دەمانچە بەدەستەکانی دەسەڵات
Tuesday, 03/05/2016, 22:29
دوای دروست بوونی گرژی لە نێوان هێزە چەکدارەکانی دەسەڵات و کۆمەڵێک خەڵکی ئامادە بووی نوێژی هەینی لە هەولێر، گوایا خوتبە بێژەکانی ئەو مزگەوتانە چوونەتە بەرەی میللەت ولە ووتار خوێندن قەدەغە کراوون! ئەو بڕیارەش لەو دیمەنە ڤیدیۆیە بە ڕوونی ئەبینرێت کە چۆن دەمانچە بە دەستێکی ئەفەنی شێتگیرانە بەر بۆتە ئەو عالەمە ، سەیرکەن چۆن ئەو بەعسیە کوردی زوبانه بە دەمانچەیەکی ڕووتەوە لە مزگەوتێکا هەڕەشە لەو خەڵکە ئەکات ، ئێوە سەیرکەن چۆن ئەمن ئاسا وەک پیشەی هەموو شەلاتییەک هەڵئەکوتێتە سەر (کامێرامان)ێک وەک ئەوەی (قاچاخچییەکی نەوت)ی گرتبێ، بە قژ ڕایئەکێشێ و بەر ئەبێتە کامێراکەی...ئیوە سەیری ئەو دیمەنە بکەن ،دیمەنی ئارامی و سەقامگیری خەڵک لە هەرێمی کوردستان و لە پایتەختەکەییدا ! دیمەنی ئازادی کار و ڕێز لە کاری یەکتر گرتن..سەیری ئەو ئەفەنیە دەمانچە بەدەستە بکەن، ئەو قوتابیە دڵسۆزەی پارتی و ڕێبازی بنەماڵە کە پێمان ئەڵێت: دەمانچە لای دەسەڵات وحیزب یاسایە، بڕیاردەرە، حاکمە، وەڵامی پرسیارەکانی خەڵکە بە مەلا و مزگەوتیشەوە، ئەو ئەمنە کوردە ڕێک ١٧/ی شوباتمان بیر ئەخاتەوە کە چۆن هەڤاڵانی (ڕەبایا- لق)ی چوار به دوای خاڵکا به دەم تەق کردنەوە ڕایان ئەکرد ەەک ئەوەی ئەو خەڵکە بەرپرسی دزینی قووت و مووچە وداهاتی هەرێم بن ! ...ئای لە نزیکی ئەو دوو دیمەنە، هێشتا دیمەنی دەمانچە بەدەستەکانی ١٧/ی شوبات بە بەر چاومانا یەت و ئەچێت، ئێستا دیمەنی دەمانچە بە دەستەکەی مزگەوتەکانی هەولێریشی هاتە سەرو بوون و بە دوو دیمەنی تەواوکەری یەکتر، یەک سەرچاوە، یەک حیزب، یەک جۆر مامەڵە و بەرامبەر یەک جۆر خەڵک کە ئەویش خەڵکی مەدەنی بێ دیفاعی کوردە ....
ئەو ئەفەنیە ئاسایشە ، دەمانچەکەی معاش وئەقڵ و شەخسیەتێتی" کە هیچیانی نیە" ، بەرامبەر بە گەنجێکی کامێرا مان کە کامێراکەی سەرچاوەی بژێوی و گەیاندنی ۆێنەی واقیعەکانە بە خەڵک و دونیا ، بەڵام کاکی ئسایشی پارتی ئەڵێ بەم دەمانچەیە ڕێگە نایەم واقیعەکان بگەنە دەرەوە! لەبیری چووە واقیعەکان ڕۆژن و بەریان بە دەمانچە ناگیرێت...
دیمەنی ئەو دەمانچە بەدەستەی قژی کامێرامانێک ڕائەکێشێت پێمان ئەڵێت: ئەمە ئەو ئازادی وئارامییە کە حیزبی بنەماڵە ئەیانەوێت هەرێمی پێ بناسرێت، ئەو هەرێمەی پاش دەیان ساڵ خەبات و پاشان ڕاپەڕین، ئێستا ئەبێ ملکاچی دەمانچە بەدەستێکی سەر به بنەماڵەی دەسەڵات بیت!..
ئێوە سەیری ئەودەمانچە بەدەستە بکەن و قسە و گفتەکانی سەرۆکی پارتی بیر لێ بکەنەوە کە داوای دەوڵەتی سەربەخۆی کورد ئەکات ! جا ئەگەر ئەو دەمانچە بەدەستە وێنەی ڕیکلام کردن بێت بۆ ئەو دەوڵەتە، هەر لە ئێستاوە ئەو دەوڵەتە لە بنەماڵە و پارتی پیرۆز بێت و هەرێمی دەمانچە پێشکەش بە هەموودەمانچە بەدەستەکانی دەسەڵات بێت
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست