەکی عەسکەری کوردی لەسەر جێ هێشتنی "شەنگال" ووتی: شەڕ ڕاکردنیشی تیایە، بۆ بەستنەوەی هەردوو سەنگەری بەرامبەر داعش و سەنگەری پارلەمانی بەغا ، پارلەمانتارەکانمان ئەو ووتە مێژووییەی ئەو فەرماندەیەیان دووپات کردەوە کە سەنگەری پارلەمان ڕاکردنیشی تیایە..بەوەش دەنگی دلێر وجەستەی شەکەتی دوای ڕاکردنیان گەیاندە سەنگەرەکانی دیفاع لە کورد....
هەقی خۆیشێتی ئەو پارلەمانتارانە داوای ئەوە لە حکومەتەکەی عەبادی بکەن ناوچەی سەوز بە موشەکی" ئەنتی خۆپیشاندان" داپۆشرێت چونکە ناکرێ هەموو هەفتەیەک خەریکی ڕاکردن بن کە دوا جار سیحەتیان باش نابێت و کار ئەکاتە سەر گەرم و گوڕییان لە بەدی هێنانی مافەکانمان لە پارلەمانی عێڕاقدا...
بەڵام لە لایەکی ترەوە ئەو ڕاکردنەی پارلەمانتارەکان سوودێکی هەیە بەوەی کە ئەوە باشترین تەمرینە بۆ ئەوەی ئەگەر خوانەکردە! بێ ئیش بوون ئەتوانن بەشداری ئۆڵمپیادە نێو دەوڵەتەکان بکەن ، ئەو کاتە بە "ماراثۆن" سەری کورد و دەنگدەران بەرز بکەنەوە ...و وەک خەڵاتی ڕاکردنەکەی بەغایان ، خەڵاتی وەرزشی وەربگرن.... .........
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست