کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەرێمى سەوز پڕبوە لەگروپى ترسناك!

Friday, 23/09/2011, 12:00





كەم نەبوون ئەو رۆِشنبیرو ڕۆژنامەنووسە جدیانەى كەدوابەدواى كۆتاى هاتنى چەپڵەڕێزانەكەى كۆنگرەى سێى یەكێتى, ترسێكى گەورە بەنوسینەكانیانەوە دیاربوو لەبەرامبەر ئەو گۆڕانكاریەدا و گەیشتنى چەند بەرپرسێكى ئەمنى وسەربازى بەئاستى مەكتەب سیاسی و سەركردایەتى ئەوحیزبەى ئەمڕۆ فەرمانڕەوای هەرێمى سلێمانى ودەوروبەرى دەكات, لەبەرامبەر ئەم ڕەخنەجدیانەشدا كەم نەبوون كارمەندو موچەخۆرەكانى ئەو حیزبە كەبەڕاستوچەپ وەك پیشەى هەمیشەییان پەلامارى ئەو نوسەرو ڕۆشنبیرانەیان دەدا لەبەرامبەر ئەو ڕەخنە لۆژیكى ومەنتقیانەدا كەلەئێستادا بەڕونى دەرەنجامەكەى بەدیاركەوتوە.

لەدواى كارەساتە خوێناویەكەى حەڤدەى شوباتەوە یەكێتى لەحیزبیكى سەنترالەوە ئاراستەى گۆڕاوە بەرەوە ژمارەیەك گروپى چەكدار, كەترسى ئەم كۆمەڵە گروپە چەكدارانە دەیان ئەوەندەى ئەو سیستەمى بەبنەماڵەكردنەى حیزب ترسناكترە كەلەڕابردودا پەیڕەوكراوە, ئەم مۆدێلى حوكمڕانیكردنە لەئێستادا بەتەواوى ئاستى دیموكراسیەتى یەكێتى دەخاتە ژێر پرسیارەوە, (هەڵبەت مەبەست لەو دیموكراسیەى كەلاى سكرتێرو بەرپرس وكادیرو بەشێك لەلایەنگرانى ئەوحیزبە دروست بوە, نەك لەزهنى كەسانى ڕۆشنفیكرو ڕاى گشتى شەقامدا, چونكە لەراِستیدا هەر لەئەزەلەوە ئەو دیموكراسیە تەندروستە وجودى نەبوە كەبانگەشەى بۆكراوە).

هەروەك وتمان ئەوەى ئەمڕۆ لەهەرێمى سەوزدا دەگوزەرێت زۆرترسناكرترە لەوسیستەمە ناتەندروستەى دووبنەماڵە مەزنەكەى تاڵەبانى وبارزانی كەلەماوەى بیست ساڵى ڕابردوودا پەیڕەویان كردوە, لەدەستبەسەراگرتنى دەیان هەزار مەتر زەوى و بەتاڵانبردنى موڵكوماڵى دەوڵەتەوە بیگرە تاكو ئەم فەرهەنگەیان شۆركردۆتەوە بۆناو هەناوى كۆمەڵگا تادەگاتە دابەشكردنى (شیعرو شاعیر, هونەرو هونەرمەند, وەرزش و وەرزشەوان,...تەنانەت دابەشكردنى ڕەنگ و ناو وشەو...هتد), بەڵام ئەوەى لەئێستادا لەمەهزەلەكانى ڕابردووى دووبنەماڵەكە ترسناكترە, دابەشكردنى ئینسانە چەرچى و شەلاتى وچەقۆكێشەكانە بەسەر بەرپرسەكاندا, بەجۆرێك ئەم مۆدێلى ترسناكە لەكۆمەڵگادا حوكم دەكات, كە هەربەرپرسەو گروپێكى مافیاى تایبەت بەخۆى هەیە كەلەسەرۆك باندێكو ژمارەیەك عەنتەرو چەقۆكێش گروپەكە پێك هاتوە!, لەوەش ترسناكتر ئەوەیە هەریەك لەم گروپانە بە فرمانى بەرپرسێك دەجوڵێندرێن و ئەوەى بەرپرسى ناوبراو بخوازێت ئەم گروپە جێبەجێى دەكەن.

ئەم گروپ گروپێنە بۆتە مۆدێل!, چۆن لەڕابردووداو هەتائەمڕۆش هەربەرپرسەو بەهەزاران دۆنم زەوى داگیر كردوە, هەربەرپرسەو هەوڵى هەرچى زۆرتر دامەزراندنى خزم و عەقرەبەو ناسیاوەكانى خۆى داوە بۆگەیشتن بە پۆست وپلەو پایەى سیاسى وسەربازى وحكومى, هەربەرپرسەو پێشبڕكێى لەسەر فەرهودو بەتاڵانبردنى موڵكو ماڵى میللەت كردوە, لەئێستاشدا هەمان ئەو مۆدێلى پێشبڕكێیە لەناوبەرپرسەكاندا بەگشتى و بەرپرسەكانى هەرێمى سەوز بەتایبەتى بەدیدەكرێت, لەكۆكردنەوەى پیاوە ناشرین وبودەڵەو بەدڕەوشتەكانى كۆمەڵگا لەچواردەورى خۆیان.

قسەكردن لەسەرئاستى دیموكراسى ومەوداكانى زیاترى ئازادى ڕادەربڕین لەسنورى ئیدارەى حكومڕانیكردنى یەكێتیدا بەراورد بەناوچەكانى ژێردەسەڵاتى پارتى, ئەگەرچى بەتەنها لە زیهنى چینى ڕۆشنبیرو ڕۆژنامەنووساندا چەكەرەى نەكردبوو, بەڵكو لەئایدیاى زۆرینەى ڕاى گشتى شەقامدا دروست ببو, زۆرینەى خەڵكى شەقام پێیان وابوو هێشتا كەمێك نەفەسەكانى دیموكراسى و ئازادى ڕادەربڕین و دەنگى جیاواز لەسنوورى یەكێتیدا بونى هەیە, وەلێ بەتایبەت لەدواى خۆپیشاندانە جەماوەریەكەى خەڵكى ڕاپەڕیوى سلێمانى و شارو شارۆچكەكانى دەوروبەرى, پاشانیش لەئێستادا ئەو سوكایەتیپێكردن و فڕاندن و ئەشكەنجەدانەى چینى ڕۆشنبیرو نوسەرو ڕۆژنامەنوسان, هەموو ئەوقسەگەلانە بەتاڵ دەكاتەوەو, ئێستا دیموكراسى وئازادیەكەى هەرێمى سەوز لەژێر ڕەحمەتى كۆمەڵێك گروپ وتاقمى مافیاو چەقۆكێش دایە!.

گەورەترین ترسێكیش كەلەئێستادا دروست بوە, وەك لەسەرەتادا باسمان كرد بەتەنها ئەو بەرپرسانە نین كەهەریەك خاوەنى گروپێكى مافیاى تایبەت بەخۆیانن, بەڵكو ئەم مۆدێلى مافیا گەراییە هێزە ئەمنى وسەربازیەكانیشى گرتۆتەوە, تەنانەت بەرپرسانى ئەم هێزانەش لەئێستادا هەریەك خاوەنى گروپێكى تایبەت بەخۆیانن, ئێمە لێرەدا باسى ئەوهەموو هێزەئەمنیە ترسناك ودەمامكدارانە ناكەین بەتایبەت كەلەڕۆژانى خۆپیشاندانەكاندا بەرچاومان كەوتن, بەڵكو تەنها هەرسەرپێیانە ناوى چەند گروپێك دێنین كە تەنها لەماوەى چەند مانگى ڕابردوودا كارى هەڵكوتانەسەرو فڕاندن و لێدانیان ئەنجام داوە, لەوانە: (گروپى هەڵكوتانەسەر ئەحمەد میرەى سەرنوسەرى گۆڤارى لڤین, گروپى لێدان و ئەشكەنجەدانى ڕۆژنامەنووس ئاسۆس هەردى, گروپى فڕاندن و فەلاقەكردنى نوسەرو ڕۆشنبیر ڕێبین هەردى, گروپى داركاریخانەكەى بەردەركى سەرا لەكاتى خۆپیشاندانە جەماوەریەكەدا, چەند گروپێكى دیكەى تایبەت بەو لێدان و هەڕەشە و سوكایەتى پێكردنانەى كەبەرامبەر دەیان ڕۆنامەنووسى میدیا ئەهلى وسەربەخۆكان ئەنجامدران لەهەڵمەتى هەڵبژاردنەكان و خۆپیشاندانە جەماوەریەكەى 17ى شوبات و ڕۆژانى دواتر, كەدەكرێت بڵێین هەندێك لەوگروپانە بەرپرسێكى سیاسى یان سەربازیان لەپشتەوەبوو.

لەئێستادا هەرێمى سەوز پڕبوە لەدەیان گروپى ترسناك, ئێستا ئەوەى حوكمى هەرێمەكەى تاڵەبانى دەكات بەتەنها خودى تاڵەبانى خۆى نیە, بەڵكو دەیان گروپى مافیاى سەربە بەرپرسەكانى حیزبەكەى تاڵەبانین!, بەجۆرێك ئەم گروپانە كاردەكەن هەریەك بەئاڕاستەو ویستى بەرژەوەندى بەپرسێك بەبێ گوێدانە یاساو ڕێزگرتن لەكۆى بەها ئەخلاقیەكان, لەئێستادا كێرڤى ئەم ترسە بەجۆرێك بەرزبۆتەوە گەیشتۆتە ئەو ڕادەیەى بەتەنها لەناو هەرێمى سەوزدا هەربەرپرسەو خاوەنى یاساو حوكم و دەسەڵات و فرمانى خۆیەتى!.

[email protected]


 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە