کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هستیریا

Tuesday, 17/05/2016, 14:35


بە پێی هەموو عورف و عاداتێکی دیموکراسی، لە نێوان لایەنەکانی پارلەمان دەرگا ئاوەڵەیە بۆ هەرچ ڕێک کەوتن و لێک تێگەیشتنێکی سیاسی ، ئەوەش لە پێناو ئەو ئامانج و ئەجیندا هاوبەش و نزیکانەی هەیانە و لە چواچێوەی بەرژەوەندی گشتی و نیشتمانی ،مەرجیش نیە ئەو نزیک بوونەوە وڕێک کەوتنانە پێویست بەوەبکات لە لایەن حیزبەکانی ترەوە قبوڵ یا ڕەت بکرێتەوە، به تایبەتی لەو وەزعە بێ سەر و بەرییەی هەرێمی تێکەوتووە و لە بەرامبەر دەسەڵاتێکی سەقەتی تاکڕەو ، کە هەر هەنگاوێک بۆ چاک کردنی (ئەگەر درەنگ نەبێت) وەزع و حاڵی سیاسی و ئابوری و لەسەروو هەمویانەوە چاک کردنی گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵک ، بەرپرسیاری و ئیلتیزامە بە ئەخلاقی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە....
لە هەرێمی کوردستان زۆر شت بڤە و زۆر شتی تریش عاجبایەتیە، لای دەسەڵات واتا پارتی و بنەماڵە ، هەر هەنگاو و جوڵە و نزیک بونەوەیەک بە بێ ئاگاداری ئەوان بڤەیە و ئەچێتە خانەی(دژایەتی)یەوە! ئەمەش سەبارەت بە دوو هۆی گرنگ زۆر هۆی تری کەمتر گرنگ ، یەکەمیان لووت بەرزی پارتی و بنەماڵە لە ئاستێک دایە نەک بەر لوتی خۆی ، بەڵکو وورگی خۆیشی نابینئ و ئەو زەبر و توند و تیژییەی هەیەتی لە ئاست ڕووداوەکانا وای لێ کردووە بە حسابی خۆی حساب بۆ کەس نەکات..دووەم هۆ: ترسی گەورەی بنەماڵەیە لە هەر گۆڕانکارییەک لە هاوسەنگی سیاسی هەرێم بێتە کایەوە و ببێتە مایەی هێنانە خوارەوەی لوتی پارتی و بنە ماڵە بۆ ئاستە سروشتییەکەی خۆی و  بەردەمی خۆی "بێ ڕوتووش " ببینێ و پێی بووترێت : ئەزبەنی دونیا هەر ڕەش و هەر سپی نیە ، بە لێک دانەوەی ئەو هەموو پارە و داهات و میلیشیا و هێزە ئەمنیانەی پارتی بەکاری ئەهێنێت بۆ مانەوری لە قوتبی دەسەڵاتدا، وەیراا ئەگەینە ئەو قەناعەتەی پارتی و بنەماڵە لە هەموو چرپە و جوڵە و هەنگاوێکی حیزبەکانی تری هەرێم (حیزبە کارتۆنیەکانی سەر بە بنەماڵە نا ) زەندەقی چووە و ناشزانێت چۆن " تا " ی لەدەست دانی تاکایەتی دەسەڵات داپۆشێ و کێچ کەوتۆتە کەوڵی دوور نییە حسابی سەرەتای کۆتایی خۆیشی نەکات.. 
کاتێک دەنگ و باسی ڕێک کەوتنی گۆڕان و یەکێتی بە ڕەسمی کەوتە میدیاکانەوە، پارتی هیچ قسەیەکی لەوی تری ناچێ ،لە لایەکەوە پیرۆز بایی پێش وەختی لێ ئەکات لە لایەکی ترەوە ئەڵێن: هیچ نیە و لە سنووری سلێمانی دەرناچێت ! دەمێک ئەڵێن ئەو ڕێک کەوتنە باشە تا پارتی مامەڵە لەگەڵ یەک حیزب(!) بکات چاکتر و ئاسانترە لە دوو حیزب " هێشتا پارتی و بنەماڵە لە نێوان ڕێک کەوتن و یەک گرتن وون بووە و ترسەکەی ئەو دوو شتەی لێ تێکەڵ کردووە "  دەمێکی تر ئەڵێن نزیک  بونەوەی ئەو دوو لایەنە باری سیاسی هەرێم وقەیرانەکان قوڵتر ئەکاتەوە.."  و...و.....
کاتی خۆی پارتی و یەکێتی رێک کەوتنێکی ستراتیجیان بەست بێ ئەوەی حساب بۆ کەس بکەن،  ئەی بۆ گۆڕان بۆی نەبێت ڕێک کەوتنی سیاسی لەگەڵ لایەنێکی تر هەبێت ؟ کاتێک یەکێتی تێئەگات کە ڕێک کەوتنەکەی لەگەڵ پارتی بڕ ناکات و بە ناوی ئەو ڕێک کەوتنەوە قوڕ کراوە بەسەری هەرێم و ئۆمەتەکەیدا جێی اخۆیەتی بۆ ئەڵتەرناتیڤێکی باشتر بگەڕێت ، هیچ نەبێت بۆ ئەوەی قوڕەکە زۆر خەست نەبێت و کەمێک شلی کاتەوە... بنەماڵە بۆ دزینی نەوتی هەرێم ڕێک کەوتنی لەگەڵ تورکیایا هەیە بێ ئەوەی کەس بزانێ دێڕ و فاریزەی چین کەچی بۆ نزیک بوونەوەی دوو لایەنی سیاسی ئەبێت    پرس و ڕا بە پارتی بکرێت! ..هەرێمێکە و دوو ڕەشەبا.
پارتی بە قسەی خۆی ، حیزبی پێشڕەوە! لە سەدا حەفتای خەڵکی هەرێمی لەگەڵە ، ڕابردوویەکی پاکی وەک کریستاڵی هەیە ، زۆربەی کورد لایەنگر و موریدی ڕێبازەکەی بنەماڵەن ، بە درێژایی تەمەنی نە خیانەت ، نە ئاش بەتاڵ ، نە کەوا سووری بەر لەشکری هیچ داگیرکەرێک بووە ، ئیتر ئەم هەموو ترسەی لە چیە و بۆ لە سێبەری خۆی بەنج ئەبێت؟ یان ئەوانە هەمووی فانتازیای پارتی خۆیەتی و باش ئەزانێت دیوە ڕاستیەکان بە دیوە " علوجەکان" داناپۆشرێت ، بۆیە نە ئەتوانێت ترسەکەی بشارێتەوە و نە ئەتوانێت خۆی لە ڕووداوەکان گێل بکات..ڕێک کەوتنێک کە هێشتا بەند و بڕگەکانی دیار نین ، کارێکی وای کردووە پارتی تووشی
"بێ خەوی" کردووە ، جا گەر ڕێک کەوتنەکە کەوتە ڕوو و لە ناوەڕۆکەکەیدا ئەوە بەر چاو کەوت کە پرسە وەلا خراوەکانی وەک ( سەرۆکی هەرێم و دەستوور و سیستەمی حوکمڕانی و چارەنوسی داهاتەکانی هەرێم ) لە خۆ گرتووە، ئەبێت پارتی چی بکات و چۆن لە ڕوویا بوەستێتەوە و چۆنیش بە گژیا بچێتەوە ، زەمانی شاخیش نەماوە تا پارتی و بنەماڵە ئەو دوو لایانە بە پاڵپشتی ئێران بکاتەوە بە ناو حکومەتدا بە ناوی ئەوان جاش و خۆی وگنی تاکە سولگانی ساحەکە بێت.
وەکو دیاردەیەکی عیلمی و گوبی ، کاتێک ترس و دڵەڕاوکێ لە سنووری خۆی دەرئەچێت ، ئەبێت بە " هیستریا" لە هیستریاشدا زۆر شت  چاوەڕوان کراوە ، هەقی خۆیەتی ئەو دوو لایەنە ، گۆڕان و یەکێتی ، لە ئێستاوە زەمینە خۆشکەن ، بە تایبەتی لە ڕووی  جەماوەرییەوە  بۆ چونیەتی ماماڵە کردن لەو کاتەی پارتی توڕەییەکەی ئەبێت بە هستیریا،.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە