کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هستریا...

Tuesday, 21/02/2012, 12:00



 


زه‌مانی‌ به‌عس، بۆ به‌رگریكردن له‌ مافه‌كان، خه‌ڵك به‌ره‌وڕوی‌ هێزه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات ئه‌بوه، ‌كه‌ (جله‌ مغاویره‌)كان بو بونه‌ (سیمبولی‌) ده‌سه‌ڵات، ئه‌و هێزانه‌ به‌هه‌مو هه‌وڵێكیان ئه‌یانویست كه‌س وانیشان نه‌یات، كه‌ ده‌سه‌ڵات قسوری‌ هه‌یه‌ و به‌و خه‌ڵكه‌ ده‌وترا (تێكده‌ر ـــ مخرب) له‌ به‌رامبه‌ردا خه‌ڵكێك هه‌بو كه‌ پێیان ئه‌وترا (پێشمه‌رگه‌)و له‌ (شاخ)وه‌ هه‌وڵیان ئه‌دا ئه‌و خه‌ڵكه‌ بپارێزن... ساڵان هات و ساڵان رۆیشت، وێنه‌كه‌ گۆڕا، ده‌سه‌ڵاتی‌ شاخ، ده‌سه‌ڵاتی‌ شاره‌كانی‌ گرته‌ده‌ست، كاتێك هه‌رهه‌مان خه‌ڵك ئه‌ڕژێنه‌ سه‌ر جاده‌و كۆڵانه‌كان بۆ ده‌ربڕینی‌ ناڕه‌زایی خۆی‌ له‌ سیسته‌می‌ حوكمڕانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌وانه‌ی‌ شاخ، ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی‌ ناویان پێشمه‌ركه‌ بو به‌هه‌مان سیمبوله‌كه‌ی‌ ئه‌وكات (جلی‌ مغاویری‌) به‌رئه‌بنه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ و راگه‌یاندنه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتیش پێیان ئه‌ڵێ‌ (تێكده‌ر) له‌م دو وێنه‌یه‌دا ته‌نها خه‌ڵكه‌كه‌یه‌، كه‌ هه‌ر وه‌كو خۆی‌ ماوه‌و هه‌ر عه‌وداڵی‌ مافه‌كانی‌ خۆیه‌تی‌، له‌ به‌رامبه‌ریشدا هێزه‌كانی‌ به‌رامبه‌ر له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دوێنی‌ بوه‌ به‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌وانه‌ی‌ شاخ و ته‌نها گۆڕانكاری‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دوێنێ‌ (جلی‌ خاكی‌)یان له‌به‌رابو، ئه‌مڕۆ (جلی‌ مه‌غاویر)یی...
لێره‌دا راستیه‌ك یه‌ته‌پێشه‌وه‌ كه‌ پێمان ئه‌ڵێ‌ (كورد) بونی‌ ده‌سه‌ڵات هیچ پاساوێك نیه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ قه‌پ و قڕ ڵێی‌ دانیشێ‌ و ده‌سه‌ڵاتیش به‌ ئاره‌زوی‌ خۆی‌ چی‌ بوێت بیكات، له‌ دزی‌، له‌ناعه‌داله‌تی‌، له‌ دیكتاتۆرێتی‌، له‌ حوكمی‌ بنه‌ماڵه‌یی و... هتد.
له‌وه‌ش ناچێ‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ تێ بگات، یان خۆی‌ غه‌شیم ئه‌كات له‌وه‌ی‌ هه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه‌ی‌ دوێنێ‌ به‌رامبه‌ر به‌عس وه‌ستان، هه‌مو جه‌به‌روتی‌ ده‌سه‌ڵات نه‌یتوانی‌ (وره‌)یان بڕوخێنێ‌ و له ‌دواجاردا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ (شاربه‌ده‌ر)كرا، ئه‌مڕۆش هه‌رهه‌مان خه‌ڵكه‌ و هه‌مان داواكارییه‌، ئیتر ده‌سه‌ڵاتی‌ (كوردی‌) چۆن ئه‌توانێ‌ قه‌ناعه‌ت به‌خۆی‌ و به‌خه‌ڵكه‌كه‌ش بكات، كه‌ به‌كارهێنانی‌ توندوتیژی‌ خه‌ڵك (بێ‌ وره‌) ئه‌كات؟! له‌جیاتی‌ گوێگرتن له‌ داواكانی‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌، بڵاوه‌ پێكردنی‌ ئه‌و هێزه‌ زۆرو زه‌به‌ندانه‌، ئاسایش، پۆلیس، زێره‌ڤانی‌، پاراستن، زانیاری‌، هێزی‌ تایبه‌ت، سكرتاریه‌ت، چالاكی‌ مه‌ده‌نی‌... هتد، هه‌ر له‌سه‌ر حیسابی‌ بودجه‌ی‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ چ مانایه‌ك و چ په‌یامێكی‌ هه‌یه‌؟ ماناكه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات هه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌ و په‌یامه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كه‌س بیرله‌وه‌ نه‌كاته‌وه‌ له‌سه‌ر جاده‌كان (ناڕه‌زایی) ده‌رببڕن، بڕۆنه‌ ماڵه‌وه‌ به‌ئاره‌زوی‌ خۆتان هاواربكه‌ن، جوێن بده‌ن... به‌ڵام چونه‌ سه‌رجاده‌و دروشم وه‌ك كاره‌با خه‌ته‌ره‌ و (و قد اعژر من انژر)...
یه‌ك ساڵ به‌سه‌ر 17ی‌ شوبات تێپه‌ڕی‌، ده‌سه‌ڵات ئاماده‌ نه‌بو بۆ 17 سانیه‌ش چاكسازی‌ بكات! ئیتر ئه‌بێ‌ چاوه‌ڕوانی‌ چی بێت له‌و خه‌ڵكه‌ی‌ ساڵی‌ پار ئه‌و هه‌مو قوربانیه‌یان له‌پێناو چاكسازیدا به‌خشی‌؟ ره‌نگه‌ ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵات به‌و هێزه‌ (مه‌غاویر)یانه‌ی‌ بتوانێت خه‌ڵك سه‌ركوت بكا و رێ نه‌دا ناڕه‌زایی ده‌رببڕن... ئه‌ی‌ سبه‌ینێ‌؟! ئه‌ی‌ مانگێكی‌ تر؟ ئه‌ی‌ 17ی‌ شوباتی‌ ساڵی‌ ئاینده‌؟! ئه‌ی‌ دواتر! كار وا بڕوات ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ هه‌ر خه‌ریكی‌ دو شت ئه‌بێت، یه‌كه‌میان به‌رده‌وام بونی‌ له‌ پیاده‌كردنی‌ هه‌مان سیسته‌می‌ دیكتاتۆری‌ و دوه‌میشیان بڵاوه‌پێكردنی‌ هێز بۆ سه‌ركوتكردن و نه‌هێشتنی‌ ده‌نگی‌ ناڕه‌زا...
سه‌یره‌! ئێران و توركیا به‌ ئاره‌زوی‌ دڵی‌ خۆیان له‌ خاكی‌ هه‌رێم ته‌راتێن ئه‌كه‌ن كه‌چی‌ یه‌ك (جله‌ مغاویر) نوتق ناكات، كه‌چی‌ به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی‌ كورد، هه‌مان ئه‌و خه‌ڵكه‌ی‌ به‌ (راپه‌ڕین) ده‌سه‌ڵاتی‌ شاخی‌ هێنایه‌ شاره‌كان، سڵ له‌ به‌كارهێنانی‌ هیچ زه‌برو زه‌نگێك ناكاته‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتێك كه‌ بڵێ‌ له‌سه‌دا حه‌فتای‌ خه‌ڵك ده‌نگی‌ پێداوه‌و به‌ هه‌زاران كه‌س ئاماده‌ن خۆیان له‌پێناویدا بته‌قێننه‌وه‌ بۆ وا له‌ ده‌نگی‌ ناڕه‌زایی خه‌ڵك ئه‌ترسێ‌ و توشی‌ (هستریا) بوه‌؟ ده‌سه‌ڵات ئاگای‌ لێیه‌ (فیدائی‌ سه‌دام) چییان لێ هات! ئاخۆ (فیدائی‌)ه‌كانی‌ ئه‌مڕۆ به‌ختیان له‌وانه‌ی‌ دوێنێ‌ باشتر بێ‌، گه‌ر بچن به‌گژ خه‌ڵكی‌ رژاوی‌ سه‌رجاده‌كان؟...
17ی‌ شوبات مێژوه‌و به‌خوێنی‌ (رێژوان) یه‌كه‌م دێڕی‌ نوسرا، شه‌هیدانی‌ تر مێژوه‌كه‌یان پڕكرده‌وه‌، چه‌ك و (جلی‌ مغاویر) خه‌ڵك ئه‌كوژێ‌، به‌ڵام ناتوانێت مێژو بكوژێ یان بگۆڕێت...
ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردی‌ ده‌یان مێژوی‌ له‌ بیر خۆی‌ بردۆته‌وه...، به‌ڵام 17ی‌ شوبات له‌ بیرناچێ‌ چونكه‌ خه‌ڵك به‌ خوێنی‌ خۆی‌ و له‌پێناو مافی‌ خۆی‌ نوسیوه‌و هه‌ر هه‌نگاوێكی‌ دژایه‌تی‌ خه‌ڵك، هه‌نگاوێك ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ نزیك ئه‌كاته‌وه‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە