قه‌وان
Sunday, 03/02/2013, 12:00
... هه‌رجارێك ده‌سه‌ڵات، پاساوێكی بۆ مه‌سه‌له‌ی "گه‌نده‌ڵی" هێنابێته‌وه ده مه‌تر بڕی نه‌كردوه و پاش ماوه‌یه‌ك بۆ نوكته‌یه‌كی تر گه‌ڕاوه بۆئه‌وه‌ی (عه‌باپۆشی) خۆی پێ بكات...
ماوه‌یه‌ك وتیان "گه‌نده‌ڵی كەلتوره!" به‌ڵام كه ده‌ركه‌وت گه‌نده‌ڵی و كەلتور مه‌شریق و مه‌غریب دورن له یه‌ك، قاز و قوڵنگه‌كانی ده‌سه‌ڵات كه‌وتنه ده‌یرانێكی تر: "گه‌نده‌ڵی به‌شێكه له قۆناغی گواستنه‌وه!" ئێستا ده‌سه‌ڵات ئه‌ڵێ له به‌رامبه‌ر گه‌نده‌ڵی، چاكسازی پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامه! به‌ڵام كه‌س نازانێ ئه‌و پرۆسه‌یه كه‌ی ده‌ركه‌تی كردوه و كێ سلفه‌یه‌كی لێ یاوه و ئێستا گه‌شتۆته كوێ! ره‌نگه ئه‌مه په‌یوه‌ندی به ئاسایشی نه‌ته‌وایه‌تیه‌وه هه‌بێت، بۆیه كه‌شف ناكرێت، بۆیه ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وایه‌تی له بودجه‌ی ئه‌مساڵ داوای پاره‌ی بۆ كڕینی "پاسكیل" كردوه، له‌وانه‌یه بۆ موراقه‌به‌ی خێرایی چاكسازی پێ بكرێ له‌و شوێنانه‌ی رێگه‌ی سه‌یاره‌ی له‌سه‌رنیە!...
ـــ له هه‌موی سه‌یرتریش ئه‌وه‌یه هه‌ر كاتێك ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی بكه‌وێته گفتوگۆ له‌گه‌ڵ موعاره‌زه، ئه‌ڵێت ئه‌بێ "میكانیزم"ێكی گونجاو بدۆزینه‌وه بۆ چاكسازی... ئه‌م ده‌سه‌ڵاته بۆ چاكسازی زۆر نه‌شاره‌زایه، به‌ڵام بۆ راپه‌ڕینی كاره‌كانی خۆی، "شازی میكانیزم" ئه‌دۆزێته‌وه و قه‌ت په‌كی ناكه‌وێ، ئه‌وه بۆ له ئه‌نفال كردنی بودجه و قوتی خه‌ڵك به ده‌یان میكانیزم ئه‌دۆزێته‌وه، به‌ڵام بۆ چاكسازی سوبحانه الله ده‌ستی پان ئه‌كاته‌وه بۆ "میكانیزم"! ده‌سه‌ڵات كه بۆ مسۆگه‌ركردنی داهاتی نه‌وت و گومرگ و شاردنه‌وه‌ی له خه‌ڵك، میكانیزمی وا ئه‌دۆزینه‌وه كه‌م ده‌سه‌ڵات شان له شانی ئه‌یا كه‌چی بۆ چاكسازی هه‌رێم داوای میكانیزم له موعاره‌زه ئه‌كات، دیاره ده‌سه‌ڵات لێی تێكچوه كه لایه‌نی "گه‌نده‌ڵ" كێیه، چونكه ئه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵكاره هه‌ر خۆیشی ئه‌شتوانێ كار بۆ چاكسازی بكات، جگه‌له‌وه‌ش له خۆسه‌پاندن به‌سه‌ر حكومه‌ت و پارله‌مان، ده‌سه‌ڵات میكانیزمی وای دۆزیوه‌ته‌وه، گه‌ر موعاره‌زه نه‌بوایه، كه‌م كه‌س دركی پێ ئه‌كرد، به‌ڵام بۆ چاكسازی له جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆك و حیزب له حكومه‌ت و پارله‌مان، ده‌سه‌ڵات هه‌ر خه‌ریكی كۆكردنه‌وه‌ی مه‌علوماته له‌سه‌ر "میكانیزم"! ره‌نگه دواجار هه‌مو گوناه و تاوانه‌كه بخاته پاڵ موعاره‌زه و بڵێ: تا "میكانیزم"ێكم بۆ نه‌دۆزیته‌وه، هه‌ر خه‌ریكی گه‌نده‌ڵی خۆم ئه‌بم و په‌یجی خۆت بۆ خۆت و بودجه‌ی خۆم بۆ خۆم!
باسكردنی چاكسازی و نیه‌تی چاكسازی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه، وه‌ك گرامه‌فۆنه كۆنه‌كانه، هه‌ر كه‌سه ده‌رزییه‌كی ئه‌شكا، ئیتر قه‌وانه‌كه هه‌ر ئه‌گه‌ڕایه‌وه ئه‌و شوێنه‌ی له‌سه‌ری وه‌ستابو و هه‌رهه‌مان مۆسیقا و كۆپله دوباره ئه‌بێته‌وه، چاكسازیش ده‌رزیه‌كی شكاوه و ئه‌بێ به ده‌ست لاببرێت... به‌ڵام كه‌ی؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست